میدیای لوبنان: لەماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا لە عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر سعودیە

٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:١٦ پاش نیوەڕۆ

میدیای لوبنان: لەماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا لە عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر سعودیە

پەنجەرە

ڕۆژنامەی "الأخبار"ی لوبنانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە هێزەکانی بەرەی موقاوەمە لە عێراق  لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا، وەڵامی سەربازیی هێرشەکانی ئەمەریکا و سعودیە دەدەنەوە.

شەوی ڕابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشە ئاسمانییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سعودیە ئەنجام داوە و «کۆگاکانی چەک و پاڵپشتیی لوجستیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق»یان کردووەتە ئامانج. ئەمریکا ئەو گرووپانەی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە پشتی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر دامەزراوەکانی وزەی سعودیە و هێزەکانی ئەمریکاوە بوون.

لە بەرامبەردا، دەستەی حەشدی شەعبی کوژرانی ٢٠ چەکدار و برینداربوونی ۳۲ کەسی دیکەی ڕاگەیاند. هاوکات کەناڵەکانی ئێرانیش ئاماژەیان بە کوژرانی ٤ راوێژکاریی "سوپای پاسداران" کردووە کە لە ناو ئەو شوێنانەدا ئامادەییان هەبووە.

دوای ڕووداوەکە، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەست. 

ئەنجومەنەکە «دەستدرێژی بۆ سەر عێراق»ی شەرمەزار کرد و ڕەتیکردەوە هیچ جۆرە «پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی» قبووڵ بکرێت. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد تاوەکو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڵگەنامەی ئەم پێشێلکارییانە تۆمار بکات، هاوتەریب لەگەڵ دارشتنی پلانێکی ئاسایش بۆ ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ، جەختیشیان لە بەردەوامیی پلانی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەڵوێستی حکومەت نەیتوانیوە تووڕەیی گرووپە چەکدارەکان هێور بکاتەوە، چونکە ئەوان پێیان وایە بەیاننامەی شەرمەزارکردن بە تەنیا بەس نییە. لەم چوارچێوەیەدا «موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق» بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و تا ٦ی ئابی داهاتووی دیاریکرد بۆ حکومەت تاوەکو توانای خۆی لە وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکان بسەلمێنێت. 

لە بەیاننامەکەدا هاتبوو «وەڵامدانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان حەتمییە و ڕوودەدات، هەروەها لەوانەیە سعودیەش بکرێتە ئامانج ئەگەر بارودۆخی مەیدانی ئەوە بخوازێت، بەڵام هەر جووڵەیەک دوا دەخرێت بۆ دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی زیارەتی چلە».

سەرچاوەیەک لە یەکێک لە گرووپەکان بۆ ڕۆژنامەی "الأخبار"ی ئاشکرا کردووە: "هێزەکانی موقاوەمە بەرەو ئەوە دەچن لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا وەڵامێکی کرداری بدەنەوە"، ناوبراو جەختیشی کردەوە کە بە ئامانجگرتنی عێراق لەلایەن سعودییەوە "بێ باج تێناپەڕێت". 
ئەو بەرپرسە پێی وابوو کە "کەرەستەی ئەم دەستدرێژییە کۆتایی بە هەر جۆرە دانوستانێک دەهێنێت دەربارەی ڕادەستکردنەوەی چەک"، و وتی: "هەرکەسێک باسی قۆرخکردن یان داماڵینی چەکی کردبێت، وەڵامی کرداریی وەرگرتەوە؛ چەکی موقاوەمە دەمێنێتەوە و ناکرێتە بابەتی سازش".

ئەو سەرکردەیە ئەوەشی درکاند کە «گرووپەکان لەگەڵ لایەنەکانی میحوەرەکانی دیکەی موقاوەمە، لەوانەش جووڵانەوەی ئەنسارۆڵای یەمەنی، خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانی وەڵامدانەوەن لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکی هەرێمی فراوانتردا»، و هۆشداریشی دا کە «سەلماندنی هەبوونی هەماهەنگیی حکومەت لەگەڵ واشنتۆن دەبێتە هۆی قەیرانێکی ناوخۆیی بێوێنە».

لە هەمانکاتدا، حامد ئەلکەعبی، سەرکردە لە «کەتائیبی سەید شوهەدا»، جەختی کردەوە کە «خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت» و بەڵێنی داد کە وەڵامەکە «لەرزێنەر» دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە کات و میتۆدی وەڵامدانەوەکە بەپێی هەڵسەنگاندنە سەربازییە وردەکان دیاری دەکرێت.

ناوبراو ڕاشیگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان «پەشیمان دەبێتەوە» لەم لێدانە، و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و سعودیە دەکەنە ئامانج.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو