نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ هاوپەیمانێتی سعوودیە-تورکیا-پاکستان چۆن سنوور بۆ هەژموونی ئێران دادەنێت؟

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٠٠ پاش نیوەڕۆ

نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ هاوپەیمانێتی سعوودیە-تورکیا-پاکستان چۆن سنوور بۆ هەژموونی ئێران دادەنێت؟

پەنجەرە 

عەبدولڕەحمان ڕاشد، نووسەر و شیکەرەوەی دیاری عەرەب لە نوێترین شیکاریی رۆژنامەوانییدا ئاشکرای دەکات، ئەو جەنگەی ئێران لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە بەرپای کردووە، ئامانجی سەرەکیی وڵاتانی کەنداو و لە سەرووی هەمویانەوە عەرەبستانی سعوودیەیە، نەک ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل.

بەپێی وتەی ڕاشد، تاران لە ڕێگەی بەکارهێنانی زیاتر لە هەزار درۆن و دەیان مووشەکی بالیستی لە خاکی عێراق و یەمەنەوە، هەوڵی گەمارۆدان و پەکخستنی دامەزراوە سەربازیی و مەدەنییەکانی سعوودیەی داوە. بەڵام ڕیاز بە هەنگاوێکی ستراتیژیی و شۆکهێنەر نەخشەی هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕیی.

هەڵگەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز: بەرەی ڕیاز-ئەنقەرە-ئیسلام ئاباد

بەپێی وتەی عەبدولڕەحمان راشد، سعوودیە سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی سێقۆڵی بەهێز لەگەڵ تورکیا و پاکستان. ئەم هاوپەیمانییە نوێیە خاوەنی سەنگ و توانایەکی بەهێزە کە پێگەی ئێرانی خستووەتە ژێر مەترسیی جدییەوە:

 توانای سەربازیی و دیمۆگرافی: هاوپەیمانییەکە نوێنەرایەتی زیاتر لە 400 ملیۆن کەس دەکات (چوار بەرامبەری دانیشتووانی ئێران) و خاوەنی زیاتر لە 1,400 کیلومەتر سنووری وشکانیی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئێراندا.

 قورسایی نێودەوڵەتی: تورکیا وەک ئەندامێکی بەهێزی ناتۆ و پاکستان وەک هێزێکی خاوەن ئەتۆمیی، سەنگێکی سیاسی و سەربازیی وا بە هەردوو دەوروبەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئێران دەبەخشن کە تاران ناتوانێت فەرامۆشیان بکات.

سێ بەرە سەرەکییەکەی ململانێکە

ڕاشد جەخت دەکاتەوە کە گرنگیی ئەم هاوپەیمانییە نوێیە لە سێ بەرەی ستراتیژیدا ڕەنگدەداتەوە:

ڕاگرتنی پەڕەپێدانی جەنگ:

دوای لە دەستدانی بنکەکانی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا (لەوانە تێکشکانی حیزبوڵڵا و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد)، تاران هەوڵیدا لە ڕێگەی ئاڵۆزکردنی دۆخی کەنداو، ئوردن و سوریا واقیعێکی نوێ بسەپێنێت. هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکە ڕێگریی لەم بەرفراوانبوونەی جەنگ کردووە و باجەکەی لەسەر سەرکردایەتیی ئێران قورس کردووە.

پاراستنی ئاسایشی وزە و بازاڕی نەوت:

ستراتیژیی تاران لە جەنگەکەدا لەسەر "بەبارمتەگرتنی نەوت"، ئاستەنگ دروستکردن لە گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب، و بۆردومانکردنی دامەزراوە نەوتییەکان وەستابوو تا گوشار بخاتە سەر ڕۆژئاوا. بەڵام ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانییە نوێیە و پێکهێنانی هاوپەیمانیی دەریایی فرەنەتەوەیی لەلایەن سعوودیەوە، کارتی نەوتی لە دەستی ئێران سەندەوە؛ بە شێوەیەک دەستبەجێ بازاڕەکانی وزە بە دابەزینی نرخ پێشوازییان لەم هەنگاوە کرد.

ڕای گشتی:

ئێران هەوڵیدەدا جەنگەکە وەک "دەستدرێژیی ئەمریکی-ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتێکی موسڵمان" نیشان بدات و پەلامارەکانی بۆ سەر دراوسێکانی پاساو بدات. بەڵام بە بەشداریی تورکیا و پاکستان، ئامرازی پڕوپاگەندەی ئێران ناتوانێت زیاتر لە 1.5 ملیار موسڵمان قایل بکات کە ئەم وڵاتانە دژی جیهانی ئیسلامین. بەمەش تاران جەنگی میدیایی و ڕای گشتیی دۆڕاندووە.

ئاسۆی داهاتوو

عەبدولڕەحمان ڕاشد لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکردایەتیی تاران، کە ئێستا لە ژێر زەویدا حەشار دراوە، زۆربەی کارتەکانی هێزی لەدەستداوە. پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم هاوپەیمانییە نوێیە هۆکار بێت بۆ پاشەکشە و گۆڕانی ڕادیکاڵی لە ڕەفتارە دەستدرێژکارانەکانی ئێراندا لەسەر ئاستی ناوچەکە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو