وردەکاریی هێرشی ئەمەریکی- سعودی بۆ سەر حەشدی شەعبی
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:٠٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماری سەرەتایی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکی-سعودی بۆ سەر بارەگاکانی لە چەند پارێزگایەکی عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکاندا لانی کەم ٢٠ چەکداریان کوژراون و ٣٢ی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی حەشدی شەعبی، هێرشەکان بارەگا فەرمییەکانی دەستەکەیان لە پارێزگاکانی بەغدا، واسیت، نەینەوا، بەسرە، کەرکووک، کەربەلا و دیالە کردووەتە ئامانج. جگە لە زەرەر و زیانە گیانییەکان، زیانی مادیی جۆراوجۆریش بەر ئۆتۆمبێل، کەرەستەی سەربازی و شوێنی جێگیربوونی هێزەکانیان کەوتووە.
دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لیژنە تایبەتمەندەکانیان لە شوێنی ڕووداوەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکان و وردبینیکردنی زانیارییەکان، هەربۆیە ئاماری ڕاگەیەندراوی قوربانییان سەرەتاییە و لەگەڵ تەواو بوونی ڕاپۆرتە مەیدانییەکاندا ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و برینداران هەیە.