مەترسی لە پشت درەختەکانەوە: دۆڵی سەماوە چۆن بووە هێڵی گەرمی ململانێی سعودیە و ئێران؟

١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٧ پاش نیوەڕۆ

 مەترسی لە پشت درەختەکانەوە: دۆڵی سەماوە چۆن بووە هێڵی گەرمی ململانێی سعودیە و ئێران؟

پەنجەرە 

لە ناوچەی سنووریی نێوان پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاواوە تا دەگاتە پارێزگای سەماوە لە باشوور، هێڵێکی سنووریی بە درێژایی نزیکەی 814 کیلۆمەتر هەیە. ئەم ناوچەیە زەوییەکی تەخت و کەمئاوە، ئەوەندەش چۆڵ و دەشتاییە کە لە ڕووی سەربازییەوە بە یەکێک لە باشترین شوێنەکانی ناوچەکە دادەنرێت بۆ شاردنەوەی هەموو جۆرە شتێک.

ڕێک لە ناوەڕاستی ئەم ناوچەیەدا دۆڵی (بادیە)ی پارێزگای موسەنا هەڵکەوتووە. لەوێ پڕۆژەی کشتوکاڵیی زۆر گەورە لەلایەن "کۆمپانیای ئەلموهەندیسی گشتی"یەوە بەڕێوەدەبرێن. ئەم کۆمپانیایە سەر بە ئابووریی دەستەی حەشدی شەعبییە و بە ناوی ئەبو مەهدی ئەلموهەندیسەوە کراوە.

کۆمپانیای ئەلموهەندیس لە تشرینی دووەمی ساڵی 2022 بە ڕەزامەندیی حکومەت دامەزرا، واتە ڕاستەوخۆ دوای دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی محەمەد شیاع ئەلسودانی. پاشان لە شوباتی 2023دا بە فەرمی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە سەرمایەی 100 ملیار دینار (نزیکەی 75 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) تۆمار کرا و خاوەندارێتییەکەی ڕاستەوخۆ درایە دەستەی حەشدی شەعبی.م

چەند هەفتەیەک دوای تۆمارکردنی، لە ئاداری 2023دا لە دۆڵی سەماوە (لە باشووری موسەنا)، پڕۆژەی "چاندنی یەک ملیۆن دارخورما" دەستی پێکرد. فالح ئەلفەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا گوتی: ئامانجمان ئەوەیە حەشد ببێتە هاوبەش لە ئاوەدانکردنەوەدا، هەروەها هەموو کارە ئابوورییەکانی حەشد لەم بوارەدا لە ژێر چەتری کۆمپانیای ئەلموهەندیسدا دەبن.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکە ئامانجێکی زۆر گەورەتری لە چاندنی خورما ئاشکرا کرد، ئەویش چاندنی دوو ملیۆن دۆنم زەوی بوو، زەوییەک کە وەک ناوچەیەکی بێکەڵک، سەخت و پڕ لە مینی کۆن وەسف دەکرا. پڕۆژەکە لێدانی بیری ئاوی ژێرزەوی و هێنانی درەختی "جۆجۆبا"ی لە میسرەوە دەگرتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو درەختە توانای بەرگەگرتنی کەشوهەوای سەختی هەیە.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بە چاندنی 20 هەزار دارخورما لەسەر ڕووبەری 400 دۆنم زەوی دەستی پێکرد ( لە عێراقدا هەر دۆنمێک یەکسانە بە 2500 مەتر دووجا).

کۆمپانیای ئەلموهەندیس بە تەنیا لەو ناوچەیەدا نەبوو، مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا ڕایگەیاند کە مامەڵەی خاوەندارێتیی یەک ملیۆن دۆنم زەوی لە ناحیەی "سەلمان" (کە نزیکترین ناحیەیە لە سنووری سعودییەوە) تەواو کردووە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی گشتگیری کشتوکاڵی. جگە لەوەش، چەندین کۆمپانیای دیکەش بۆ چاندنی گەنم و خورما هاتنە ناو هەمان ناوچە.

لە ماوەی 3 ساڵدا، دۆڵی موسەنا بووە ناوچەیەکی بەهێزی ئابووری. زۆربەی ئەم ناوچەیە لەلایەن لایەنەکانی سەر بە حەشدی شەعبییەوە کۆنترۆڵ کرا کە کەوتوونەتە سەر سنووری شانشینی سعودیە.

پڕۆژە سعودییەکە ڕاگیرا

بەڵام چیرۆکەکە لە کۆمپانیای ئەلموهەندیسەوە دەست پێناکات. لە ساڵی 2018ەوە بیرۆکەی ئەوە هەبوو کە سعودیە وەبەرهێنانێکی گەورەی کشتوکاڵی لە دۆڵەکانی ئەنبار و سەماوەدا بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەنجومەنی هەماهەنگیی نێوان عێراق و سعودیەدا. لەو کاتەدا باسی ڕووبەری تا یەک ملیۆن هێکتار دەکرا و پڕۆژەکە لە بەغدا و ڕیاز وەک دەرفەتێکی ئابووری بۆ ئاساییکردنەوە و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبینرا.

بەڵام پڕۆژەکە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی سیاسیی زۆر بەهێز بووەوە. لە ساڵی 2020دا، ڕەزامەندیی حکومەتی عێراق بۆ وەبەرهێنانی سعودیە لە دۆڵی سەماوە لە ڕووی سیاسی و جەماوەرییەوە ڕەتکرایەوە، و پەرلەمانتاران هۆشدارییان دا لەوەی کە ئەم وەبەرهێنانە دەبێتە "داگیرکاریی ئابووری".

لە ساڵی 2022دا دژایەتییەکان توندتر بوونەوە. هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی داوای ڕاگرتنی مۆڵەتی پڕۆژەیەکی کرد کە 150 هەزار دۆنم زەویی لە دۆڵی عێراق دەدا بە سعودیە. 
هاوکات قەیس خەزعەلی، ڕێبەری بزووتنەوەی "عەسائیبی ئەهلی حەق"، پڕۆژەکەی بە "مەترسیدار" ناوبردو بە وەبەرهێنانی ئیسرائیلی لە ژێر ناوی سعودیەدا وەسفی کرد و هۆشداریی لە مەترسیی ئەمنیی زۆر جدی دا. لە پارێزگای موسەناش کۆبوونەوەی هۆزەکان ڕێکخرا بۆ ڕەتکردنەوەی پڕۆژەکە.

بۆچی ڕیاز نیگەرانە؟

نیگەرانیی سعودیە هیچ پەیوەندییەکی بە چاندنی دارخورما یان گەنمەوە نییە.
لە تشرینی یەکەمی 2025دا، وەزارەتی دارایی ئەمریکا کۆمپانیای ئەلموهەندیسی گشتی و کۆمپانیای "بەلدنا بۆ وەبەرهێنانی کشتوکاڵی" خستە لیستی سزاکانەوە. لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: گرووپی "کەتائیبی حزبوڵڵا" ئەم کۆمپانیایەی وەک پۆشاکێکی ئابووری بۆ شاردنەوەی چالاکییەکانی دروست کردووە، و کۆمپانیاکە لەلایەن عەبدولعەزیز ئەلمحمداوی (ئەبو فەدەک)، سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبییەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەمریکا گوتیشی کە ئەم کۆمپانیایە بەکار هاتووە بۆ گواستنەوەی پارەی دەوڵەت بۆ کۆمپانیا بازرگانییەکان بە مەبەستی دابینکردنی پارە بۆ گرووپە چەکدارەکان و قاچاخچێتیکردن بە چەک بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران.

بەغدا "بێزاری" خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکا دەربڕی و لێژنەیەکی نیشتمانیی بۆ پێداچوونەوە پێکهێنا. بەڵام ئەم زانیارییانەی ئەمریکا ئەوەی بۆ ڕیاز پشتڕاست کردەوە کە پێشتریش گومانی لێ دەکرد، ئەوەی دەستی بەسەر دۆڵی باشووردا گرتووە کۆمپانیایەکی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی ئابووری-سەربازیی سەر بە ئێرانە و لە سەر سنوورەکانی سعودیە کار دەکات.

لە هەمان کاتدا، حکومەتی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق (کە تەنیا چەند مانگێکە دەستبەکار بووە)، خۆی لە بەردەم دۆخێکی زۆر قورسدا دەبینێتەوە. ئەو لە نێوان فیشەک و مووشەکەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا گیری خواردووە و بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت بۆ ڕاگرتنی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا.

بەپێی زانیارییەک کە کلە سەرچاوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی دزەیکردووە، ئەلزەیدی هەوڵ دەدات داهاتەکانی کۆمپانیای ئەلموهەندیس لە دەستەی حەشدی شەعبی بسێنێتەوە و بیخاتە سەر وەزارەتی کشتوکاڵ، تاوەکو لەم ڕێگەیەوە سەرچاوە داراییەکانی گرووپە چەکدارەکان وشک بکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو