ژووری ئۆپەراسیۆنە سێبەرەکان؛ چۆن لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر کوردستان و وڵاتانی کەنداو؟

٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:٢٧ پاش نیوەڕۆ

ژووری ئۆپەراسیۆنە سێبەرەکان؛ چۆن لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر کوردستان و وڵاتانی کەنداو؟

پەنجەرە

لە کاتێکدا هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا چڕتر بونەتەوە، ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط» تیشک دەخاتە سەر نەخشەی ئەو هێرشە درۆنی و موشەکییانەی لە ناوخۆی عێراقەوە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ دەکرێن، هاوکات ئاشکرای دەکات کە فەرماندە ئەمنییەکانی وڵات ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بوونەتەوە.

سەرپەرشتیارانی هێرشەکان؛ لە کوردستانەوە تا کەنداو

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەکە لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستی کەوتووە، هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان پارێزگاکانی (سەڵاحەدین، کەرکووک و دیالە)وە ئاڕاستە کراون. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هێرشانە لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی «ئیقبال پور»، ڕاوێژکاری سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدراون.
لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەکە پەردە لەسەر کەسایەتییەکی دیکەی پشت هێرشە ناوچەیییەکان لادەبات و ڕایدەگەیەنێت؛ بەرپرسانی عێراق ئاگاداری ئەوەن کە «جەواد غەفاری»، ڕاوێژکاری دیکەی سوپای پاسداران، سەرپەرشتی ئەو گروپانەی کردووە کە لە پارێزگای بەسرەوە هێرشیان کردووەتە سەر خاکی کوەیت.
لەنێو هەمان نەخشەی ئۆپەراسیۆنەکاندا، بیابانی نێوان سەماوە و نەجەف وەکو شوێنی دەستپێکی هێرشەکان بۆ سەر ئیمارات بەکارهێنراوە؛ هەمان ئەو خاڵە جوگرافیایەی کە پێشتر بۆ بڕین و ئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیارەکانی سعوودیە سودی لێوەرگیرابوو.

ئامانجی هێرشەکان و ژینگەی ئەمنی

سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجی سەرەکی لە پشت ئەم پەرەسەندنانەوە، «ترساندنی دامەزراوە سەربازییەکان، شەرمەزارکردنی حکومەتی بەغدا و تێکدانی هەوڵە دیبلۆماسییەکانە» کە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا دەدرێن.

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییە هەرێمییانەدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئاستی وشیاری و ئامادەکارییەکانیان بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردووەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازی و بەرپرسە ئەمنییەکان هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان لێکراوە—کە خۆیان و خێزانەکانیان دەکرێنە ئامانج—لە حالێکدا ئەگەر بەشداری لە پلانی دەوڵەتدا بکەن بۆ کۆکردنەوەی چەکی دەرەوەی یاسا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو گروپانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تیرۆرەکانی ڕابردوو لە عێراق، بەم دواییانە «بانکی ئامانجەکانیان» نوێکردووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ گەڕانەوەی شەپۆلێکی دیکەی ئاڵۆزیی و تیرۆری سیاسی لە ناوخۆی وڵاتدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو