شارەزایەکی وزە: ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێم ناتوانێت نیوەی پێداویستی بەنزینی ناوخۆ دابین بکات

٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:١٧ پاش نیوەڕۆ

شارەزایەکی وزە: ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێم ناتوانێت نیوەی پێداویستی بەنزینی ناوخۆ دابین بکات

پەنجەرە

پشکی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان کە بۆ پێداویستیی ناوخۆ تەرخانکراوە، بەشی بڕی بەنزینی پێویست بۆ پارێزگاکانی هەرێم ناکات و تەنیا کەمتر لە دوو ملیۆن لیتر بەنزینی لێ بەرهەمدێت.

محەمەد حسێن، شارەزای بواری وزە لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند، پێداویستیی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥ ملیۆن لیتر بەنزینە، لە کاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی تەرخانکراوە کەمتر لە دوو ملیۆن لیتری لێ بەرهەمدێت. 
بە بڕوای ئەو شارەزایە، تاقە چارەسەر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە ئەوەیە کە بڕی نەوتی ناوخۆ لە ٥٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ١٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکرێتەوە.
ئەو شارەزایەی وزە ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هەرێمی کوردستان هیچ دانوستانێکی جدی لەگەڵ بەغدا ئەنجام نەداوە بۆ زۆرکردنی ئەو بڕە نەوتە و ئەوەشی لەمبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە زیاتر قسەی سۆشیال میدیا و پەرلەمانتارانە.

سەبارەت بە هەڵوێستی بەغدا، محەمەد حسێن جەختی کردەوە کە عێراق خوازیارە هەرێم ئەو ٥٠ هەزار بەرمیلە نەوتەی ڕادەست بکات تا خۆی بەنزین بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام لە ئێستادا عێراق خۆشی تووشی کێشە بووە، جگه لەوەی بەرپرسانی هەرێمیش لەبەر بەرژەوەندی خۆیان نایانەوێت ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغدا بکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو