پاشگەزبوونەوە لە لێواری جەنگ؛ پێنج هەڕەشەکەی ترەمپ بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران

٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٠ پاش نیوەڕۆ

پاشگەزبوونەوە لە لێواری جەنگ؛ پێنج هەڕەشەکەی ترەمپ بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران

پەنجەرە

لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران قۆناغێکی بێپێشینە لە ئاڵۆزی و ناڕوونی بەخۆیەوە دەبینێت. 
لەم چوارچێوەیەدا، د. نەوزاد هیتوتی، شرۆڤەکاری سیاسی، ئاماژە بەوە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لانیکەم پێنج جار هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و گەورەی بۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووریی ئێران کردووە - بە تایبەت دوای دروستکردنی ئاستەنگ بۆ کەشتیوانی لە تەنگەی هۆرموز - بەڵام لە دوایین کاتژمێرەکاندا لە هەڕەشەکانی پاشگەز بووەتەوە.

پێنج هەڕەشەکەی ترەمپ بۆ سەر ئێران

١. هۆشداریی یەکەم (٢١ی ئاداری ٢٠٢٦): دوا دەرفەتی ٤٨ کاتژمێری
لە ٢١ی ئاداردا، ترەمپ یەکەمین هۆشداریی توندی ئاراستەی تاران کرد و مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێری دیاریکرد؛ ئاماژەی بەوە دا ئەگەر ڕێگە بە کەشتیوانیی ئازاد لە تەنگەی هۆرموز نەدرێت، کارگەکان و تۆڕی کارەبای ئێران بە تەواوی لەناو دەبرێن. بەڵام لە ٢٣ی ئاداردا، ترەمپ پێنج ڕۆژی دیکەی وەک مۆڵەت درێژکردەوە و ڕایگەیاند کە دانوستانەکان بە باشی بەڕێوە دەچن.

٢. هۆشداریی دووەم (٣٠ی ئاداری ٢٠٢٦): ئامانجگرتنی دوورگەی خارگ
دوای هەفتەیەک، ترەمپ مۆڵەتێکی ١٠ ڕۆژەی ڕاگەیاند و بە ڕاشکاوی هەڕەشەی بۆمبارانکردنی دوورگەی خارگ (کە ناوەندی هەناردەکردنی زیاتر لە ٩٠٪ی نەوتی ئێرانە) و کارگەکانی شیرینکردنەوەی ئاو کرد. ئەم هەڕەشەیە لە ٧ی نیساندا بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست کۆتایی هات.

٣. هۆشداریی سێیەم (١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦): کۆنترۆڵکردنی ناوەندە نەوتییەکان

دوای پێشێلکردنی ئاگربەستەکە لەلایەن ئێرانەوە، ترەمپ هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی سەربازیی دوورگەی خارگ و دەستبەسەرداگرتنی گشتیی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێرانی کرد. بەڵام دوای گفتوگۆی نهێنی لە دوا کاتژمێرەکاندا، هێرشەکە ڕاگیرا و لە ١٨ی حوزەیراندا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ کرا.

٤. هۆشداریی چوارەم (٧ی تەمموزی ٢٠٢٦): هێرشی ئیفلیجکەر و هاوکێشەی «پرد بەرامبەر کەشتی»
دوای دروستبوونی کێشە لە جێبەجێکردنی یاداشتنامەکە، ئەمریکا هێرشێکی ١٣ ڕۆژەی سنوورداری کردە سەر باشووری ئێران. لە ٢٢ی تەمموزدا ترەمپ هاوکێشەیەکی نوێی خستەڕوو: "بۆ هەر کەشتییەک کە ئێران هێرشی بکاتەسەر، ئەمریکا پردێک یان کارگەیەکی کارەبا لە ناوجەرگەی پایتەختدا بۆمباران دەکات." لەگەڵ ئەوەشدا، هەڕەشە بەرفراوانەکان جێبەجێ نەکران.

٥. هۆشداریی پێنجەم (٣١ی تەمموزی ٢٠٢٦): داتاشینی دەرفەت بۆ دیپلۆماسی
لە دوایین پەرەسەندندا، ترەمپ بڕیاری هێرشێکی بەرفراوانی بۆ کۆتایی هەفتە (١ی ئاب) دەربڕی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە. بەڵام لە ٢ی ئابی ٢٠٢٦دا، بە شێوەیەکی لەناکاو هێرشەکان هەڵوەشێنرانەوە. ئەم هەنگاوە دوای ناوبژیوانیی عەرەبستانی سعودی و چەند وڵاتێکی ناوچەکە هات، کاتێک واشنتۆن و تاران گەیشتنە چوارچێوەیەک بۆ ڕێککەوتنی خێرای دیپلۆماسی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و ئازادکردنی هاتوچۆ لە تەنگەی هۆرموز.

تەفسیر و هەڵسەنگاندن؛ سیاسەتێک لەسەر بنەمای بڕیاری تاکەکەسی
لە کۆتایی شیکارییەکەیدا، د. نەوزاد هیتوتی ئاماژە بەوە دەکات کە شێوازی بڕیاردانی دۆناڵد ترەمپ ڕەنگدانەوەی کەسایەتییەکی "میزاجی، نائاسایی و پێشبینینەکراوە".

د. نەوزاد هیتوتی وتی”ترەمپ زۆربەی بڕیار و هەڕەشەکانی بە شێوەی تاکەکەسی دەکات و کەمتر پشت بە دامەزراوە فەرمییەکانی بڕیاردان لە ئەمریکا دەبەستێت. ئەمەش وایکردووە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم قۆناغەدا تووشی ناڕوونی و ناجێگیرییەکی قووڵ ببێتەوە، چونکە ئاڕاستەی ڕووداوەکان تەنیا بەستراوەتەوە بە هەڵوێست و بڕیاری کەسێکەوە.»


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو