عێراق هێزە چەکدارەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەباح نەعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی، عەلی فالح ئەلزەیدی، فەرمانیکردووە ئاستی ئامادەیی و باری لەناکاو لە تەواوی بنکە و سەربازگەکان بەرز بکرێتەوە بۆ بەرزترین ئاست، بە تایبەتی لە بارەگا فەرمییەکانی هێزە چەکدارەکان و حەشدی شەعبیدا.
نەعمان ئاماژەی بەوە کرد، ڕەوشی ئەمنیی عێراق لەبەرامبەر پەرەسەندنی خێرای قەیرانە هەرێمییەکاندا لە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدایە. ئاشکراشیکرد کە هەندێک لایەنی دەرەکی هەوڵ دەدەن خاک و ئاسمانی عێراق بۆ ململانێ و حساباتە تایبەتەکانیان بەکاربهێنن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە بەرزترین ئاستی دیسپڵین و ئامادەیییەوە ڕووبەڕووی ئەم پێشێلکارییانە دەبنەوە.
گرنگترین خاڵەکانی لێدوانەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتی:
پەیامی سیاسی : سەروەری و ئاسایشی ناوخۆی عێراق هێڵی سوورە و ناکەوێتە ژێر هیچ سازشێک. پاراستنی وڵات تەنیا بەرپرسیارێتیی دامەزراوە فەرمییە سەربازیی و ئەمنییەکانی دەوڵەتە.
جووڵەی حکومەت لە دوو ئاڕاستەدا:
1. دیپلۆماسی و یاسایی: پەنابردن بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان، لەگەڵ بەردەوامیی پەیوەندییەکان بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی عێراق نابێتە لایەنێک لە ململانێکان یان سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر.
2. ئەمنی و مەیدانی: چڕکردنەوەی هەواڵگریی، جێبەجێکردنی پلانی سەپاندنی دەسەڵات (مسك الأرض)، و قۆرخکردنی تەواوەتیی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەجۆرێک ڕێگە بە هیچ جووڵەیەکی تاکەکەسی و نابەرپرسانە لە دەرەوەی فەرماندەیی گشتی نەدرێت.
نوێکردنەوەی بەرگریی ئاسمانی: لە ئێستادا کار لەسەر خێراکردنی ئامادەکردنی سیستەمە هاوچەرخەکانی ڕادار، دۆزینەوەی پێشوەختە و بەرگریی ئاسمانی دەکرێت بۆ دروستکردنی تۆڕێکی بەرگریی تۆکمە بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی عێراق و ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەکی دەرەکی.