دواخستنی هێرشەکان یان گەمەی سەربازیی؟ ترەمپ و تاران لە لێواری تەقینەوەدان
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕۆژی شەممە، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو هێرشانەی بڕیاربوو بکرێنە سەر ئێران دوا بخرێن. ئەمەش لەسەر داوای تاران و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە بووە، بەو مەرجەی بە خێرایی بگەنە رێککەوتن.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی کە ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، بە هێزێک کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە وێنەی نەبووە.
بەپێچەوانەی قسەکانی ترەمپ، ڕۆژی یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی ئەو بانگەشەی سەرۆکی ئەمریکای ڕەتکردەوە. ئاژانسەکە لەزاری بەرپرسانی سەربازییەوە گواستییەوە کە ئەم قسانە "هیچ نین جگە لە درۆیەک" و هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان و بۆ هەر ڕووداوێک ئامادەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی سعودیە (واس) بڵاویکردەوە کە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە "پێویستە دیالۆگ و گفتووگۆ بکرێتە ئەولەویەت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان".
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە گرنگە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، تا ڕێگە خۆش بێت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت و ڕێگری بکات لە هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوانتر.
ئاگادارکردنەوەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و هەڕەشەکانی ئێران
پێش ئەوەی ترەمپ قسە لەسەر دواخستنی هێرشەکان بکات، ناوچەکە لە دۆخێکی پڕ لە مەترسیدا بوو؛ چونکە ڕۆژی شەممە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە چەندین پایتەختی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاووڵاتیانی خۆیان لەوە ئاگادارکردەوە کە ئەگەری هەیە "جەنگەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەورەتر ببێت"، و داوایان لێکردن ئامادەکاری بکەن بۆ جێهێشتنی ناوچەکە.
ڕۆژی شەممە، ئاژانسی "نوور نیوز" کە سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە، ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ژێرخانی وزەی ئێران، تاران هێرش دەکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە و ئیمارات، کێڵگە گازییەکانی قەتەر و ئیسرائیل. ئاژانسەکە گوتیشی: "هەموو شتێک دەسووتێت و دەبێتە خۆڵەمێش".
لە هەمان کاتدا، لە هەژماری تەلەگرامی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بڵاوکرایەوە کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە گوتبووی: هەر دەستدرێژییەکی ئەمریکا و ئیسرائیل، یان بەشداریی وڵاتانی ناوچەکە لەو کارانەدا، بێ گومان بە "وەڵامێکی زۆر توند و گونجاو" وەڵام دەدرێتەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی هەواڵی "ئەکسیۆس"ی ڕاگەیاندووە کە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، ڕۆژی شەممە قسەی لەگەڵ ترەمپ کردووە و "نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و داوای ڕوونکردنەوەی کردووە" سەبارەت بە پلانەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران.
ئەم ئاگادارکردنەوە مەترسیدارەی باڵیۆزخانەکانی واشنتۆن لە وڵاتانی (بەحرێن، میسر، عێراق، ئیسرائیل، ئوردن، کوێت، لوبنان، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیمارات)، ڕێک ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە دونالد ترەمپ هەڕەشەی کردبوو کە ئێران "بە هێزێکی زۆر سەختییەوە" تێکدەشکێنێت.
هۆشداریی لە بوون بە قەڵغانی بەرگریی بۆ ئەمریکا
لە بەرامبەردا، ڕۆژی شەممە، هێزە سەربازییەکانی ئێران ئەمریکایان تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەیەوێت "گرژییەکان فراوانتر بکات" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و ئاگادارییان دایە وڵاتانی ناوچەکە کە هاوکاری واشنتۆن نەکەن لە جەنگەکەیدا دژی ئێران.
عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا (کە ژووری سەرەکی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئێرانە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، گوتی: "ئەمریکا بە خێرایی دەیەوێت ئاڵۆزی و گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر بکات". گوتیشی: "هەر وڵاتێک بێتە قەڵغانی بەرگریی بۆ ئەمریکای تاوانبار و دەستدرێژکار، ئاگری ئەم جەنگەی بەردەکەوێت".
لە لایەکی دیکەوە، محەمەد مخبر، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران، ئاگادارییدا لە هەر هێرشێک بکرێتە سەر ژێرخانی وڵاتەکەی. لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "ئێوە بە هاوکێشە سەربازییەکان حساب دەکەن، بەڵام ئێمە بە لۆژیکی مێژوو وەڵام دەدەینەوە". و زیادی کرد: "هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ئەو هێڵە مەترسیدارانە دەجووڵێنێت کە سیستەمە دەسەڵاتدارەکەتانی لەسەر بنیاد نراوە لەم 250 ساڵەی دواییدا".
پێشهاتە دەریاییەکان و گەرووی هورمز
مانگی ڕابردوو، دوای چەند ڕۆژێک لە ئارامی، ئێران و ئەمریکا دووبارە دەستیان کردەوە بە هێرشکردنە سەر یەکتر لە شەواندا، بەڵام شەوی هەینی لەسەر شەممە هیچ هێرشێک ڕووی نەدا.
ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشی کردە سەر کەشتییەکی گازی سەر بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە لە بەندەری دەمیات لە باکووری میسر وەستابوو، و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەناو کەشتییەکەدا. بەڵام دەسەڵاتدارانی میسر کە هێشتا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن، بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەیان نەخستە سەر هیچ لایەنێک.
لە هەمان کاتدا، دەستەی دەریایی بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە "تەنێکی نەناسراو" بەر کەشتییەکی نەوت هەڵگر کەوتووە لە بەرامبەر کەنداوی عومان، لە کاتێکدا کێشمەکێش لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز.
کۆمپانیای "کێپلەر" کە چاودێری بازرگانی دەریایی دەکات، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە چوون و هاتنی کەشتییەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە "بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو" کەمی کردووە.
کۆمپانیاکە لە پلاتفۆرمی "ئێکس" زیادی کرد: "لەگەڵ بەردەوامی جیاوازی هەڵوێستەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆمپانیا دەریاییەکان بە وردی چاودێری جووڵەی کەشتییەکان و گۆڕینی ڕێڕەوەکانیان دەکەن، هەروەها چاوەڕێی هەر پێشهاتێکی دیپلۆماسی دەکەن کە ڕەنگە مەترسییەکان لەسەر ڕێگە بازرگانییە ئاوییەکانی ناوچەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا بگۆڕێت".