سعودییە و عێراق؛ لە پردی دیپلۆماسییەوە بۆ مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە

٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢١ پاش نیوەڕۆ

سعودییە و عێراق؛ لە پردی دیپلۆماسییەوە بۆ مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە

پەنجەرە

هێرشە ئاسمانییەکانی سعودییە بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە ناو عێراق بووەتە جێی باسی میدیاکان، چونکە ئەمە یەکەم جارە ڕیاز بە فەرمی بەشداری سەربازیی ڕاستەوخۆی خۆی لە ناو خاکی عێراقدا ڕابگەیەنێت. 

ئەم هەنگاوە پرسیاری زۆری لای چاودێران دروست کردووە،  دەربارەی ئەوەی کە چی بەسەر دۆخی سیاسی بەغدا و سیاسەتەکانی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی کەنداودا دێت.

کەناڵی فرانس بیست و چوار بڵاویکردووەتەوە کە بەشداریکردنی سعودییە لەگەڵ ئەمریکا لەم هێرشانەدا گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هەڵوێستی ڕیازدا دوای ئەوەی بۆ چەندین مانگ دانبەخۆداگرتنێکی زۆری نیشان دا بوو. 

ئەگەرچی سعودییە دەڵێت ئەمە بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆی، بەڵام شارەزایان دەپرسن ئایا ڕیاز سیاسەتی هۆشیارانەی خۆی بەرامبەر ئێران گۆڕیوە یان تەنها ویستوویەتی پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بنێرێت. بەپێی وتەی تۆبی ماتیسن کە شارەزایە لە زانکۆی بریستۆڵ، ئەمە دیاریدەیەکی ئاشکرای بەشداری سەربازیی سعودیە.

لە لایەکی ترەوە خاڤێر بۆردۆن توێژەر لە زانکۆی لانکاستەر ئاماژە بەوە دەکات کە سعودییە هێشتا دەیەوێت وەک وڵاتێکی ئاشتیخواز و مامناوەند دەربکەوێت و مەبەستی نیە پەرە بە جەنگ بدات بەڵکو دەیەوێت تەنها ڕێگری لە هێرشی زیاتر بکات. 

ئەو پێی وایە هێرشە بەردەوامەکان و مەترسی لەسەر ڕێگە بازرگانییە دەریاییەکان هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە بوون. هەروەها شارەزایانی تر دەڵێن لە ساڵانی ڕابردوودا ڕیاز هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران هێمن بکاتەوە، بەڵام دوایین پێشهاتەکان نیشانی دەدەن کە سەرکردەکانی سعودییە پێیان وابووە ئێران پێویستی بە پەیامێکی ڕوونتر هەیە و عێراقیش لە رووی سەربازیی و سیاسییەوە بۆ ڕیاز زۆر گرنگترە لە یەمەن.

شارەزایان دەڵێن ئەمریکا و سعودییە پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکەن کە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتی عێراقدا بێت و ئەم هێرشانەش نیشاندانی پشتیوانی بوون بۆ ئەو ئامانجە. 

کنزی دیسوکی پسپۆڕی پەیوەندییەکانی سعودییە و ئێران دەڵێت سعودییە خۆی بەدوور گرتووە لە هێرشکردنە سەر خاکی ئێران، بۆیە ئەم بڕیارە زیاتر نیشاندانی هێزە نەک هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان. 

ڕیاز هیواخوازە بەم کارە ڕێگری لە هێرشی زیاتر بۆ سەر خاکەکەی بکات، بەڵام هەندێک شیکەرەوە هۆشداری دەدەن کە بەشداریکردن لە هێرشەکانی ئەمریکادا دەشێت سعودییە بەرەو قووڵایی کێشمەکێشە هەرێمییەکان ڕابکێشێت.
ماڵپەڕی ئەمواجی بەریتانیش پێی وایە ڕەنگە زەرەرمەندی سەرەکی لەم بڕیارە عێراق بێت کە ساڵانێکە هەوڵ دەدات خۆی لە جەنگی بەوەکالەتی وڵاتان دوور بخاتەوە. دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی لە عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا زۆر هەوڵیان دا عێراق نەکەنە مەیدانی شەڕ و لەبری ئەوە بیکەنە ناوەندێک بۆ دیپلۆماسی، بەڵام هێرشە نوێیەکان مەترسی ئەوەیان هەیە عێراق بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی تەسفیەکردنی حسابات.

لە بەرامبەردا موهەننەد عوقابی لە حەشدی شەعبی هێرشەکانی سعودییەی بە هەڵەیەکی سیاسی وەسفکرد کرد و هەرجۆرە تێوەگلانێکی حەشدی لە هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودییە ڕەتکردەوە. 

هەروەها حەسەن کازمی قوممی باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا گومانی لە هێرشەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا ڕەنگە دەستی دەرەکی تێدا بێت. بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرباری ڕاستیی ئەم قسانە، رووداوەکان نیشانی دەدەن عێراق چەندە خێرا دەبێتەوە بە گۆڕەپانی کێبڕکێی هێزە دەرەکییەکان.

ماڵپەڕە بەریتانییەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم ئاڵۆزییانە دەکرێت لەشکرکێشی و بوونی سەربازی ئەمریکاش درێژە پێ بدەن و داواکارییەکانی بەغدا بۆ پاشەکشەی ئەمریکا قورس بکەن. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ڕیاز مەترسی لەسەر وەبەرهێنانی کەنداو لە عێراق دروست دەکات. لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە بەڕێوەبردنی ئەم قەیرانە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ ئەلزەیدی، چونکە ئامانجەکانی بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بێگانە بەندە بە سەقامگیری ناوچەکە و داهاتووی عێراق دیاری دەکات کە ئایا دەبێتە پردی پەیوەندی یان دەبێتەوە بە هێڵی پێشەوەی جەنگەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو