لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەوە تا وێرانکاریی؛ کێشەی ڕاستەقینەی عێراق چییە؟
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە، تۆڕی راگەیاندنی عێراقی
کێشە و قەیرانی بەردەوامی عێراق، کێشەی تەنها حکومەتێک یان سەرۆکوەزیرانێک یان شکستی وەزارەتێک لە بەڕێوەبردنی بوارێکدا نییە. بەڵکو کێشەکە لە بنەما و سیستەمە سیاسییەکەدایە، کە بەپێی بنەمای یاریی "دەوڵەتی تاڵانی و فەرهود" کار دەکات، سیستەمێک کە کەس و دەموچاوەکان دەگۆڕێت، بەڵام هەمان شکستی پێشوو بەرهەم دەهێنێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە، تەنها قەیرانی پارە، خزمەتگوزاریی و پەروەردە نییە، بەڵکو تێکچوونی بنەمای حوکمڕانییە. بڕیارەکان لە چەندین شوێنی جیاوازەوە دەردەچن و تواناکانیش دابەش بوون.
لە وڵاتێکدا کە بەرژەوەندیی حزبی و گرووپەکان خراوەتە پێش بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە، قەیرانەکان نابنە ڕووداوێکی دەگمەن، بەڵکو دەبنە ڕێسایەکی بەردەوام کە خۆیان دووبارە دەکەنەوە، حکومەت و دروشمەکان هەرچەند بگۆڕێن.
پرسیارە گرنگەکانی دەوڵەت
ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەی لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا و عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا بەڕێوەچوو، نموونەیەکی زۆر ڕوونی ئەم دژایەتییەیە.
لەوێدا باس لە هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە وەک دەستکەوتێکی ئابووریی گەورە کرا، لە کاتێکدا پرسیارە ڕاستەقینە و سهرەکییەکان بە بێ وەڵام مانەوە:
تێچووی ئابووریی ئەم پڕۆژەیە چەندە؟
سوودی ڕاستەقینەی بۆ ئابووریی عێراق چی دەبێت؟
ئایا ئەمە پلانێکی ستراتیژیی ورد و دیراسەکراوە، یان تەنها نیشان و بڵندگۆیەکی سیاسیی نوێیە کە دەچێتە پاڵ ئەو هەموو بەڵێنە درێژانەی کە بەرپرسانی پێشووتر دەیاندا؟
ئەم پرسیارانەی کە وەڵامەکانیان هەیبەت و ئامادەیی دەوڵەت دیاری دەکەن، دوای خۆیان پرسیاری ئاڵۆزتریان هێنایە ئاراوە؛ بەتایبەت کاتێک دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە وەزیری گواستنەوە (کە لە رێکخراوی بەدرە) ڕازینەبووە بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی "ڕێگەی گەشەپێدان" ، سەرەڕای گرنگییە گەورەکەی بۆ عێراق و تورکیا.
ئەمەش ڕاستەوخۆ لە بەردەم کامێراکاندا پەرچەکرداری زەیدی لێکەوتەوە، بێ ئەوەی هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی هەبێت کە ڕاستیی ڕووداوەکە ڕوون بکاتەوە کە ئایا بەڕاستی ڕەتکردنەوە هەبووە یان تەنها لێکتێنەگەیشتنێک بووە!
بڕیاری ئاسایش و سیاست.. نەمانی دەوڵەت
لە دۆسیەی ئاسایشدا، هەمان دیاردەی سەیر دووبارە دەبێتەوە. ساڵانێکە دروشمی " چەک لەدەستی دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنی" دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ڕاستییەکان بە ئاڕاستەیەکی تردا دەڕۆن.
عێراق هێشتا مەیدانێکی کراوەیە بۆ بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. ڕوونکردنەوە فەرمییەکان هەموو جارێک دەگۆڕێن کاتێک هێرش دەکرێتە سەر وڵاتێکی دراوسێ یان وەڵامی سەربازی دەدرێتەوە لە ناو خاکی عێراقدا، وەک ئەوەی کێشەکە تەنها لە پێناسەکردنی هێرشبەرەکاندا بێت، نەک لەوەی دەوڵەت بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە دەستدا نەماوە.
چەند کاتژمێرێک بەسەر بڕیاری حکومەت بۆ لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەی دەیانوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراقەوە بەرەو دامەزراوەکانی عەرەبستانی سعوودیە فڕیون تێنەپەڕیبوو، کە ئاگادارییەکانی ناوچەکە زیاتر بوون، دواتریش ئاڵۆزییەکان بوونە هۆی لێدانی بنکەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و زیانی گیانی و ماددییان لێکەوتەوە. ئەم دیمەنە بە ڕوونی لاوازی و بێدەسەڵاتیی حکومەتی عێراق نیشان دەدات.
ئەو دەوڵەتەی نەتوانێت ڕێگری بکات لەوەی خاکی بۆ هێرشکردنە سەر لایەنانی تر بەکاربهێنرێت، ناتوانێت ڕێگری لەوەش بکات کە خاکەکەی نەبێتە مەیدانی وەڵامدانەوەی سەربازیی.
لێرەوە قەیرانی دەسەڵاتی تێکەڵاو دەست پێدەکات. ئەو دەوڵەتەی دەسەڵاتی بەسەر چەک، بڕیارەکان و سیاسەتی دەرەوەیدا نەبێت، ناتوانێت سامان، سنوور و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بەڕێوە ببات.
لە بارودۆخێکی وەهادا، نه نەوت، نه وەبەرهێنان، نه کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و نه بەیاننامەی حکومی ناتوانن ئەو ڕاستییە گەورەیە بشارنەوە کە عێراق لە قەیرانی دەوڵەتدایە، نەک قەیرانی حکومەت.
تەنانەت چەمکی "دەوڵەتی تاڵانی و فەرهود" تەنها وەسفی گەندەڵی نییە، بەڵکو پێناسەی سیستەمێکی فەرمانڕەواییە کە گرووپە جیاوازەکان دەسەڵاتیان دابەش کردووە، ناوەندەکانی بڕیاردان تێیدا قەرەباڵغ بوون و نیشتمانیش لە نێوانیاندا ون دەبێت.
لهبەر ئهمه، ڕاگەیەندراوەکان، لیژنەکانی لێکۆڵینەوە و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان کە باس لە گەڕاندنەوەی پارە یان گرتنی گەندەڵکاران دەکەن بەس نین، کاتێک عێراقییەکان بە بەردەوامی ئەم پرسیارە دەکەن: چۆن سەدان ملیار دۆلار لە سێکتەری کارەبادا خەرج کراوە و داهاتی نەوت لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵدا لە تریلیۆنێک دۆلار زیاتر بووە، بەڵام بێکارەبایی بووەتە نیشانەی شکست، کەمیی ئاوی خاوێن بووەتە نیشانەی بێدەسەڵاتی، و خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەییش لە خوار نزمترین ئاستدان بۆ وڵاتێک کە یەکێک لە گەورەترین
سامانە نەوتییەکانی جیهانی هەیە؟
لە گەشەپێدانەوە .. بۆ مووچە
ئەوەی ئەم دیمەنە ناخۆشتر دەکات ئەوەیە کە هاوڵاتی دیکە چاوەڕێی پڕۆژەیەکی گەورەی گەشەپێدان لە دەوڵەت ناکات، بەڵکو تەنها خەمی ئەوەیە کەی مووچەی مانگانەکەی دابەش دەکرێت.
سیستەمی پشکپشکێنە توانیویەتی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتی تەنها لە بڕێک پارە و دابەشکردنی سەرچاوەکاندا کورت بکاتەوە، نەک لە سەر بنەمای بنیاتنانی ئابووری.
بەمهش دابەشکردنی مووچە بووەتە دەستکەوتێکی سیاسی کە مانگانە شانازیی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکێکی ئاسایی حکومەتە و پێویستی بە بڵاوکردنەوە و ئاهەنگگێڕان نییە.
لە بەرامبەردا، ئیمتیازاتی چینە سیاسییەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، ژمارەی پلە تایبەتەکان زیاد دەکات و زنجیرەی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان درێژتر دەبنەوە، لە کاتێکدا خزمەتگوزارییە گشتییەکان ڕوو لە خراپی دەکەن، چینی ناوەڕاست بەرەو نەمان دەچێت و هەژاران هەژارتر دەبن.
عێراقییەکان دیکە پرسیاری ئەوە ناکەن کەی ژیانیان باش دەبێت، بەڵکو دەپرسن سامانی وڵاتەکەیان بۆ کوێ چوو و کێ بەرپرسە لە وێرانبوونی؟
تەنانەت ڕادەی شکستی "دەوڵەتی فەرهود" گەیشتووەتە ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر بلۆگەر و فاشنستەکان بڵاودەبنەوە. ململانێی سیاسییەکان لەسەر ئەوان وەک شەڕی بەردەم دوکانی شیرینی فرۆشێکە!
ئەمە بەرزترین ئاستی پووچێتییە لە دەوڵەتی فەرهوددا، کاتێک دەبینیت ئەم جۆرە کەسانە پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکاندا هەیە!
دروستکردنی وەهم لەبری دروستکردنی هۆشیاریی
لە بارودۆخێکی وەهادا، سەیر نییە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببنە شوێنی دەنگەدەنگ و پووچێتی، لە کاتێکدا بەهای زانست، لێهاتوویی و ئەزموون پاشەکشە دەکات. کاتێک دەوڵەت ڕێگەی ڕاستی خۆی لەدەست دەدات، گرنگییەکان لە کۆمەڵگەدا تێکدەچن؛ دروستکردنی وەهم و خەیاڵ زیاتر دەبێت لە دروستکردنی هۆشیاری، و خۆنیشاندان و ڕووکەشکاری دەبێتە جێگرەوەی دەستکەوتی ڕاستەقینە.
بە هەمان ئاستی مەترسیداری، بەردەوامبوونی بەکارهێنانی پیرۆزییەکانە لە شەڕی سیاسیدا، تا ئەو ئاستەی زۆرێک لە بابەتە نیشتمانییەکان بەپێی دڵسۆزی بۆ حزب و گرووپەکان دەپێورێن، نەک بەپێی بەرژەوەندیی گشتی. لەو کاتەدا جیاوازیی سیاسی دەبێتە دژایەتیی ئایینی و عەقیدەیی، و دەوڵەت دەبێتە مەیدانی فرە بەرەیی، نەک چەترێک کە هەموو هاوڵاتیان کۆبکاتەوە.
بەم شێوەیە، هاوکێشەیەکی کۆن بە بەرگێکی نوێوە لە بەرامبەر عێراقییەکاندا دووبارە دەبێتەوە؛ هەرچەندە دروشمەکانی چاکسازی بەرزتر ببنەوە، سیستەمی پشکپشکێنە قووڵتر و بەهێزتر دەبێت، و هەرچەندە قسەکردن لەسەر سەروەری زیاتر بێت، توانای دەوڵەت بۆ سەپاندنی سەروەری کەمتر دەبێتەوە، و هەرچەندە ناونیشانەکانی دژایەتیکردنی گەندەڵی بەرزتر ببنەوە، بێبڕوایی و گومان لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا فراوانتر دەبێت.
بە تایبەتی کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە، تەنها قەیرانی پارە، کارەبا یان ئاو نییە، بەڵکو بەردەوامبوونی سیستەمێکی فەرمانڕەوایی ئاڵۆز و تێکەڵاوە کە ناوەندی بڕیاردانی زۆرە، تواناکانی دابەشبوون و بەرژەوەندیی گرووپەکان لە پێش بەرژەوەندیی نیشتمانییەوەن. تا ئەم سیستەمە مابێت، قەیرانەکان نابنە حاڵەتی بەدەر، بەڵکو دەبنە ڕێسایەکی بەردەوام کە خۆیان دووبارە دەکەنەوە، حکومەتەکان هەرچەندێک بگۆڕێن و دروشمەکان هەرچەندێک نوێ ببنەوە.
ڕاهاتن لەگەڵ قەیرانەکاندا
مەترسیدارترین شت لە دەوڵەتی فەرهوددا ئەوەیە کە تەنها قەیران دروست ناکات، بەڵکو توانایەکی سەیر و بەهێزی پەیدا کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ قەیرانەکاندا بژی و تەنانەت بیانکاتە ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا.
کاتێک قەیرانێک قووڵتر دەبێتەوە، قەیرانێکی تر لەدایک دەبێت، و هەرچەندە تێچووی شکست بەرزتر بێتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی سوودی لێ دەبینن زیاتر دەبێت. بەم شێوەیە وێرانکاری بووەتە بەشێک لە هاوکێشەی بەڕێوەبردن، نەک ڕووداوێکی لەناوچووی کاتی.
دەوڵەتان بە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، بە بەیاننامەی سیاسی، و بەو ڕێککەوتنانەی جێبەجێ ناکرێن بەپێ ناکەونەوە. بەڵکو کاتێک بەپێ دەکەونەوە کە بڕیاری نیشتمانی سەربەخۆ بێت، دامەزراوەکان لە سەرووی کەسەکانەوە بن، دەستوور لە سەرووی بەرژەوەندییەکانەوە بێت، و هاوڵاتیبوون لە سەرووی سەر بەم گرووپ و ئەو گرووپبوونەوە بێت.
ساڵانی دوای ۲۰۰۳ سەلماندیان کە گۆڕینی حکومەتەکان مانای گۆڕینی دەوڵەت نییە. دەموچاوەکان دەگۆڕێن، قسە و وتارەکان دەگۆڕێن، بەڵام بنەما سیاسییەکە وەک خۆی مایەوە؛ بە ناو و ڕوکاری نوێوە خۆی دووبارە دەکاتەوە و ڕێگە کۆنەکانی خۆی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و سامان دەپارێزێت، تا کار گەیشتە ئەوەی شکست بووە بەشێک لە پرۆسەی بەڕێوەبردن، نەک هۆکارێک بۆ لێپرسینەوە و چاکسازی.
ئەو پرسیارەی کە ئەم دەسەڵاتە تێکەڵاوە ناتوانێت لێی ڕزگار بێت، بە هەڵواسراویی دەمێنێتەوە: چۆن دەکرێت دەوڵەتێکی نیشتمانی بنیات بنرێت لە کاتێکدا بڕیاری نیشتمانی لە نێوان چەندین ئیرادەی جیاوازدا دابەش بووە، چەک لە دەرەوەی یاسایە، و سامانی وڵات دەبێتە دەستکەوتی سیاسی، نەک پڕۆژەیەک بۆ گەشەپێدان؟
کاتێک نیشتمان تەنها دەبێتە مەیدانێک بۆ بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان، و دەسەڵات دەبێتە ئامانجی سەرەکی نەک ئامرازێک بۆ بنیاتنانی دەوڵەت، لەو کاتەدا پرسیارەکە ئەوە نابێت: کێ فەرمانڕەوایی عێراق دەکات؟ بەڵکو ئەوە دەبێت: ئایا هێشتا دەوڵەتێک هەیە فەرمانڕەوایی عێراق بکات؟