وردەکاریی نوێ لەسەر دیدارە نهێنییەکەی پزیشکیان و موجتەبا خامنەیی؛ لە کوشنی دواوەی ئۆتۆمبێلێکدا و بە چاوی بەستراوەوە
١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تۆڕی هەواڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ" دەستی بە کۆمەڵێک زانیاریی تایبەت و ورد کەوتووە دەربارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی.
زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن کە پزیشکیان لە شوێنێکی تەواو نادیاردا و لەسەر کوشنی دواوەی ئۆتۆمبێلێک، ڕووبەڕووی موجتەبا خامنەیی بووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە پزیشکیان لە ناوەڕاستی مانگی گوڵاندا و لەمیانی دانیشتنێکدا لەگەڵ نوێنەرانی سەندیکاکاندا گوتبووی کە کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێر و نیویی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی ئەنجام داوە و کۆبوونەوەکەشیان "لە کەشێکی دۆستانەدا" بەڕێوەچووە.
بەڵام سەرچاوەکانی ئێران ئینتەرناشناڵ پەردە لەسەر ڕاستییەکان لادەدەن و ئاماژە بەوە دەکەن؛ دوای ئەوەی پزیشکیان بەبەردەوامی داوای چاوپێکەوتنی کردووە و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، سەرەنجام نوسینگەی موجتەبا خامنەیی ڕەزامەندیی لەسەر دیدارەکە دەربڕیوە. بەڵام پێشوەختە بە پزیشکیان ڕاگەیەندراوە کە بە پێچەوانەی نەریتی هەمیشەیی، کۆبوونەوەکە لە شوێنی ئاسایی و نیشتەجێبوونی ڕێبەردا ئەنجام نادرێت.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانەکانی خامنەیی، پزیشکیانیان بۆ شوێنێکی شاراوە و نادیار لە شاری تاران گواستووەتەوە، تاوەکو لە کوشنی دواوەی ئۆتۆمبێلێکی بازرگانی و رووپۆشکراو بە شوشەی تۆخ چاوی بە موجتەبا خامنەیی بکەوێت.
سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە گفتوگۆکەیان تەنیا چەند خولەکێکی کەمی خایاندووە و ڕاستەوخۆ دوای ئەوە، لە سەرۆک داواکراوە شوێنەکە جێبهێڵێت. لە سەروبەندی دیدارەکەدا، پاسەوانەکانی موجتەبا خامنەیی ڕێگەیان نەداوە پزیشکیان تەوقە لەگەڵ ڕێبەردا بکات، تەنانەت کۆبوونەوەکە بە جۆرێک ڕێکخرابوو کە پزیشکیان نەیتوانیوە ڕوخساری موجتەبا خامنەیی ببینێت و تەنیا گوێی لە دەنگی بووە.
ئەم ڕەفتارانە بوونەتە هۆی تووڕەبوونی مەسعود پزیشکیان، بەو پێیەی بە بێڕێزیی و سووکایەتیکردنێکی گەورە بە پێگەکەی هەژماری کردووە.
بەپێی وتەی هەندێک سەرچاوە لە نوسینگەی سەرۆک کۆمار، پزیشکیان دوای گەڕانەوەی بۆ نوسینگەکەی، گومانی دەربڕیوە و پرسیویەتی کە ئایا ئەو کەسەی لە کوشنی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە قسەی لەگەڵ کردووە بەڕاستی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بووە یان نا، چونکە تەنیا گوێی لە دەنگی بووە. هێشتا ڕوون نییە ئەم گومانەی پزیشکیان لە تووڕەیی زۆرەوە سەرچاوەی گرتووە یان بەڕاستی تووشی گومان بووە لە ناسنامەی کەسەکە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە بەم دواییانە پزیشکیان داوای دیدارێکی دیکەی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کردووەتەوە، بەمەرجێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمیی ڕێبەردا بێت، بەڵام ئەم داوایەی لە ئێستادا ڕەتکراوەتەوە.
لە دوای ئەوەی نزیکەی پێنج مانگ بەرلە ئێستا ئەنجومەنی شارەزایان (مەجلیسی خوبرەگان) موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کرد، تاوەکو ئێستا هیچ گرتەیەکی دەنگی یان ڤیدیۆیی بڵاونەکراوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، محەمەد باقڕ خەزڕەجی (خۆرازی)، برای هاوسەری مەسعود خامنەیی (کە کوڕێکی دیکەی عەلی خامنەیییە)، لە ڤیدیۆیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە (١٢ی گەلاوێژ) بڵاوی کردەوە، ئاشکرای کرد کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەڕەسمی و ئاشکرا هۆشداریی داوە کە ئەگەر مەسعود پزیشکیان جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە بکات، ڕاستەوخۆ دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند دەکات.
خەزڕەجی ئاماژەی بەوە کرد کە پزیشکیان تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ٢٨ جار دەستی لەکارکێشاوەتەوە یان هەڕەشەی وازهێنانی کردووە، و گوتی: "ڕێبەری شۆڕش (موجتەبا خامنەیی) نووسیویەتی ئەگەر پزیشکیان جارێکی دیکە دەستلەکاربکێشێتەوە، دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند دەکەین. بە فەرمی ڕایانگەیاند و بەهۆی ئەمەشەوە ئەوان کەلوپەلەکانیان کۆکردەوە، ئاستی داواکارییەکانیان هێنایە خوارەوە و ئیتر هەڕەشەی وازهێنانیان نەکرد."
ئەمە لەکاتێکدایە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوخۆی ئێران لە ١٠ی جۆزەرداندا بە ئێران ئینتەرناشناڵی ڕاگەیاندبوو کە مەسعود پزیشکیان بە ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ نوسینگەی موجتەبا خامنەیی، ڕاستەوخۆ داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردبوو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خەزڕەجی ئاماژەی بە مەیلی موجتەبا خامنەیی کرد بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سەرکردایەتیی تیمی دانوستانکار و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییدا، و گوتی: "ڕێبەری شۆڕش بڕیاری داوە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەستکاری بکات، دەیەوێت بەڕێز زولقەدر لابات و موحسین ڕەزایی بخاتە شوێنی. هەروەها بە بەڕێز عێراقچی دەستنیشانکراوە کە بە هیچ شێوەیەک مافی دەستوەردانی لە دانوستانەکاندا نییە."
خەزڕەجی لە کۆتاییدا گوتی: "ئەو بە بڕیارێکی توندەوە هاتووهتە مەیدانەکەوە. ئێوە حاج ئاغا موجتەبا ناناسن؛ باوکی (ڕێبەری شەهید) کەمێک شەرمی دەکرد و ڕوودەربایسی هەبوو، بەڵام ئەو بڕوای بە ڕوودەربایسی و شەرمکردن نییە."