لە نێوان بەڵێنی کارەبا و نۆرەی بەنزیندا؛ ڕۆژگارە سەختەکانی هاووڵاتییانی هەرێم
٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەژێر گوشاری پچڕانی بەردەوامی کارەبادان کە ڕۆژانە زیاتر لە ١٢ کاتژمێر لەهەندێک ناوچە دەبڕدرێت، دوای چەندین مانگ لە بەڵێنی حکومەت بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، قەیرانێکی تری سەخت بەرۆکی خەڵکی گرتووە، نەمانی بەنزین و وەستان لە نۆرەی بەنزیندا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر.
ئەم ڕەوشە ئاڵۆزە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا نرخی بەنزین جێگیر و کەم بكاتەوە (نۆرماڵ بە ٧٥٠-٨٥٠، موحەسەن بە ١٠٠٠، سوپەر بە ١٢٠٠ دینار).
بەڵام دڵخۆشیی خەڵک بە دابەزینی نرخەکان تەنها چەند کاتژمێرێکی خایاند، ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکە، بەنزین لە بەنزینخانەکاندا بە تەواوی نەمان و سەدان بەنزینخانە دەرگاکانیان داخست.
خاوەن بەنزینخانەکان دەڵێن: "کۆگاکانمان بەتاڵن و بەو نرخەی حکومەت دیاریکردووە هیچ بەنزینێک لە بازاڕدا نییە بکڕدرێت."
بڕیارێکی بێئامادەکاریی و هەڵکشانی قەیرانەکە
پێداویستیی ڕۆژانەی هەرێم نزیکەی ٦ ملیۆن لیتر بەنزینە، بەڵام وەزارەت تەنها كەمتر لە ٢ ملیۆن لیتر بەنزینی ئاسایی دابین کردووە و لە دابینکردنی جۆرەکانی (موحەسەن و سوپەر) بە تەواوی دەستەوەستان بووە.
کەمبوونەوەی بەنزین ئاسەواری خراپی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانە:
سەرهەڵدانی بەنزینی ساختە: بازاڕی ڕەش و بەنزینی تێکەڵ بە نەوت و ئاو گەرم بوو، کە بووە هۆی سووتانی بەلایەنی کەمەوە سێ ئۆتۆمبێل.
گەرمبوونی بازاڕی بەنزینی جلیکان: فرۆشتنی بەنزین لەسەر شۆستەکان گەڕایەوە و بەشێک لە هاووڵاتییانیش ڕوویان لە بەنزینخانەکانی شاری موسڵ کرد.
پەککەوتنی گوزەرانی خەڵک: فەرمانبەران ئۆتۆمبێلەکانیان لە مالەوە هێشتەوە، شۆفێرانی تاکسی لە کارکەوتن و گەشتیارانیش لە نێوەڕاستی ڕێگەکاندا پەکیان کەوت.
یەکنەگرتوویی ئیداری و ململانێی سیاسی
قەیرانەکە دوو ئیدارەیی هەرێمیشی تۆختر کردەوە؛ پارێزگای سلێمانی ڕەتیکردەوە بڕیارەکەی حکومەت جێبەجێ بکات و نرخە کۆنەکانی هێشتەوە (١١٥٠ تا ١٥٠٠ دینار)، بەوەی بەنزینخانەکان ڕایانگەیاند بەپێی "خستنەڕوو و داواکاریی بازاڕ" دەفڕۆشن. بەڵام لە هەولێر و دهۆک، هاووڵاتییان لە گێژاوی نۆرەبڕین و گەڕان بەدوای لیترێک بەنزیندا مانەوە.
لە گەرمەی ئەم قەیرانەدا، کەناڵە حزبییەکان و سۆشیاڵ میدیا سەرقاڵی تۆمەتبارکردنی یەکتر و دروستکردنی سیناریۆ بوون؛ لە کاتێکدا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن ڤیدیۆی ڕۆیشتنی کاروانی تانکەرەکانی نەوتیان بەرەو تورکیا بڵاودەکردەوە و دەیانپرسی: "ئایا ئەم بارانە شەربەتی مێوژن کە هەناردە دەکرێن، لەکاتێکدا ناوخۆ سووتەمەنی نییە؟"
بێدەنگیی حکومەت و ڕەگی کێشەکە
دوای پێنج ڕۆژ لە بێدەنگی، وتەبێژی حکومەت کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا کە هیچ چارەسەرێکی کرداریی تێدا نەبوو. وەک پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح ئاماژەی پێداوە، کێشەکە لە توانای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گەورەترە؛ چونکە پاڵاوگە نەوتییە تایبەتەکان دەسەڵاتیان لە بڕیارەکانی حکومەت زیاترە و قازانجی خۆیان خستۆتە سەرووی پێداویستییەکانی خەڵکەوە.
لە نێوان بڕیاری بێسود و ململانێی سیاسییەکاندا، هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لەژێر گەرمای هاویندا دەبێت چاوەڕێی ساتی هاتنەوەی کارەبا یان گەیشتنی نۆرەکەی بێت لە بەنزینخانەکاندا، کێشەیەک کە دیار نییە کەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ دەدۆزرێتەوە.