پاشەکشەی هاوپەیمانان؛ باڵۆنی چاودێریی و سیستەمی پاتریۆت لە هەولێر لابردران
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بڕیاری پاشەکشەیانداوە و بەدوای هێزەکانی ئەمریکادا هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵن، ئەمەش بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ پەنجەرە ی ئاشکرا کردووە.
لە ڕووی مەیدانی و ئامادەکارییە سەربازییەکانەوە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە باڵۆنی چاودێریی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لابراوە، کە ئەرکی سەرەکیی تێیدا چاودێریکردنی جموجۆڵە ئاسمانییەکان و دۆزینەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) بووە لە ئاسمانی ناوچەکەدا.
ڕوونیکردەوە کە ئەم هەنگاوەی لابردنی باڵۆنی چاودێریی فڕۆکەخانەکە دوای ئەوە هات کە هێزەکانی ئەمریکا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت"یان لە ناوچەکەوە گواستووەتەوە.
سیستەمی پاتریۆت (MIM-104 Patriot) کە لەلایەن کۆمپانیای "ڕایسیۆن"ی ئەمریکییەوە دروستکراوە، یەکێکە لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لە جیهاندا و بۆ پاراستنی ناوچە ستراتیژییەکان، بنکە سەربازییەکان و شارەکان لە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی بەکارهێنراوە.