شرۆڤەکارێک: زەیدی نائومێدی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و تۆم باراک دروستکردووە

٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ

شرۆڤەکارێک: زەیدی نائومێدی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و تۆم باراک دروستکردووە

پەنجەرە

د. نەوزاد هیتوتی، شرۆڤەکاری سیاسی رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا "تۆم باراک" بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی نەداوە،  هەروەها هەڵوێستی ڕوون نەبووە بەرامبەر هێرشە پەرچەکردارەکانی ئەمریکا و عەرەبستانی سعودیە بۆ سەر ئەو میلیشیایانە لە ناوخۆی عێراقدا.

بەوتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، تۆم باراک پێشتر هەوڵێکی زۆری دابوو تاوەکو "زەیدی" وەکو کەسایەتییەکی بەهێز لە عێراق پیشان بدات کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان و کەمکردنەوەی هەژموونی ئێرانی هەیە، بەڵام بەردەوامیی هێرشەکان ئەوەیان سەلماند کە دەسەڵاتەکانی زەیدی زۆر سنووردارن و دوورە لەو وێنەیەی تۆم باراک هەوڵی دابوو نیشانی دوناڵد ترەمپی بدات.

د. نەوزاد هیتوتی ئاماژەی بەوەش کرد کە لێدوانەکانی زەیدی بێئومێدیی زیاتریان لای ئەمریکا و تۆم باراک دروستکردووە؛ چونکە ناوبراو لەلایەک هێرشەکانی سەر گرووپە چەکدارەکانی ئیدانە دەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە دەستەپاچە بوو لە ڕاگرتنی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە.

لە کۆتاییدا ئەو شرۆڤەکارە جەختی لەوە کردەوە کە لاوازیی پێگەی زەیدی گەیشتووەتە ئاستێک، سەرچاوەکان باس لە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن. بەمەش تەنیا کارتی فشاری زەیدی بۆ پشتیوانیکردنی، هەڕەشەی جێهێشتنی پۆستەکەیەتی، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی خەمڵاندنەکانی تۆم باراک بوو کە چاوەڕێی دەکرد زەیدی وەکو فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بە بەهێزی دەربکەوێت و ڕووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو