لە بەرگرییەوە بۆ هێرش؛ بۆچی ئێران هەوڵی فراوانکردنی شەڕ دەدات؟
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەدوای ئەنجامدانی هەر هێرشێکی ئەمەریکی بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتە بە هێرشی موشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە وەڵام دەداتەوە، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی خواستی ئێران بۆ گەورەکردنەوەی شەڕەکە.
دوا هێرشی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی سوتەمەنی هەڵگربوو لە کەناراوەکانی میسر، لەکاتێکدا میسر بەشێک نییە لە ئاڵۆزییەکان.
ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و هەوڵی فراوانترکردنی شەڕیش دەدات، ئەمەش ئەو پرسیارەی دروستکردووە ئێران چی بەرژەوەندییەکی لە فراوانبوونەوەی شەڕدا هەیە.
هێرش وەکو بەشێک لە بەدیهێنانی ئامانج
پێشتر ئەو بۆچوونە لای بەشێک لە لێکۆڵەرەوان زاڵبوو، گوایە ئێران لە رێگەی هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی و دەوروبەری، دەیەوێت ناچاریان بکات بۆ ئەوەی فشار لەسەر ئیدارەی ترەمپ دروست بکەن بۆ ڕاگرتنی شەڕ.
بەڵام بەشێک لە لێکۆڵەرەوان کە پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون پێیانوایە، ئێران دەیەوێت شەڕ گەورە بکاتەوە تا لەمڕێگەیەوە دەریبخات هێزێکی گەورەیە و دەتوانێت ناسەقامگیری لە ناوچەکە دروست بکات.
ئەوان دەڵێن، ئێران دەیەوێت ئەم شەڕە وەکو دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ دەرخستنی توانای خۆی، تا لەمڕێگەیەوە پەیامی ئەوە بگەیەنێت هێرش بۆ سەر ئێران ئاسان نییە و گڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەر دەدات.
دیوێکی تری پشتەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ فراوانکردنی شەڕ پەیوەندی بە ئیدارەی ترەمپەوە هەیە، بەوپێیەی ئێران دڵنیایە لەوەی شەڕ سەرۆکی ئەمەریکای لەسەر ئاستی ناوخۆ خستووەتە ژێر فشارەوە.
لەکاتێکدا بایەخدان بە کێشە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا پانتاییەکی گرنگی لە بانگەشەی کاتی هەڵبژاردنی ترەمپ داگیرکردبوو، بەڵام ئێستا لەناوخۆی ئەمەریکا رایەک دروستبووە سەرۆکی وڵاتەکەیان بەدوای شەڕەوەیە بۆ لابردنی فشارەکانی سەری.
بەگوتاری سەرۆکی ئەمەریکاوە هەست بەوە دەکرێت گیرۆدەی دەست دۆخەکەیە، بۆیە هەڵبەز و دابەز بە گوتارەکانییەوە دیارە، بەڵام تازە دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک جێهێشتنی ئێران بە برینداریی قورس لەسەر ئەمەریکا دەکەوێت، بەردەوامیدانیش بەشەڕ بازنەی ئاڵۆزییەکانی فراوانکردووە و خەریکە گڕ لە ناوچەکە بەردەدات.