لە پاشکۆیەتییەوە بۆ خنکاندن؛ چۆن ئێران خەریکە ئابووریی عێراق دووچاری داڕووخان دەکات؟

١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٥٤ پاش نیوەڕۆ

لە پاشکۆیەتییەوە بۆ خنکاندن؛ چۆن ئێران خەریکە ئابووریی عێراق دووچاری داڕووخان دەکات؟

پەنجەرە

کەرتی نەوتی عێراق لە هەردوو مانگی ئایار و حوزەیرانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی مەترسیدار و بێپێشینە بووەوە، بەجۆرێک کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکە دابەزیی بۆ نزیکەی ۳۲ ملیۆن بەرمیل و کۆی داهاتەکەشی لە ۲.۳ ملیار دۆلار تێنەپەڕی. 

ئەم ژمارانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ داڕمانێکی ئابووریی گەورە، بەتایبەت کاتێک بەراورد دەکرێن بە ئاستی هەناردەکردنی ڕۆژانەی پێشوو کە نزیکەی ٣.٥ ملیۆن بەرمیل بوو پێش هەڵگیرسانی جەنگی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران و داخستنی تەنگەی ستراتیژیی هورمز.

ئەم وێنە ئابوورییە ئاڵۆزە وڵاتەکەی خستووەتە نێو قەیرانێکی دارایی سەختەوە. زۆربەی شیکەرەوان و شارەزایانی ئابووریی هۆشداری دەدەن لەوەی مانگەکانی داهاتوو دەکرێت عێراق بە تەواوی ڕووبەڕووی مەترسیی ئیفلاسبوون بکەنەوە. هاوکات نیگەرانیی جدی هەیە لەوەی حکومەت توانای جێبەجێکردنی پابەندبوونی دارایی و شایستەکانی خۆی لەدەست بدات، ئەگەر ئاڵۆزییە هەرێمییەکان بەردەوام بن و تەنگە گرنگەکەش بە داخراوی بمێنێتەوە.

لە ڕەوتی ئەم قەیرانەدا، ئاستەنگەکانی ئێران بەرامبەر تێپەڕبوونی نەوتی عێراق کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە. ڕەخنەگران و شارەزایان بە چەندین ئاراستە شیكردنەوە بۆ ئامانجەکانی تاران دەکەن.

ئیحسان ئەلشەمەری، ئەکادیمی و توێژەری سیاسی، ئاماژە بەوە دەکات کە تاران بە شێوازێکی مەبەستدار ئاستەنگ بۆ هەنگاو و ئاراستە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی دروست دەکات، بەتایبەت دوای سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، چونکە ئەم جووڵانە بە دەستێوەردان و ڕکابەری بۆ سەر هەژموونی خۆی لە ناو عێراقدا دەبینێت. 

ئەلشەمەری جەخت دەکاتەوە کە ئێران دەیەوێت پەیامێکی ڕوون بنێرێت کە کۆنترۆڵکەری سەرەکیی هاوکێشەکان تارانە و واشنتۆن توانای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەغدای نییە، جگە لەوەی تاران نایەوێت بە نیشاندانی نەرمی لە تەنگەی هورمز کارتی گوشاری سەرەکیی خۆی لاواز بکات. 
ناوبراو ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ئەگەری هەیە بەغدا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئەم ئاستەنگانەوە هەوڵ بدات بەرپەرچی ڕەخنە داراییەکان بداتەوە و ئاماژە بەوە بکات کە بەرپرسیاریەتیی قەیرانەکە لە ئەستۆی بڕیارەکانی ئێراندا دەمێنێتەوە.

لە گۆشەنیگایەکی ترەوە، فەلاح ئەلمەشعل، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، سەرنج دەخاتە سەر ڕەفتاری ئێران بەرامبەر هاوپەیمانە مێژووییەکەی و دەڵێت عێراق لە ساڵانی گەمارۆ ئابوورییە سەختەکاندا وەکو سییەکانی ئابووریی ئێران ڕۆڵی گێڕاوە و هەموو ئاسانکارییەکی سنووری و دارایی بۆ دابین کردووە، تا ئەو پەڕی کردنەوەی سنوورەکان بۆ ملیۆنان سەردانیکەر و میوانداریی بێبەرامبەر. کەچی بە بڕوای ئەلمەشعل، لەم بارودۆخە هەستیارەدا تاران ڕێگە بە تێپەڕبوونی نەوتی عێراق نادات، کە سەرچاوەی سەرەکیی گوزەرانی خەڵکی عێراقە، لە کاتێکدا ڕێگەی بە کەشتیی هەندێک وڵاتی تر داوە وەک چین و کۆریا. 

ئەلمەشعل جەخت دەکاتەوە کە ئەم مامەڵەیەی ئێران، هەروەک چۆن کەرتی گازی بە دوو بەرامبەری نرخ بە عێراق فرۆشتووە و کردوویەتییە کارتی سیاسی، نیشاندەری ڕەفتارێکی خۆبەزلزانانەیە کە وەبەرهێنان لە هاوسۆزیی مەزهەبی دەکات؛ ئەمەش پێویست دەکات عێراقییەکان بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆیان بخەنە سەروو هەموو ڕەچاوکردنێکەوە.

لە بەرامبەر ئەم گوشارانەدا، باسم محمد خدر، وەزیری نەوتی عێراق، ئاشکرای دەکات کە بەغدا بێدەنگ نەبووە و دیالۆگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تاران دەستپێکردووە تا دەستەبەرکردنی جووڵەی کەشتییە نەوتییەکان مسۆگەر بکات. 

هەروەها خدر ڕوونیشی دەکاتەوە کە هاوکات بژاردەی بەدیل خراوەتە کار؛ لە ڕێگەی گواستنەوەی بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی باشوور بۆ بۆڕییەکانی باکوور بەپێی ڕێککەوتنی درێژکراوەی عێراق-تورکیا، بە مەبەستی ڕوانەکردنی زیاتر لە ۷۰۰ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، کە ئەم پلانە توانای نەرمی دان و بەهێزکردنی بژاردەکانی وڵات زیاتر دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆسپە هەرێمییەکاندا.

لەلایەکی ترەوە، موجاشع ئەلتەمیمی، ئەکادیمی و توێژەری سیاسی، سەرنج بۆ مەترسییە دوورمەوداکانی بازاڕی نەوت ڕادەکێشێت و ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای نەمانی بەشێکی زۆری هەناردەی عێراق، بازاڕی جیهانیی نەوت تووشی شوکێکی وا نەبووە. ئەلتەمیمی هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئێران لە ئایندەدا دوای ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بگەڕێتەوە بازاڕەکان، مەترسی هەیە گرنگیی ئابووریی عێراق پاشەکشە بکات. 
بەرامبەر ئەم ئەگەرە، ناوبراو پێی وایە پشتیوانیکردنی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" بۆ بەستنەوەی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاوا، چیتر بژاردەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو پێویستییەکی بەپەلە و چارەنووسسازە بۆ پاراستنی پێگە و داهاتووی ئابووریی وڵات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو