وەزارەتی نەوتی عێراق: چوار بریکار، دوو دۆسیەی گەورەی گەندەڵی و ئەرکێکی قورس
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی نەوتی عێراق، کە بە یەکێک لە هەستیارترین و سەرەکیترین پایەکانی ئابووریی وڵات هەژمار دەکرێت. ئەم وەزارەتە پێکهاتەیەکی کارگێڕیی بەرفراوانی هەیە و لە چوار بریکار پێکدێت. لەکاتێکدا زۆربەی وەزارەتەکانی تری حکومەتی عێراق تەنها لە نێوان یەک بۆ سێ بریکاریان هەیە.
بەپێی بەدواداچوونەکان، لە ئێستادا دوو لەو بریکارانە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان، یەکێک لە بریکارە دەستگیرکراوەکان عەدنان جومەیلییە کە رۆژانە فەردە پارە و قاڵبە زێرەکانی لەژێر زەمین و حەشارگەکاندا دەردەهێنرێت.
ئەرکە سەرەکییەکانی هەریەک لە چوار بریکارەکەی وەزارەتی نەوت:
١- بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان
ئەم پۆستە لەلایەن نەسیر عەزیز جەبارەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم بریکارە بریتیین لە:
دۆزینەوە و هەڵکۆڵین: سەرپەرشتیکردنی ڕووپێوییە جیۆفیزیکی و جیۆلۆجییەکان بۆ دۆزینەوەی کێڵگەی نوێی نەوت و گاز، لەگەڵ داڕشتنی پلانی نۆژەنکردنەوەی بیرە نوێیەکان و گەشەپێدانی بیرە کۆنەکان بە مەبەستی بەرزکردنەوە یان پاراستنی ئاستی بەرهەمهێنان.
گەشەپێدانی کێڵگەکان و گرێبەستەکان: ئیدارەدانی گرێبەستە نەوتییەکان، چاودێریکردنی جێبەجێکردنی مۆڵەتدان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان، و پەسەندکردنی پلانی کاری ساڵانە و بودجەی کۆمپانیا دەرهێنەرەکان. لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی کۆمپانیا گشتییەکانی دەرهێنان.
٢- بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری غاز
ئەم بەشە لەلایەن د. عزەت سابیرەوە بەڕێوەدەبرێت و گرنگییەکی تایبەتی لە کەرتی ژینگە و وزەدا هەیە. ئەرکە سەرەکییەکانی بریتیین لە:
ڕاگرتنی سووتاندنی غازی هاوڕێ: کارکردن بۆ کۆکردنەوە و ڕێگرییکردن لە بەهەدەردانی ئەو غازەی لە کاتی دەرهێنانی نەوتدا دەسووتێت، بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و بەکار هێنانی لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. بەڵام عێراق لەمڕووەوە گەورەترین گرفتی هەیە و غازی کێڵگە نەوتییەکان بەفیڕۆ دەچێت و دەسوتێت.
هەروەها پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکان کە دیسانەوە عێراق لەمڕووەشەوە گرفتارە. لەگەڵ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی لە غازی شل بۆ بەکارهێنانی ماڵان، کەرتە پیشەسازییەکان، و پڕۆژەی گۆڕینی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکان بۆ غاز.
٣. بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پاڵاوتن
ئەم پۆستە پێشتر لەلایەن عەدنان جومەیلییەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام لە ئێستادا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراوە. ئەرکەکانی ئەم بریکارە بریتیین لە:
بەڕێوەبردنی پاڵاوگە حكومییەکان: سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی کۆمپانیا حکومییەکانی پاڵاوتن (لە ناوەڕاست، باکوور و باشوور) و دانانی پلانی کارپێکردن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی ناوخۆیی (بەنزین، گازۆیل، نەوتی سپی، غازی شل و قیر).
بەرزکردنەوەی کوالیتی و فراوانکردن: داڕشتنی پلانی ستراتیژی بۆ نۆژەنکردنەوە و باشترکردنی کوالیتی بەرهەمە نەوتییەکان.لەگەڵ کارکردن بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لەرێگەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و کەرتی تایبەت.
٤. بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن
ئەم بەشە پێشتر لەلایەن عەلی مەعاریجەوە بەڕێوەدەبرا، کە ئەویش لە ئێستادا بە تۆمەتی گەندەڵی لە زینداندایە. ئەرکە بنەڕەتییەکانی ئەم بریکارە بریتین لە:
ئیدارەدانی تۆڕی دابەشکردن: ڕێکخستنی بەشەسووتەمەنی پارێزگا و ناوچە جیاوازەکان و سەرپەرشتیکردنی دابەشکردنی سووتەمەنی بەسەر بەنزینخانەکان، وێستگەکانی کارەبا، کارگەکان و بنکەکانی دابەشکردنی نەوتی ماڵان.
هەروەها بەڕێوەبردنی کۆگا ستراتیژییەکان بۆ کاتی قەیرانەکان، لەگەڵ ڕێکخستنی گواستنەوەی سووتەمەنی لە ڕێگەی بۆڕی و تانکەرەکانەوە.
هەروەها بەکارخستنی سیستەمی ئەلیکترۆنی (وەکو کارتی زیرەکی سووتەمەنی) بۆ ڕێگری لە قاچاغچێتی، گرانفروشی و شاردنەوەی سووتەمەنی. لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی هاوردەکردنی بەرهەمە کەمبووەکان و هەناردەکردنی ئهو بەرهەمانەی لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن (وەکو نەوتی ڕەش یان قیر).