پارە لە دەبەی ترشی و ئازار لە دڵی شەقامدا: داستانی گەندەڵی و بێهیوایی لە بەغدا

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ

پارە لە دەبەی ترشی و ئازار لە دڵی شەقامدا: داستانی گەندەڵی و بێهیوایی لە بەغدا

پەنجەرە

لە چایخانە و کافێکانی بەغدا، کاتێک خەڵک هەواڵی نوێ لەبارەی دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی پارە یاخود قاڵبە زێری بەرپرسان دەبیستن، چیتر وەک پێشتر دووچاری سەرسوڕمان نابن! 

خەڵک بە گاڵتە و بەدڵێکی پڕ لە ئازارەوە بڕوا بەم هەواڵانە دەکەن، بەڵام هەست دەکەن شەڕی گەندەڵی لەبری ئەوەی بە یاسا و دادگا بێت، بووەتە نمایشی سەر شاشەی تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

حکومەتی نوێ کە هات، بەڵێنیدا پارە دزراوەکان بگەڕێنێتەوە. بەتایبەت دوای ئەو هەڵمەتەی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ دەستی پێکرد، هەفتە نییە نەڵێن: "دەیان ملیار دینارمان گەڕاندووەتەوە و باندی دزیمان گرتووە". 

بەڵام کاتێک سەیرێکی دۆخەکە دەکەیت، دەبینیت هەڵمەتەکە هێواش بووەتەوە و تەنها لەسەر چەند کەسێک جێبەجێ دەکرێت، لەکاتێکدا گەندەڵکارە گەورەکان و حیزبە دەستڕۆیشتووەکان کێشەیان بۆ دروست نەکراوە و هەموو شتێک بە "ڕێککەوتنی سیاسی" کۆتایی پێدەهێنرێت.

پارەکان لە کوێ دەشارنەوە؟

سەیرەکە لەوەدا نییە کە گەندەڵکاران پارەیان دزیوە و خاوەن هەموو شتێکن، بەڵکو لەوەدایە پارەکانیان بە شێوازێکی زۆر سادە و سەیر شاردووەتەوە؛ وەک دزەکانی سەدان ساڵ لەمەوبەر!
پۆلیس پارە و قاڵبە زێڕی لە ناو "دەبەی ترشی"، "گۆزەی ئاو"، ناو دیواری ماڵان و تەنانەت لە ژێر خاکی کێڵگە چۆڵەکاندا دۆزیوەتەوە!

ئەم دیمەنانە وای لە خەڵک کردووە بە گەڵتەجارییەوە بپرسن: ئەم دزانە ئەوەندە عەقڵیان سادەیە، بەم شێوازە سەرەتاییانە سەروەتی وڵاتیان شاردووەتەوە؟ ئەی ئەم جۆرە کەسانە چۆن بوونەتە  بەرپرس و وڵاتیان بەڕێوە بردووە؟!
چالاکوانێک دەڵێت: "شەرمەزارییە! نەک هەر سامانی گشتییان دزیوە، بەڵکو شێوازی شاردنەوەشیان ئەوەندە نزمە، تەنانەت ناوبانگی دزە شارەزاکانیشیان زڕاندووە!"

خەڵک پرسیار دەکەن: دادگا و لیژنەکانی چاودێری لەم هەموو ساڵەدا لە کوێ بوون؟
 دووکانکارێک لە کەڕادە دەڵێت: "ئێمە دەمانزانی دەبەی ترشی بۆ هەڵگرتنی خواردنە، کەچی ئێستا دەبیستین ملیۆنان دۆلاری تێدایە! کێشەکە ئەوەیە: دوای ئەوەی پارەکە لەبەر کامێرا نیشان دەدرێت، بۆ کوێ دەبرێت؟"
 
فەرمانبەرێکی خانەنشینیش دەڵێت: "ئەم هەموو پارەیە لەلای یەک بریکاری وەزیر دۆزراوەتەوە، ئەی ئەگەر دۆسیەی وەزیر و سەرکردە گەورەکان هەڵبدرێتەوە چی تێدایە؟"

دەوڵەت پارەی شاردراوەی هەیە، کەچی گەنجان بێکارن!

کاتێک هاوڵاتییانی عيراق وێنەی فەردە پارە دەبینن کە لە کێڵگەکاندا خراونەتە ژێرخاک  و کەس کەڵکی لێ وەرناگرێت، ئازارەکە زیاتر دەبێت چونکە هەزاران گەنجی دەرچووی زانکۆ بەدوای ئیشدا دەگەڕێن و دەناڵێنن.

گەنجێکی ٢٢ ساڵان کە لە بازاڕی شۆرجە عەرەبانە پاڵ دەنێت تا کرێی زانکۆکەی دابین بکات، دەڵێت: "ڕۆژانە باری قورس دەبەم تا بژێویم دابین بکەم، کەچی لە فەیسبووک دەبینم ملیۆنان دۆلار لە ژێر خاک دەر دەهێنرێت! ئەگەر ئەم پارەیە کارگەی پێ دروست کرابا، ئێمەی گەنج نەدەبوو بە ساڵان بەدوای ئیشدا بگەڕێین."

کچە دەرچوویەکی بەشی پزیشکیش دەڵێت: "چاکسازی ڕاستەقینە بە وێنەگرتن لە پەنای دەبەی پڕ لە پارە ناکرێت. ئێمە هیچی نوێمان نەبینیوە، نە دۆخی نەخۆشخانە باش بووە نە قوتابخانە. تەنها دەیانەوێت بە بریقەوباقەی زێڕ خەڵک مەشغووڵ بکەن."

دووبارەبوونەوەی سیناریۆکان

مێژووی عێراق نیشانی داوە کە ئەم هەڵمەتانە تەنها بۆ ئارامکردنەوەی شەقامن. لە حکومەتی پێشتریشدا ۲.٥ ملیار دۆلار دزرا (کە بە دزینی سەدە ناسرا)، کەچی تاوانباران بە کەفالەت هاتنە دەرەوە و ڕایانکردە دەرەوەی وڵات!
شارەزایان دەڵێن، دەستبەسەرداگرتنی پارەی یەک دوو کەس و لێخۆشبوون لە کەسانی تر لە بەرامبەر ڕێککەوتنی سیاسی، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات.

بەرای چاودێران "دەبێت دادپەروەری کوێر بێت! واتە سەیر نەکات فڵان گەندەڵکار سەر بە کام حیزبە. هەرکەسێک دزی کردووە، دەبێت بچێتە دادگا.

پێویستە چی بپکرێت؟

دەستپێشخەرییەکی مەدەنی بەناوی "عێراقییەکان" ڕایگەیاندووە کە گەندەڵی لە عێراقدا لە ڕەفتاری تاکەکەسی دەرچووە و بووەتە سیستەمێک کە حیزبەکان بەکاری دەهێنن.
ئەوان داوا دەکەن بنەمای "ئەمەت لەکوێ هێنا؟" بەسەر هەموو بەرپرساندا جێبەجێ بکرێت.

 دادگاییکردنەکان ئاشکرا بن و لەبری گرتنی چەند ناوێکی دیاریکراو، تەواوی سیستەمە گەندەڵەکە هەڵوەشێنرێتەوە، چونکە بەبێ دروستکردنی دەوڵەتی یاسا، نیشتمان ناگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو