لە فەرماندەیی سەربازییەوە بۆ ڕابەرایەتی سیاسی؛ نەخشەڕێگەی نوێی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە دیمەشق
١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان لە سوریا، کە سەرەتاکەی بۆ ڕێککەوتنی ۲٩ی کانونی دووەمی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی "هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)" و "بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" ڕابگەیەنرێت.
حکومەتی سوریا دەمێکە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم دوو دامەزراوەیەی دەکرد، بەجێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش، ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ چوونە ناو قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، کە لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنە ئیداریی و سەربازییانە بەڕێوە دەچێت کە پێشتر لەسەریان ڕێککەوتبوون.
لە لایەکی ترەوە، چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا پارت یان بزووتنەوەیەکی سیاسیی نوێ دروست ببێت. بەپێی زانیارییەکان، ئەگەری زۆرە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، بێتە سەرکردەی ئەم بزووتنەوە نوێیە، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەم بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.
هاوکات لە ئەوبەری سنوور، پرۆسەی ئاشتیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە و بڕیارە بەم زووانە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دا بڕێژرێت.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسانە لە سوریا و تورکیا بە یەکترەوە بەستراونەتەوە.
سەردانی سەرکردە کوردەکان بۆ دیمەشق
لە ٤ی ئابدا، مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، دیپلۆماتکاری باڵای کوردی سووریا، لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی حکومەتی سوریا و ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوە کۆبوونەوە. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، دیاریکردنی شوێن و پێگەی داهاتووی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بوو لەناو سیستەمی سیاسیی نوێی سووریادا.
سەرچاوە ناوخۆییەکان دەڵێن، بە ئەگەری زۆرەوە ئیلهام ئەحمەد، کە پێشتر هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر بوو، پۆستێک لەناو وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە دیمەشق وەربگرێت، ئەگەرچی تا ئێستا ناوی کۆتایی پۆستەکەی بە تەواوی ڕوون نەکراوەتەوە.
لە هەمان کاتدا، ئەحمەد ئەلشەرع خوازیاربوو مەزڵوم عەبدی لە ڕیزەکانی دەسەڵات لە پایتەخت دەستبەکار بێت، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، فەرماندەی هەسەدە زیاتر ئاراستەی ئەوە دەگرێتە بەر کە ڕۆڵی هەبێت لە دروستکردنی بزووتنەوە یان چوارچێوەیەکی سیاسیی دیموکراتیی نوێ و بەرفراوان. ئەم بزووتنەوەیە تەنها بۆ کورد نابێت، بەڵکو تەواوی پێکهاتە و گرووپە جیاوازەکانی تری سووریاش لە خۆ دەگرێت.
بەپێی ئەم ئاراستەیە، مەزڵوم عەبدی بەشدار دەبێت لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی، شۆڕشگێڕان و سیاسییانی کورد، کە پێشتر ڕۆڵیان لە پەرەپێدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریدا هەبووە و ئێستا دەیانەوێت سوود لەو ئەزموونانە وەربگرن بۆ بنیاتنانی سیستەمەکە لەناو واقیعی نوێی وڵاتدا. هەرچەندە ئەو بارودۆخ و مەرجانەی هەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەریان هێنایە ئاراوە بە تەواوی گۆڕاون، بەڵام ئەو ئەزموونەی بەجێیان هێشتووە، کراوەیە بۆ دروستبوونی شێوازی نوێی کارکردن.
ئەم کۆبوونەوەیەی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئەلشەرع دوای ئەوە هات کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەردانێکی دیپلۆماسیی مێژوویی بۆ دیمەشق ئەنجامدا. ئەلشەرع بە گەرمییەوە پێشوازی لە بارزانی کرد و تەنانەت پەیامێکی بەخێرهاتنیشی بە زمانی کوردی نووسی. لەم بارەیەوە عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەریی خۆسەر لە دیمەشق هیوای دەربڕی کە بارزانی بتوانێت ڕۆڵێکی کرداری بگێڕێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گیروگرفتانەی لە پرۆسەی تێکەڵکردنەکەدا ماونەتەوە.
ئەو دۆسیانەی تا ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە
جیهان حەسەن، بەڕێوەبەری نوێی قەزای قامیشلۆ دەڵێت پڕۆسەی تێکەڵکردنی بەڕێوەبەریی خۆسەر هێشتا نەپچڕاوە و دەچێتە قۆناغی داهاتووشەوە.
لە لایەکی ترەوە، نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە ڕایگەیاند کە نزیکەی ٧٠٪ی کارەکان تەواو بوون؛ هەزاران فەرمانبەری ئیداری خراونەتە سەر مووچەی حکومەت، بەڕێوەبەری قەزا و ناحیەکان دیاری کراون، و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی ناوخۆ و پاراستنی بەکاربەر بە تەواوی تێکەڵ بە دەوڵەت کراون.
ئیبراهیم عۆلەبی، باڵیۆزی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: کە پرۆسەکە بە ئاراستەیەکی ڕاست و دروستدا هەنگاو دەنێت. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانیشدا، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی لەناو دەوڵەتدا پۆستیان پێ دەدرێت زیاتر بێت؛ بۆ نموونە لەم دواییانەدا حاجی محەمەد (چیا کۆبانێ)، فەرماندەی پێشووی هەسەدە، وەک جێگری فەرماندەی فەیڵەقی دووەم لە سوپای نوێی سووریادا دەستنیشان کرا.
بەڵام هێشتا گفتوگۆکان لەسەر چارەنووسی زانکۆکانی ناوچەکە، دیاریکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان و تێکەڵکردنی ڕێکارە داراییەکان بەردەوامن. لە سەرووی هەمویانەوە، دۆسیەی تێکەڵکردنی یەکەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەک کێشەیەکی سەرەکی ماوەتەوە و هێشتا میکانیزمی ئاڵوگۆڕەکەی روون نییە.
عەبدولکەریم عومەر پێشتر بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاندبوو کە یەپەژە ڕازی بووە وەک یەکەیەکی دژەتێرۆر بچێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ. بەڵام یەپەژە لە بەیاننامەیەکدا بە فەرمی ڕەتیکردەوە کە ڕێککەوتنی نێوانیان گەیشتبێتە قۆناغی کۆتایی، ئەگەرچی ئاماژەی بەوە کرد کە پێشنیارێکی لەو شێوەیە هەیە و لە کۆبوونەوەکانی داهاتوویاندا لەگەڵ دیمەشق تاوتوێی دەکەن.
یەپەژە هەوڵ دەدات وەک هێزێکی تایبەت بە ژنان سەربەخۆیی و پێکهاتەی خۆی لەناو وەزارەتی بەرگریدا بپارێزێت، بەڵام حکومەتی ڕاگواستنی سووریا ئەم داوایەی بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە چارەنووسی یەپەژە بە تەواوی دیاری بکرێت پێش ئەوەی قۆناغی یەکەمی تێکەڵکردن کۆتایی پێبێت. چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی یەپەژە، هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی هەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر، دیاریکردنی پۆستەکانی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، و هەروەها دروستکردنی بزووتنەوە سیاسییە نوێیەکە ڕابگەیەنرێت.