بە جانتاکەیەوە بۆ بەغدا و پاریس؛ سەربوردەی پاشای نەوتی هەرێم لە لوتکەی دەسەڵاتەوە تا کۆچی دوایی
١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ و لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، د. ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک کۆچی دوایی کرد. مردنی هەورامی لە کاتێکدا بوو کە سەرنجی میدیاکان و شەقامی کوردی بە تەواوەتی لەسەر ململانێ و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بوو، بەمەش ئاوا بوونی دیارترین و بەدەسەڵاتترین ئەندازیاری سیاسەتی نەوتی هەرێم، ب بێدەنگیی تێپەڕی.
لە بەغدا و سکۆتلەنداوە بۆ خەزێنەکەی هەرێم
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، ناسراو بە "د. ئاشتی هەورامی"، لە ساڵی ١٩٤٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧١ بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی نەوت لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێنا و لە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی لە بەسرە وەک ئەندازیار دەستبەکاربوو.
دواتر ڕووی لە بەریتانیا کرد و لە ساڵی ١٩٨١ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاریی یەدەگی نەوت لە سکۆتلەندا وەرگرت. تا ساڵی ٢٠٠٦ وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی ناوخۆیی لە بەریتانیا کاری کرد و دوای خانەنشینبوونی گەڕایەوە کوردستان.
لە ساڵی ٢٠٠٦ و لەدوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکەی هەولێر و سلێمانی لە کابینەی پێنجەمدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە کەسایەتییەکی پسپۆڕ بوو بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی تازەپێگەیشتووی وزە.
سەرەتا لەڕێگەی د. بەرهەم ساڵحەوە پێشنیازکرا و گەڕێنرایەوە بۆ هەرێم و کرا بە یەکەم وەزیری سامانە سروشتییەکان. هەورامی بەهۆی قاڵبوونی لە بوارەکەی و بەکارهێنانی زاراوەی تەکنیکی ئاڵۆز لە شیکردنەوەکانیدا، کەسانی نزیک لێی دەستەواژەی "زمانی جنۆکە"یان بۆ قسەکانی بەکاردەهێنا. ناوبراو خۆشی بە شانازییەوە باسی لە شارەزایی خۆی دەکرد؛ وەک لە وتارێکیدا لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەگەر نەهاتمایە، باوەڕ ناکەم کەس بیزانیایە ماددەی خامی نەوت چییە."
هەرچەندە سەرەتا لەڕێی جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراقەوە (د. بەرهەم) هاتە ناو پێکهاتەی دەسەڵات، بەڵام بە خێرایی بووە یەکێک لە دۆستە نزیك و جێبەجێکارە سەرەکییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پشتگیریی بەهێزی بنەماڵەی بارزانی وایکرد هەورامی بۆ ماوەی ١٤ ساڵ (لە چوار کابینەی یەکبەدوایەکدا) لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە. بەپێی بەڵگەنامەیەکی ئاشکراکراوی "ویکیلیکس"، کاتێک د. بەرهەم ساڵح لە ساڵی ٢٠٠٩ بووە سەرۆکی کابینەی شەشەم، هەوڵیدابوو هەورامی لە پۆستەکەی لابات، بەڵام بەهۆی فشاری ڕاستەوخۆی نێچیرڤان بارزانییەوە نەیتوانی و ناچار بوو دووبارە دەستنیشانی بکاتەوە.
"وەزارەتێک لەناو جانتایەکدا"؛ دەسەڵاتی بێسنوور و تۆمەتی ناشەفافییەت
مانەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەموو جومگەکانی کەرتی نەوتی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ٩٠٪ی داهاتی هەرێم پشتی بە فرۆشتنی نەوت دەبەست، زۆرێک لە چاودێران و پەرلەمانتاران هەورامییان بە "سەرۆک وەزیرانی دووەم" و وەزارەتەکەیان بە "حکومەتێکی بچووککراوە" لەقەڵەم دەدا.
لەگەڵ ئەوەی توانی دەیان کۆمپانیای نێودەوڵەتی و گەورەی بواری وزە ڕابکێشێتە کێڵگەکانی کوردستان، بەڵام شیوازی ئیدارەدانی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە:
* نەبوونی بینا و جێگیرنەبوون: تا دوا ساتەکانی کارکردنی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بینایەکی سەربەخۆ و فەرمیی نەبوو. هەمیشە دەوترا هەورامی "وەزارەتەکەی لەناو جانتایەکدا هەڵگرتووە"، چونکە بەردەوام لە دەرەوەی وڵاتەوە دۆسیەکەی بەڕێوەدەبرد، ئەمەش ڕێگری لە چاودێریی پەرلەمان دەکرد.
*تۆمەتی ناڕوونی لە داهاتدا: تەنانەت بریکاری وەزارەتەکەی لە کاتی دەستکێشانەوەیدا ڕایگەیاندبوو کە خۆشی ئاگاداری وردەکاریی دۆسیەی نەوت نییە. ڕەخنەگران ئاماژەیان بەوە دەکرد کە سیاسەتی "ئابووریی سەربەخۆ" هەرێمی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی، بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە و پاشەکەوتی مووچە کردەوە.
لە بەرامبەردا، هەورامی لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی ٢٠١٦ تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردنەوە و ڕایگەیاند: "کوردستان هەر لەسەر پروپاگەندە دەژێت... هەموو حزبەکان خۆیان شاردووەتەوە و ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی من و دەڵێن ئاشتی هەورامی داهاتی نەوتی نەهێناوە. من ئیشی پرۆفێشناڵی خۆم دەکەم و دەسەڵاتی جێبەجێکردنم هەیە نەک بڕیاردان."
لەکۆڵەپشتەکەی دوکانەوە تا گۆڕانکارییەکانی گردی زەرگەتە
دۆسیەی نەوتی هەرێم هەمیشە تەوەرێکی ئاڵۆزیی دانوستانەکانی ناوخۆ بووە. لە ساڵی ٢٠٠٩، لەسەر داوای مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، ئاشتی هەورامی بە تەنیا لاپتۆپێک و داتاشۆیەکەوە گەیشتە هاوینەهەواری دوکان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لەوێ نەخشەی کێڵگەکان، گرێبەستەکان و ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕوونکردەوە و بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی ئایندەوە بەرهەمهێنان دەگەیەننە ١ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە.
ئەوکات سیناریۆیەکی هاوشێوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دووبارە بووەوە. دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا نیگەرانی دەربڕیبوو لەوەی کە چۆن قەدەری میللەت دراوەتە دەست کەسێک کە ئەگەر شکست بهێنێت کەس نایدۆزێتەوە، بارزانی جارێکی تر هەورامی ناردە گردی زەرگەتە.
هەورامی وێنەی تەواوی گرێبەستەکان و زانیارییەکانی ڕادەستی ڕێکخەری گۆڕان کرد. نەوشیروان مستەفا دوای تاوتوێکردنی فایلەکان لەگەڵ پسپۆڕانی بیانی، ئاماژەی بەوەدابوو کە پسپۆڕە بیانییەکان دەستخۆشییان لە ئاستی بەرزی گرێبەستەکان کردووە و ڕێنمایی میدیای بزووتنەوەکەی کرد کە ئیتر ڕەخنە لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکان نەگرن، بەڵکو تەنیا پرسیار لە چارەنووسی داهاتەکەی بکەن.
دوا بەرهەمەکان: ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵە و بڕیارەکەی دادگای پاریس
دیارترین و جەنجاڵترین ڕێککەوتنێک لە سەردەمی هەورامیدا واژۆ کرابێت، "ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی بواری وزە" بوو لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا؛ ڕێککەوتنێک کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم تا ئێستاش ڕایدەگەیەنن ئاگاداری وردەکارییەکەی نین.
لەئەنجامی ئەم سیاسەتە سەربەخۆیەی وزەدا، وەزارەتی نەوتی عێراق سكاڵایەکی یاسایی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس (ICC) لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە تۆمارکرد. دەرئەنجامی ئەم سكاڵایە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ بەکۆتا هات و بەبڕیاری دادگاکە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری بە تەواوەتی ڕاگیرا.
کابینەی نۆیەم؛ دوورخستنەوە لە وەزارەت و کارکردن لە پەنای باکینگهام
لە تەممووزی ٢٠١٩ و لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، ئاشتی هەورامی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دوورخرایەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی تەواوی کۆد و پەیوەندییەکانی کەرتی نەوت لە لای خۆی بوو، مەسرور بارزانی پۆستێکی نوێی بەناوی "یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وزە" بۆ داتاشی.
لە دوای ئەو بەروارەوە، هەورامی ڕووی لە بەریتانیا کردەوە و لە بنکەیەکی کاری تایبەت لە ناوچەی پشتی کۆشکی (باکینگهام) لە لەندەن—لە سەروبەندی بەناوبانگی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل—دەستبەکاربوو. لەوێوە لەگەڵ ژمارەیەک کارمەندی وەزارەت و ڕاوێژکارێکی بیانی بەناوی (مایکڵ هاوەرد)—کە مانگانە ٤٠ هەزار دۆلار مووچەی وەردەگرت—ئیدارەی کارەکانی دەدا و تەنیا لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و ئۆنلاینەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی حکومەتدا دەکرد.
لە غیابی هەورامیدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ یەکەمجار لە هەولێر (نزیک بانکی کوردستان) بووە خاوەنی بینای سەربەخۆی خۆی، هەرچەندە دواتر نێچیرڤان بارزانی بیناکەی کردە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێم. دوای لاچوونی هەورامی، (د. کەمال ئەتروشی) وەک وەزیری سامانە سروشتییەکان دەستبەکاربوو، کە ئەویش تەنیا ساڵ و نیوێک لە پۆستەکەیدا مایەوە و لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا دەستی لەکارکێشایەوە.
بەم جۆرە، چیرۆکی پاشای نەوتی کوردستان—کە بۆ ماوەی ١٤ ساڵ ڕێڕەوی ئابووریی و سیاسیی هەرێمی دیاریکرد—لە لەندەن کۆتایی هات، بەبێ ئەوەی کەسێکی تر بتوانێت بە هەمان هەژموون و دەسەڵاتەوە شوێنی بگرێتەوە.