لە فەرمانی زەیدییەوە تا پەیامەکەی عامری؛ چۆن رێگریی لە هێرش بۆ سەر سعودیە کرا؟
١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە دوای بڵاوە پێکردنی هێزی سەربازیی لە سەرانسەری عێراق و سەر سنوورەکان، زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریانخستووە کە ڕێگریکراوە لە هێرشێکی مەترسیداری گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر خاکی سعودیە . ئەم ئامادەباشییە سەربازییە بەپەلەیە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی زەیدی، سەرۆکی حکومەتی عێراق، دوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجام درا.
زانیاری هەواڵگیریی
بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە گۆڤاری "العربي الجديد"ی ڕاگەیاندووە کە زانیارییە هەواڵگرییەکان هۆکاری سەرەکی ئەم بڵاوەپایکردنی هێز بوون. کەتائیبی حزبوڵڵا بڕیاریدابوو ڕێک دوای کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەیان هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانی ناو خاکی سعوودیە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، فەرماندەیی ئەمنی عێراق دەستبەجێ فەرمانی کردووە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی و تووندکردنی چاودێری مەیدانی، تاوەکو ڕێگە نەدرێت هیچ هێرشێک لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی دەرەوە یان وڵاتانی دراوسێ بکرێت.
هەڕەشەکانی "بەرگری ئیسلامی"
پێشتر گرووپی "بەرگری ئیسلامی لە عێراق" —کە هاوپەیمانییەکی پێکهاتوو لە چەندین میلیشیای نزیک لە ئێرانە، مۆڵەتیان دانابوو کە تا ڕۆژی ٦ی ئاب (پێنجشەممە) مۆڵەت دەدەنە حکومەتی بەغدا تا سەروەریی وڵات بپارێزێت و وەڵامی هێرشەکانی سعودیە بداتەوە.
گرووپەکە جەختیان کردبووەوە کە وەڵامدانەوەیان مسۆگەرە و ئاماژەیان بەوەش دابوو دوای کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمی چلە، ڕەنگە هێرش ئەنجام بدەن بۆ ناو خاکی سعوودیە.
پەیامەکەی نیوەشەوی هادی عامری؛ ئیستۆپ بە گرووپە چەکدارەکان
لە گەرمەی گرژییەکاندا، دەرکەوتنی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و سەرکردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دوای نیوەشەو بڵاوکرایەوە، ئاڕاستەی ڕووداوەکانی گۆڕی.
عامری لە پەیامەکەیدا داوای لە گرووپە چەکدارەکان کرد ئارام بگرن، بەرژەوەندی باڵای عێراق لە پێش هەموو شتێک دابنێن، و هەر وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە دوا بخەن.
عامری ڕوونیکردەوە کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دیپلۆماسی و کەناڵە فەرمییەکانەوە مافی شەهید و بریندارەکان بەدەست بهێننەوە.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوە ئەمنییەکە ئاشکرایکرد کە ئەم دەستوەردانەی عامری سەربەخۆیانە نەبووە، بەڵکو دوای ئەوە هات کە پەیوەندی لەلایەن سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێوەکرابوو، تا نێوەنگیریی بکات.ئەم هەنگاوە بووە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و پاشەکشەی گرووپە چەکدارەکان لە پلانە سەربازییەکەیان.
بڕیارە فەرمییەکانی حکومەت و ئامادەباشی پلەی "جیم"
ئەم ئامادەباشییە دوای کۆبوونەوەیەکی فەرمی هات لە نێوان سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی و فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، دەزگای دژەتیرۆر، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و بەرپرسە ئەمنییە باڵاکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی کۆبوونەوەکە، ئامانج لەم ڕێکارانە جێبەجێکردنی بڕیارە ئەمنییەکان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات. هەروەها ڕێگە نەدان بەوەی خاکی عێراق ببێتە مەیدانی ڕێکخستنی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی تر. لەگەڵ خێراکردنی کاردانەوەی دەزگا هەواڵگرییەکان لەگەڵ زانیارییەکان و یەکخستنی پەیامی ڕاگەیاندن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەنگۆکان.
فازل أبو رغیف، شارەزای ئەمنی، ڕوونیکردەوە کە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی بۆ پلەی (جیم) لە دەزگای دژەتیرۆر و هێزەکانی تر، تەنیا ڕێکارێکی خۆپارێزی پێشوەختەیە بۆ بەهێزکردنی توانای ئەمنی و مانای ئەوە نییە مەترسییەکی گەورە لە ئارادابێت.
ئەبو ڕغیف ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەنگاوە دوو پەیامی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
1. پەیامی ناوخۆیی: دووپاتکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات.
2. پەیامی دەرەکی: نیشاندانی ئامادەیی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراو و بنبڕکردنی ململانێیە هەرێمییەکان لەسەر خاکی عێراق.