چەکدارە بیانییەکان لەسەر سنوور؛ لە دیوی سوریاوە چی دژی عێراق لە ئارادایە؟

٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٧ پاش نیوەڕۆ

چەکدارە بیانییەکان لەسەر سنوور؛ لە دیوی سوریاوە چی دژی عێراق لە ئارادایە؟

پەنجەرە

لەگەڵ هەڵکشانی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوە لە ناوچەکەدا، بەغدا ئاستی ئامادەباشیی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریا بەرزکردووەتەوە. هاوکات وڵاتانی دراوسێ بەگومانەوە دەواننە جوڵەی گرووپە چەکدارەکانی ناو خاکی عێراق و هۆشداریی توند لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ دەدەن.

جووڵەی گوماناوی لە دیوی سوریاوە

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە بەغدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق بە وردیی و لە نزیکەوە چاودێریی ناوچە سنوورییەکانی خۆی لەگەڵ سوریا دەکات. 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق پێیانوایە هێرشی ئەمدوایەی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر سعودیە و وڵاتانی عەرەبی، بیانووی پێویستی داوەتە دەست لایەنە دەرەکییەکان بۆ ئەوەی لە دیوی سوریاوە جووڵەی سەربازی لە دژی عێراق ئاڕاستە ببن.

لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە شاری موسڵ بۆ پەنجەرە ئاشکرای کرد: "لە ناو خاکی سوریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراق، بەناوی ڕێکخستنەوە و دروستکردنی فیرقەی نوێوە جووڵەی سەربازیی بەرچاو هەیە."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئەوەی لای عێراق جێی گومان و مەترسییە، ئەوەیە ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی ئەو هێزە نوێیانەدا ڕێکدەخرێنەوە چەکداری بیانی و ناسوریین." جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا مەترسییەکی وا لەئارادا نییە، بەڵام گەر داڕمانی سیاسی لەئێران و شەڕی گەورە ڕووبدات، چاوەڕوان دەکرێت لە دیوی سوریاوە هێرش بکرێتە سەر خاکی عێراق.

هۆشداریی سێقۆڵیی بۆ بەغدا

لە ئاستی هەرێمیدا، گوشارەکان بۆ سەر حکومەتی عێراق بەردەوام زیاد دەکەن. سەرچاوەیەکی سەربازیی سوریا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی چووەتە پاڵ سعودیە و ئوردن بۆ هۆشداریدان بە بەغدا. بەپێی هۆشدارییەکە، هەربەشێوازێک هێرش لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر خاکی ئەو وڵاتانە، وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپە چەکدارانە دەبێت کە لە ناو خاکی عێراقدان.
پێشتریش بەرپرسێکی باڵای عێراق پشتڕاستی کردبووەوە کە پەیامی ڕوون و هۆشدارییان لە ڕیاڕ و عەممانەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە لێکەوتەکانی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

پاشخانی ئاڵۆزییەکان و هێرشە ئاسمانییەکان

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانیان کردە سەر چەند بنکەیەکی حەشدی شەعبی لە ناو خاکی عێراق، کە بەهۆیەوە ٢٠ چەکدار کوژران.
دوای ڕووداوەکە، ڕیاز بە ڕەسمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە وەڵامێک بووە بۆ هێرشە درۆنییەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە ئاراستەی دامەزراوە نەوتییەکانی ناو خاکی سعودیە کرابوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو