لە سێبەرەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات؛ ئەحمەد وەحیدی چۆن دۆسیەی ئەمریکای ڕادەستکرا؟

١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٥٤ پاش نیوەڕۆ

 لە سێبەرەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات؛ ئەحمەد وەحیدی چۆن دۆسیەی ئەمریکای ڕادەستکرا؟

پەنجەرە 

ڕاپۆرتێکی پێیشووتری ڕۆژنامەی “تێلیگراف"ی بەریتانی ئاماژە بەوە دەکات فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەحمەد وەحیدی، کۆنترۆڵی "بەهێزترین باڵی سەربازیی ئێرانی کردووە و هەنگاوەکانی ئێران لە جەنگدا بەڕێوە دەبات"، وەک "گفتوگۆکەرێکی ڕاستەقینە" دەردەکەوێت کە لە پشت پەردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە تیشکی خستووەتە سەر جیاوازیی نێوان هەردوو کەسایەتییەکە؛ لە کاتێکدا یەکێکیان (ترەمپ) هەڕەشە و بۆچوونەکانی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکاتەوە و لە هاوینەهەوارەکەی لە فلۆریداوە هێرشەکان بەڕێوە دەبات، ئەوی تریان (وەحیدی) لە سەرەتای جەنگەکەوە خۆی لە گوتار و لێدوان بەدوور گرتووە و بڕیاریداوە بە بێدەنگی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر بەهێزترین هێزی سەربازیی ئێراندا بسەپێنێت.

گۆڕانکاری لە لوتکەی دەسەڵاتی سەربازیدا

دوای کوژرانی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، لیوا محەمەد پاکپور لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیلی-ئەمریکیدا، تاران دەستبەجێ "ئەحمەد وەحیدی" جێگری پاکپوری وەک جێگرەوەی ئەو دەستنیشان کرد، تاوەکو لە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامیدا سەرکردایەتی سوپای پاسداران بکات.

ئەحمەد وەحیدی کێیە؟

لە ساڵی 1958 لە شاری شیراز لەدایکبووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەلیکترۆنیات و ماستەری لە ئەندازیاری پیشەسازی و دکتۆرای لە زانستە ستراتیژییەکاندا هەیە.
پێشتر سەرۆکایەتی زانکۆی باڵای بەرگریی نیشتمانی کردووە.

ژیانی سەربازی و سیاسی

وەحیدی لە ساڵی 1979ـەوە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوپای پاسداران و خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژە لەنێو سوپادا.

ساڵی 1981 وەک جێگری سەرۆکی هەواڵگری دەستنیشانکرا، بەڵام لە ساڵی 1988 بوو بە یەکەم فەرماندەی "فەیلەقی قودس".

لە ساڵی 1997 گواسترایەوە بۆ وەزارەتی بەرگریی و بووە جێگری عەلی شەمخانی بۆ کاروباری پلاندانان و بەرنامەکان.
لە ساڵانی 2009 - 2013، وەک وەزیری بەرگری لە حکومەتەکەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد کاریکرد.

لە ساڵانی 2021 - 2024، پۆستی وەزیری ناوخۆی لە کابینەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی وەرگرت. بەڵام لە ساڵی 2022 بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم.

گۆڕانکاری لە ستراتیژیی تاران؛ دۆسیەی ئەمریکا ڕادەستی فەرماندەی سوپای پاسداران دەکرێت

میدیای ئیسرائیلی ئاشکرایدەکات کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و جەوهەری لە شێوازی بەڕێوەبردن و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕوویداوە. 
بەپێی زانیارییەکان، موجتەبا خامنەیی ئەرکی بڕیاردان و ئاڕاستەکردنی دۆسیەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە تەواوی بە ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران کردووە. ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدایە کە سەرجەم دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن وەستاون و ئاڵوگۆڕەکان تەنها لە ڕێگەی وڵاتانی ناوبژیوانەوە ئەنجام دەدرێن.

کەناڵی 14ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی هەواڵگریدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و ستراتیژی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تووشی وەرچەرخان بووە، بەتایبەتی لەو دۆسیەیەی پەیوەندیدارە بە بەڕێوەبردنی پەیوەندی و ململانێکان لەگەڵ ئەمریکادا.
بەپێی زانیاری و سەرچاوەکانی ئەو کەناڵە، دیدگا و ڕێبازە ئەمنی و توندڕەوەکەی ئەحمەد وەحیدی—کە فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانە—کراوەتە بنەما و ئاڕاستەی فەرمیی سیاسەتی دەوڵەت. 

لەم چوارچێوەیەدا، موجتەبا خامنەیی بە شێوازێکی فەرمی و بڕیارێکی یەکلاکەرەوە، دەسەڵاتی ڕەها و تەواوەتیی بڕیاردانی لەسەر دۆسیەی ئەمریکا واژۆ کردووە و ڕادەستی ئەحمەد وەحیدی کردووە تاوەکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دۆخەکە بکات.

هەمان زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا هیچ جۆرە دیالۆگ، دانوستان، یان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و فەرمی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا لە ئارادا نییە. بەڵکو سەرجەم پەیام، بروسکە و ئاڵوگۆڕە دیپلۆماسییەکان بە ناڕاستەوخۆ و تەنها لە ڕێگەی کەناڵەکانی وڵاتانی ناوبژیوانەوە دەگەیەنرێن. ئەم بارودۆخەش بە ئاماژەیەکی ڕوون بۆ قووڵبوونەوەی ناڕوونییەکان، ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا دەژمێردرێت.

ئەحمەد وەحیدی، کە ئێستا فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانە و پێشتریش یەکەم فەرماندەی فەیلەقی قودس بووە، وەک کەسایەتییەکی سەربازی و هەواڵگریی ڕادیکاڵ و پەیڕەوکاری ڕێبازێکی توندی دژە ڕۆژئاوا دەناسرێت. دیدگا و ستراتیژیی ئەو بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دیدگایەکی تەواو دژبەرانە، ڕەق و هێرشبەرانەیە.
 نەهجی وەحیدی بە جۆرێکە کە هەر جۆرە سازشێک، پاشەکشەیەک، یان کەمکردنەوەی هەژموون و کۆنتڕۆڵی سەربازیی ئێران بەسەر ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەکانی ناوچەکەدا—بەتایبەت گەرووی هورمز—بە شێوازێکی ڕەها و بێ گەڕانەوە ڕەتدەکاتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو