لە نێوان واشنتۆن و بەغدادا؛ ئایندەی هەرێم بەرەو کوێ دەچێت؟

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ

لە نێوان واشنتۆن و بەغدادا؛ ئایندەی هەرێم بەرەو کوێ دەچێت؟

پەنجەرە

ئاماژە سیاسی و مەیدانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا بەخێرایی بەرەو پاشەکشە دەچێت. 
ناوەندە شیکارییەکان هۆشداریدەدەن کە هەرێم لە بەردەم مەترسیی داماڵینی پلەبەندیی دەسەڵاتە دەستوورییەکانیدایە، تا ئەو ئاستەی ببێتە ئیدارەیەکی خۆجێیی بەستراوە بە بڕیارەکانی بەغداوە.

ئەم پاشەکشەیە بە پلەی یەکەم بەهۆی گۆڕانی ستراتیجیی واشنتۆن، کەرتبوونی ریزی لایەنە کوردییەکان و پەککەوتنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمەوە ڕوودەدات.

کەمبوونەوەی قورسایی لە واشنتۆن و بەغدا

سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن و ئیمزاکردنی ٤٨ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی ئابووریی بە بەهای دەیان ملیار دۆلار، ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ گۆڕانی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوە. وێڕای ئامادەیی بەرپرسانی کورد لە شاندەکەدا، بەشداریکردنیان زیاتر وەکو فەرمانبەری دەوڵەتی فیدراڵ بوو، نەک نوێنەری سەربەخۆی هەرێم.

  ئەمریکا و هەرێم

واشنتۆن چیتر وەک هاوپەیمانێکی  بێمەرج سەیری کورد ناکات، بەڵکو بەرەو پشتگیریی حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز لە بەغدا هەنگاو دە نێت بۆ پاراستنی وەبەرهێنان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
 
کۆنترۆڵکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا، ئیدارەدانی مەرزەکان و دیاریکردنی بودجە لەلایەن دادگای فیدراڵی و بەغداوە، بە کردەیی دەسەڵاتە ئابوورییەکانی هەولێری لاواز کردووە.

لە ڕووی ئەمنییەوە، بڕیاری بڕینی بەشێکی زۆری هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی پنتاگۆن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆتایی ئەمساڵدا، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی مەترسیدارە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە هاوکارییەکان بۆ سوپای عێراق بەردەوامن و ئامادەکاریش بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکرێت، ئەمەش داهاتووی ئامادەیی سەربازی ئەمریکا لە هەولێر دەخاتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە.

گەرەنتیی دەستووری بەرامبەر واقیعی هێز

ئەگەرچی لە ڕووی یاساییەوە دەستووری عێراق (ماددەی ١٢٦) ڕێگە نادات دەسەڵاتەکانی هەرێم بێ ڕەزامەندی پەرلەمان و ڕاپرسیی خەڵکی کوردستان کەم بکرێنەوە، بەڵام شارەزایان جەخت دەکەنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا "دەقی یاسایی بە بێ هێزی کاریگەریی سیاسی بەتاڵ دەکرێتەوە."

دەرئەنجام

ئایندەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر بەستراوەتەوە بە توانای هێزە کوردییەکان بۆ چاکسازیی ناوخۆیی، پێکهێنانی حکومەت و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا. بەبێ ناوماڵێکی ڕێکخراو و گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی بڕیار لە بەغدا، دەقە دەستوورییەکان بە تەنیا ناتوانن بەر بە پاشەکشەی زیاتری هەژموونی هەولێر بگرن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو