ئەبو فەدەک؛ ئەو پیاوە کێیە کە تەحەدای عەلی زەیدی کرد؟
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای کوژرانی ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق کەوتنە ناو دۆخێکی پر لە چاوەڕوانییەوە بە مەبەستی ناسینی ئەو کەسایەتییەی شوێنی موهەندیس دەگرێتەوە.
سەرەنجام دەستەی حەشدی شەعبی بەفەرمی ڕایگەیاند کە عەبدولعەزیز ئەلموحەمەداوی، ناسراو بە "ئەبو فەدەک" یان "ئەلخال"، وەک سەرۆکی ئەرکانی دەستەکە لە شوێنی ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس هەڵبژێردرا.
ئەوکات ئەبو علی ئەلبەسری، جێگری یاریدەدەری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی فەرماندەیی حەشددا دراوە.
دەستنیشانکردنی ئەبو فەدەک لە ڕێگەی کۆمیتەیەکی تایبەتەوە بوو لە ناو دەستەی حەشدی شەعبیدا کە لە هەشت سەرکردەی دیار پێکهاتبوو، لەوانە ئەبو فەدەک خۆی، ئەبو علی ئەلبەسری، ئەبو مونتەزەر ئهلحوسێنی، ئەبو ئیمان ئەلباهلی، ئەبو ئالا ئەلوەلائی، لیث ئەلخەزعەلی و ئەحمەد ئەلئەسەدی.
بەپێی زانیارییەکانی ڕاگەیاندن و چاودێران، ئەم ڕێککەوتنە پاش کۆبوونەوە و ڕاوێژێکی چڕ هات کە لە شاری قوومی ئێران بە سەرپەرشتی پاسداران و بە هەماهەنگی لەگەڵ حزبوڵای لوبنانی بەڕێوەچوو، پاشان ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە عێراق، ئێران و لوبنان بەدەستهێنا.
ئەبو فەدەک کێیە؟
ئەبو فەدەک کەسایەتییەکی سەربازییە و پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، تا ئەوکاتەی پۆستی سەرۆک ئەرکانی حەشدی وەرگرت، خۆی لەچاوی کامیرا بەدوور دەگرت و لە پشتەوە کاریدەکرد.
ناوی ڕاستەقینەی عەبدولعەزیز ئەلموحەمەداوییە و چەندین نازناوی جیاوازی هەبووە بۆ پاراستنی نهێنی کارەکانی. نازناوی "فەدەک" ئاماژەیەکی مێژوویییە بەرامبەر ئەو زەوییەی لە مەزهەبی شیعهدا دەگوترێت لە فاتیمەی کچی پێغەمبەر زەوت کراوە.
هەروەها نازناوی "ئەلخال"یش کە یەکێکە لەنازناوەکانی تری؛ ئەم نازناوە لە دوای پەلاماردانی لایەنگرانی حەشد بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر دیوارەکان بە ڕستەی "الخال مر من هنا" نەخشێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکەکانی ئەمریکا ٢٥ چەکداری کەتیبەکانی حزبوڵایان کوشتبوو.
پێشتریش لە کاتی شەڕەکانی دژی داعش لە ناوچەکانی جەرف ئەلسەخر و قەزای بێجی بە نازناوی "ئەبو حەمید" ڕابەرایەتی هێزەکانی دەکرد.
سەبارەت بە مێژووی سەربازیی و ڕێکخراوەیی، ئەبو فەدەک لە ساڵی ١٩٨٣ لە ڕێکخراوی بەدر کاری کردووە و بەرپرسیارێتی هەواڵگریی لەئەستۆ بووە و وەک یاریدەدەری هادی عامری.
لە ساڵی ٢٠٠٤ و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ڕەتیکردەوە چەک تەسلیم بکات و گرووپی چەکداری تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا پێکهێنا کە پەیوەندی داراییان بە ڕێکخراوی بەدرەوە هەبوو.
دواتر لە ساڵی ٢٠٠٦ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس و بە ڕەزامەندی قاسم سولەیمانی ، ڕێکخراوی "حیزبوڵا"ی عێراقی دامەزراند کە هێزێکی ڕاهێنراوی ئاستبەرز بوون بۆ شەڕی ئەمریکییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا دواتر بەهۆی کێشە و جیاوازی بۆچوون لەسەر دۆسیەی ڕفاندنی ڕاوچییە قەتەرییەکان لە ساڵی ٢٠١٥ دەستبەرداری بەرپرسیارێتی حزبوڵا بوو، بەڵام لە کاتی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سولەیمانی گەڕایەوە نێو ڕیزەکانی حزبوڵا و ڕۆڵی بینی.
تەحەدا کردنی زەیدی
لەکاتێکدا عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتایی مانگی ئەیلولی وەکو دوا وادە بۆ چەککردنی میلیشیا شیعەکان داناوە، بەڵام ئەبو فەدەک تەحەدای بڕیارەکەی کردو چەک دانانی رەتکردەوە.
دوای هێرشی ئەمەریکا و سعودیە بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی کە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک چەکداری لێکەوتەوە،
لە وەڵامی پرسیاری هاوڵاتییەکدا بۆ چەککردنی میلیشیاکان لەلایەن حکومەتەوە، ئەبو فەدەک وتی:"کێ دەتوانێت چەک ببات؟ کام پیاو دەتوانێت چەک ببات؟!”.
ئەمەش پەیامێکی ئاشکرا بوو لەسەر ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دەوڵەت و جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامبوونی بەرەی بەرگری لە هەڵگرتنی چەک، کە شیکەرەوان پێیان وایە ئاماژەیەکی روونە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی بەهێزتر و ئاڵۆزتر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق.