لە ئاسمانەوە ئەمریکا، لە زەوییەوە کورد؛ پلانێک بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاران لە ناوچە کوردنشینەکان؟
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە "الحرة"یان ڕاگەیاندووە کە چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا لە ڕۆژانی دواییدا بۆ سەر بنکەکانی ڕژێمی ئێران لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، ڕەنگە ڕووبەڕووبوونەوەی زەمینی دژ بە هێزەکانی ئێران ئاسانتر بکات کە چەکدارە کوردەکانیش تێیدا بەشدار بن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشەکانی دوایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیانی گەورەی بە هێزەکانی سوپای پاسداران و دامەزراوەکانی لەو ناوچانە گەیاندووە کە زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندبوو کە بەرەبەیانی پێنجشەممە شەپۆلێکی چڕ لە هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە کە دوو کاتژمێری خایاندووە، دەیان بنکەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، لەوانە ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازیی، دامەزراوەکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بنکەکانی چاودێری و بەرگریی دەریایی و تواناکانی هێزی دەریایی.
تەلەڤزیۆنی ئێران بەرەبەیانی پێنجشەممە ڕایگەیاند، کە سوپای ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی هاوسنوور لەگەڵ عێراق لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران.
ئەوەشی زیاتکرد کە شارۆچکەی پیرانشار لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا کەوتووە.
ئاژانسی هەواڵی "فارس" ڕایگەیاند کە بۆردومانەکە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا "هیچ زیانێکی مادی یان مرۆیی لێنەکەوتووەتەوە، چونکە لە ناوچەیەکی چۆڵ لە بینا و دانیشتووان دراوە."
میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە سێ کەس لەو هێرشانەدا کوژراون کە هێزەکانی ئەمریکا کردیانە سەر جەزیرەی قشم.
سەرکردەیەکی کورد لە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ "الحرة" وتی، چڕکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران "ئاماژەیەکە بۆ گۆڕانی قۆناغی داهاتووی جەنگەکە بۆ زەمینەسازیی بەرەو جووڵەیەکی زەمینی چاوەڕوانکراو دژ بە ڕژێمی ئێران".
ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد کە لاوازیی ڕژێمی ئێران لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە دەستپێکردنی "ڕاپەڕینێکی چەکدارانە لەو ناوچانە ئاسانتر دەکات کە ڕەنگە بۆ شارەکانی دیکەش پەل بکێشێت".
ئێران قەبارەی زیانەکانی لەو هێرشە سەربازییانەی دەکرێنە سەری ئاشکرا ناکات، بەڵام ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە کوردە وتی، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەکەوە لە ٢٨ی شوباتەوە، بووەتە هۆی تێکدانی زیاتر لە ٦٠٪ی ژێرخانی ئەمنی و سەربازیی ئێران لەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن.
کورد نزیکەی ١٠٪ی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنێت و لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ئیلام کۆبوونەتەوە، نیگەرانن لە بێبەشکردنیان لە مافەکانیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە . چەندین حیزبی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران هەرێمی کوردستانی عێراقیان کردووەتە بارەگای خۆیان.
خەلیل نادری، گوتەبێژی فەرمیی حیزبی آزادیی کوردستان (PAK)ی ئۆپۆزسیۆن بە "الحرة" دەڵێت، هێرشەکانی ئەمریکا کە سوپای پاسداران و ژێرخانی سەربازیی ئێران دەکەنە ئامانج "زۆر گرنگن و یارمەتیمان دەدەن لە لادانی کۆسپە گەورەکان لە ڕێگەماندا کاتێک بەرەو ناوخۆ دەکەوینە جوڵە بۆ ئازادکردنی خاکەکەمان لە ڕژێم. بەڵام پێویستە ئەم هێرشانە بەردەوام بن و تەواوی ئەو دامەزراوە و بنکانەی پاسداران هەیەتی تێکیان بدات."
جەختیش دەکاتەوە کە هێزە کوردییەکان ئامادەن بۆ جووڵەکردن بەرامبەر ڕژێمی ئێران ئەگەر پاڵپشتیی نێودەوڵەتییان دەستبکەوێت، کە بە گوتەی ئەو دەبێت ڕێگری لە تورکیاش بگرێت لەوەی جووڵەیان دژ بکات.
سوپای پاسدارانی ئێران دووبارە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران هێزەکانی بڵاوکردووەتەوە و شوێنەکانی گۆڕیوە و بڕێکی زۆر لە چەک، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە شارە کوردییەکاندا کۆکردووەتەوە و کردوونی بە ناوچەی سەربازی.
ئاژانسی "تابناک"، کە نزیکە لە ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە ئێران، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە مانۆڕی سەربازی لە ناوچە شاخاوییەکان و دۆڵەکانی ناوچە زۆرینە کوردەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران نیشان دەدات.
فەرزین کەرباسی، شیکەرەوەی سیاسیی کوردی ئێرانیی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت: "کورد بەشێکە لەم جەنگە بە حەزی خۆیان بێت یان نا"، و پێیوایە کە "ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ڕژێمی ئێران حەتمییە و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی ننزیک دەبێتەوە، بۆیە هەوڵ دەدات دەوروبەری خۆی تێکبدات و نەیارەکانی لەناو ببات."
سەرەڕای هێرشە بەهێزەکانی پێشتری ئەمریکا، کەرباسی پێیوایە پێویستی بە وەشاندنی هێرشی گەورەتر هەیە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ سەر سوپای پاسداران و بنکەکانی لە ناوچە زۆرینە کوردەکانی ئێران، و ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی ئەم دامەزراوە سەربازییانە تا ئێستا بەر هێرش نە کەوتوون.
کەرباسی پێشبینی هەڵگیرسانی بەرگریی چەکدارانە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران بە ڕێبەرایەتیی حیزبە کوردییەکان دەکات، ئەگەر ڕژێمی ئێران بەردەوام بێت لە هێرشەکانی دژ بە کورد وەک ئەوەی ئێستا ڕوودەدات.
جەمیل ئەحمەدی، چالاکوانی سیاسیی کوردی ئۆپۆزسیۆن لە ئەورووپا بە "الحرة" دەڵێت، ئەگەری جووڵەی سەربازیی حیزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەرەو ناوچە کوردییەکانی ئێران هەیە، تاوەکو ئەم دەرفەتە بپۆشن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێم و ڕێبەرایەتیکردنی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی.
دەشڵێت کە ئەم حیزبانە بەدوای دەرفەتێکی نوێدا دەگەڕێن بۆ کۆتاییهێنان بەو ڕەخنە گەورانەی لە ناوخۆ و لەلایەن جەماوەر و ئەندامانیانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی لە دەرفەتی جەنگی چل ڕۆژی ڕابردوودا سوودیان وەرنەگرت و بەرامبەر ڕژێمی ئێران نەجووڵان.
دەشڵێت حیزبە کوردییەکان تا ئێستا هیچ دڵنیاییەکی نێودەوڵەتییان بەدەستنەهێناوە لە بەرامبەر جووڵەکردن دژ بە ڕژێمی ئێران، و ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا لە قۆناغی بەرگریکردن لە خۆیان و لە مەدەنییەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا تێدەپەڕن، تاوەکو هەوڵی دوورکەوتنەوە لە زیانی گیانی بدەن لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێراندا.
ئێران لە سەرەتای جەنگەکەوە سەدان هێرشی کردووەتە سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزبە کوردییە ئێرانییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە هەولێر پشکی شێری لەو هێرشانە بەرکەوتووە.