چوار ئەفسەری باڵای کەرکووک خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ژمارەیەک ئەفسەری باڵا و کارمەندێکی پۆلیس لە شاری کەرکووک، کە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوبوو، خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد.
دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە چوار ئەفسەر و کارمەندێک، کە لە نێوانیاندا بەڕێوەبەری دوو دامەزراوەی هەستیاری خزمەتگوزاری و ئەمنی هەن. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک ئاشکرای کرد کە کەسایەتییە دیارەکانی ناو دەستگیرکراوەکان بریتین لە: بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی کەرکووک، بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکووک، بەڕێوەبەری هۆبەی کاروباری هاتووچۆ، و بەڕێوەبەری هۆبەی تۆماری ئۆتۆمبێلەکان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کەرکووک.
هەروەها زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستگیرکردنی ئەم ئەفسەرە باڵایانە لەسەر بنەمای دانپێدانانی چەند تۆمەتبارێک بووە لە دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە "بەرتیل و ساختەکاری" لە ناو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کەرکووک، کە تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکان تێیدا بەردەوامن.