لە نێوان قاچاخ، بەغدا و گەندەڵیدا؛ کێ لە پشت قەیرانی بەنزینەوەیە؟

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٥٤ پاش نیوەڕۆ

لە نێوان قاچاخ، بەغدا و گەندەڵیدا؛ کێ لە پشت قەیرانی بەنزینەوەیە؟

پەنجەرە

بارگرانییە دارایی و خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکەن و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بژێویی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست کردووە. 
لە ئانوساتی نەدانی مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا، هەروەها تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر پەککەوتنی پەرلەمان و  بەسەرچوونی ماوەی یاسایی چەندین دەستە و دامەزراوەی فەرمی، سەرهەڵدانەوەی قەیرانی بەنزین و گرانبوونی سەراپای جۆرەکانی، بووەتە خەمێکی دیکەی جدیی خەڵک کە لە ساڵی ٢٠١٣وە باجەکەی دەدەن.

بەهۆی بەرزیی نرخی سووتەمەنی، لە زۆربەی بەنزینخانەکانی شارەکانی هەرێم ڕیزی درێژی ئۆتۆمبێلەکان دەبینرێت، کە هەندێک جار ریزی ئۆتۆمبێلەکان چەندین کیلۆمەتر درێژە و لەنۆرەی بەنزیندا وەستاون. 

نرخەکان بەرزبوونەوەی بەرچاوین بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک نرخی یەک لیتر بەنزینی ئاسایی (نۆرماڵ) گەیشتووەتە ١٥٠٠ دینار، موحەسەن بووەتە ٢٠٠٠ دینار و سوپەریش گەیشتووەتە ٢٥٠٠ دینار. 

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر حکومەتی هەرێم نرخی بەنزینی بازرگانیی بە ٨٥٠ دینار و پاڵپشتیکراوی بە ٧٥٠ دینار دیاری کردبوو، بەڵام بەهۆی کەمیی خستنەڕووی بەنزین لە بازاڕدا، ئەو نرخە فەرمییانە جێبەجێ نەکران.

شۆفێرانی تەکسی و ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوە یەکەم توێژن کە زەرەری زۆریان بەرکەوتووە، چونکە سووتەمەنی بڕبڕەی پشت کارەکەیانە. 
بەپێی وتەی شۆفێران، لەبەر ئەوەی کرێی هاتووچۆ هاوشانی نرخی بەنزین زیادی نەکردووە، جیاوازیی تێچوونەکە لە ڕێگەی گرانبوونی ناڕاستەوخۆی کرێی هاتووچۆ، کاڵا و خزمەتگوزارییەکانەوە دەکەوێتەوە سەر شانی هاووڵاتیان.

سەرچاوەی قەیرانەکە

خاوەن بەنزینخانەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری ئەم گرانییە دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزین، بەرزبوونەوەی تێچووی دابینکردن، دروستبوونی ئاستەنگ لە ڕێگاکانی گواستنەوە، هەروەها ڕاوەستانی هێنانی بەنزینی قاچاخ لە ناوچە هاوسنوورەکانەوە.

لە بەرامبەردا، پەرلەمانتاران و هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان حکومەت بە بەرپرسیاری سەرەکیی دۆخەکە دەزانن و هۆکارەکەی بۆ قۆرخکاریی کۆمپانیا پشتدارەکان دەگێڕنەوە.

 عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی کوردستان، جەخت دەکاتەوە کە نرخی بەنزین لە کوردستان زیاتر لە دوو ئەوەندەی ئەمریکا و سێ ئەوەندەی شارەکانی دیکەی عێراق گرانە، لە کاتێکدا نەوت و پاڵاوگەکان لە ناوخۆی هەرێمدان. 
ئاماژە بەوەشدەکات کە دەسەڵاتداران ڕۆژانە نزیکەی دوو ملیار دینار لە قازانجی بەنزین دەبەن، ئەمەش لەسەر حسابی هاووڵاتیان و ئەو فەرمانبەرانەیە کە ساڵانێکە مووچەکانیان پاشەکەوت درکرێت یان فەوتاوە.

 هاوکات مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە هەرێم لە قەیرانێکی توندی سووتەمەنیدایە. 
بە وتەی ئەو، سەرەڕای تەرخانکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ، تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە زیادی نەکردووە، بەڵام نرخەکان گران کراون؛ کە ئەمەش نیشانەی ڕاهێنانی هاووڵاتیانە بە نرخە گرانەکان و بووەتە سزادانی خەڵک لە ڕێگەی پلانێکی پێشوەختەوە.

ڕوونکردنەوەی حکومەت و کەرتی تایبەت

لە بەرامبەر ڕەخنەکاندا، بەرپرسانی حکومی و وەبەرهێنەران سەرچاوەی کێشەکە بۆ هۆکاری دەرەکی و کەمیی بەشە بەنزین دەگەڕێننەوە.

 کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ڕایگەیاندووە هۆکاری سەرەکیی کێشەکە کەمیی ئەو بڕە نەوتەیە کە بەغدا بۆ هەرێم دایناوە، چونکە بڕی ٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەشی پێداویستیی خەڵکی کوردستان ناکات.

 لەکاتێکدا سەردار حاجی خالید، خاوەنی پاڵاوگەی "فوکس"، ئاماژەی بەوە کردووە دۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە کاریگەریی خراپی لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی دروست کردووە.هەروەها ڕاوەستانی بەنزینی قاچاخ لە عێراقەوە کێشەکەی قوڵتر کردووەتەوە. 

ناوبراو ڕوونیکردەوە کە پێداویستیی ڕۆژانەی وەرزی هاوین دەگاتە حەوت ملیۆن لیتر، بەڵام بڕی بەردەست لە سێ ملیۆن لیتر تێپەڕ ناکات.

 بەهمەن  عەبدولقادر، وتەبێژی خاوەن بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئاشکرایکرد کە دابەزینی نرخ بەستراوەتەوە بە ئارامبوونەوەی دۆخی گشتیی ناوچەکە و داوای لە هاووڵاتیان کرد تا جێگیربوونی دۆخەکە چاوەڕێی دابەزینی خێرای نرخەکان نەکەن.

نرخ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان

بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی "نەیریج" بۆ لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی، نرخەکانی بەنزین لە ڕۆژی هەینی، ٧ی ئابی ٢٠٢٦ لە شارەکانی هەرێم بەم شێوەیە تۆمار کراون:

هەولێر
 نۆرماڵ (ئاسایی): ١٥٠٠ دینار
 موحەسەن: ٢٠٠٠ دینار
 سوپەر: زیاتر لە ٢٠٠٠ دینار

سلێمانی
 نۆرماڵ (ئاسایی): ١٢٠٠ دینار
 موحەسەن: ١٧٥٠ دینار
 سوپەر: ١٩٠٠ دینار

دهۆک
 نۆرماڵ (ئاسایی): ١٥٥٠ دینار
 موحەسەن: ٢٢٥٠ دینار
 سوپەر: ٢٥٠٠ دینار


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو