گرژییەکان بەرەو هەڵکشان؛ ئەگەری بەشداریی ئیسرائیل لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی (Axios)ی ڕاگەیاندووە، سەرۆک ترەمپ بە جدی بیر لەوە دەکاتەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرش بکاتە سەر کەرتی وزە لە ئێران، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
ئامانجی ئەمریکا لەم هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران، دروستکردنی گوشارە تا تاران بە مەرجەکانی واشنتۆن بۆ ئاگربەست ڕازی بێت.
چاوەڕوانیش دەکرێت بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین هەفتە، سوپای ئیسرائیل بەشداری لەم هێرشانەدا بکات، کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی ئاماژەی بەم هێرشانە کرد و وتی: "زۆر بە سەختی لێیان دەدەین، تا ئەو کاتەی دەڵێن چیتر بەرگەی ناگرین."
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوامیی هێرشەکان ئێران بێهێزتر دەکات. هاوکات کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەمریکا سەردەکەوێت و لەسەردەمی ترەمپدا ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی.