حەشد لە پاشەکشەدایە یان زەیدی تەحەدا دەکات؟ سەردانە ئاڵۆزەکەی ڕیاز ئەنجام دەدرێت
١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرەڕای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانکردنی خاکەکەی لەلایەن میلیشیاکانەوە، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپانەی لە حەوت پارێزگای عێراق کردە ئامانج—کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ڕیاز—بەلام لە نوێترین پێشهاتدا بڕیارە هەفتەی داهاتوو زەیدی سەردانە دواخراوەکەی بۆ سعودیە ئەنجام بدات.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕایگەیاند: "هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی پێشووی زەیدی ڕاستەوخۆ لەژێر فشاری میلیشیاکان و حەشدی شەعبیدا بوو؛ حەشد دەیویست ئەو پەیامە بگەیەنێت کە زەیدی تەنیا دەسەڵاتی سەردانیکردنی شوێنەکانی وەک تورکیا و واشنتۆنی هەیە، بەڵام ناتوانێت سەردانی سوریا و وڵاتانی کەنداو بکات."
سەبارەت بە ئەنجامدانی سەردانەکە لە هەفتەی داهاتوودا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە دوو ئەگەری لەپشتە:
ئەگەری یەکەم: حەشدی شەعبی بە سیاسەتەکانی خۆیدا چووبێتەوە و نەیەوێت ئاڵۆزییەکان زیاتر ببن، بەتایبەت کە لە ئێستادا وتاری میدیاییان بەو ئاراستەیەیە کە گوایا سعودیەکان پەلەیان کردووە و هێرشەکە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام نەدراوە.
ئەگەری دووەم: عەلی زەیدی بڕیاری دابێت ڕووبەڕووی ئەو فشارانە ببێتەوە و بە شێوازێکی ئاشکرا تەحەدای هەڵوێستەکانی حەشد بکات.