نێچیرڤان بارزانی پەیامی لەنێوان عەلی زەیدی و ئەحمەد شەرعدا ئاڵوگۆڕ کردووە

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٠٥ پاش نیوەڕۆ

نێچیرڤان بارزانی پەیامی لەنێوان عەلی زەیدی و ئەحمەد شەرعدا ئاڵوگۆڕ کردووە

پەنجەرە

ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط» بڵاویکردەوە، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق، کاریگەریی هەبووە لە ڕەواندنەوە و کەمکردنەوەی بەشێک لەو ترس و گومانانەی لە نێوان بەغدا و دیمەشقدا هەبوون، سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان و ناوەڕۆکی بەشێک لە دۆسیە هەڵپەسێردراوە سیاسی و ئەمنییەکان.

رۆژنامەکە لەزاری سەرچاوەکانەوە ئاشکرایکردووە، نێچیرڤان بارزانی پەیامی لە نێوان عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەحمەد ئه‌لشەرع، سەرۆکی سوریا ئاڵوگۆڕ کردووە،بەم هەنگاوەش زەمینەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی دیمەشق بکات.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە بەغدا هەوڵ دەدات هەماهەنگییەکانی لەگەڵ هەولێر لە پرسە ئەمنییەکاندا بەهێزتر بکات، بەتایبەتی لە دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی پشتگیری لە تەواوی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی چەک تەنها لە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێم بە هیچ شێوەیەک نایەوێت بێتە ناو هیچ ململانێیەکی هەرێمییەوە.

سەرچاوە سیاسی و ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوکاریی نێوان بەغدا و هەولێر تەنها لە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەکدا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی ئەمنی و هەواڵگری و هاوکاری لێکتێگەیشتن لەسەر چەندین پرسی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ناوخۆش دەگرێتەوە.

سەرەمەد ئەلبەیاتی، شارەزای ئەمنی، بۆ «الشرق الأوسط» ئاماژەی بەوە کرد کە هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم لە چەندین ئاستی جیاوازدا بەردەوامە، بەتایبەت لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی، ڕادەستکردنی کەسانی داواکراو بە یاسا و هاوکاری لە دۆسیە هەواڵگرییەکاندا.

ئەو شارەزایە ئەمنییە دووپاتی کردەوە کە فڕۆکەخانەی هەریر لەلایەن ئەمەریکاوە چۆڵکراوە، بەڵام لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا هەیە، کە ئەمەش ڕێکخستنێکی هاوشێوەی ئەو ڕێکخستنانەیە کە لە فڕۆکەخانەی بەغدا جێبەجێ دەکرێن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو