دیوی پشتەوەی رووداوەکان؛ لەبەغدا چی دەگوزەرێت؟
١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حکومەتی عێراق سەرجەم هێزەکانی خستە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە ناکۆکی لەنێوان بەرپرسانی عێراق و میلیشیا شیعەکان قوڵتربووەوە.
راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا، رایگەیاند: هاوبەشیمان لەگەڵ راوێژکارانی ئێراندا نەماوە و هێرشكردن بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ نایاساییەو لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی دەكەین.
ئەم لێدوانەی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق توڕە و نیگەرانە لەهەڵوێستی ئەو راوێژکارە سەربازییە ئێرانییانەی لە بنکەکانی حەشدی شەعبیدان.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، راوێژکارە ئێرانییەکان چەک دانانی میلیشیا شیعەکان رەتدەکەنەوە و ئەو گروپانەیان هانداوە بەتوندی دژی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بوەستنەوە سەبارەت بە رادەستکردنی چەکەکانیان.
ئامادەباشی هێزە عێراقییەکان
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی سەربازیی نهێنی و بەپەلە، کە لە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپاوە (بەشی عەمەلیات) دەرچووە، فەرمان کراوە بە ڕاگەیاندنی باری ئامادەباشیی بەرز (الانذار ج) بۆ تەواوی یەکە و فەرماندەییە سەربازییەکان.
لە نوسراوەکەدا، کە بەرواری ٦ی ئابی ٢٠٢٦ی بەسەرەوەیە و بە ئیمزای سەرۆکی ئەرکانی سوپایە، ئاماژە بەوە کراوە کە پشتبەستن بە رێنماییەکانی نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئەم بڕیارە لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (٦/٨/٢٠٢٦)ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئاگادارکردنەوەی تر بەردەوام دەبێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، خستنە حاڵەتی ئامادەباشی هێزە چەکدارەکان بۆ دوو مەبەستە، رێگریکردن لە ئەگەری هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، هەروەها زەیدیش ترسی لە جوڵەی میلیشیاکان هەیە لە دژی خۆی.
لەئێستادا دۆخی عێراق بەتەواوەتی ئاڵۆزە، حکومەت سورە لەسەر چەک کردنی میلیشیاکان تا کۆتایی ئەیلول، ئەوانیش چەکڕادەستکردن رەتدەکەنەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرە راگەیاند: مەترسی پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و حیزبوڵا لە ئارادایە.
ترس لە ئاڵۆزیی
دەوڵەتی یاسا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و لە راگەیەنراوەکەیدا، هەست بەبوونی ترس لای ئەم هێزە گەورەیەی شيعەکە لە ئەگەری روودانی پێکدادان لەنێوان حکومەتی عێراق و میلیشیاکان دەکرێت.
هیشام ئەلرکابی، نوێنەری ئیئتلافەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بە گرژکردنی دۆخەکە و بەکارهێنانی ئامرازی توندوتیژی نایەتە دی، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ، ڕێکارە یاساییەکان و ڕێککەوتنی نیشتمانییەوە بەدی دێت، بە شێوازێک کە ڕێز لە قوربانیدانی هاووڵاتییانی عێراق بگرێت.