لێکەوتەکانی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەحمەد ئەلئەسەدی؛ کشانەوەی پەرلەمانتارێک لە کوتلەکەی

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٢ پاش نیوەڕۆ

لێکەوتەکانی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەحمەد ئەلئەسەدی؛ کشانەوەی پەرلەمانتارێک لە کوتلەکەی

پەنجەرە

غوفران ئیقبال شەمەری، پەرلەمانتاری پارێزگای کەربەلا، کشانەوەی خۆی لە کوتلەی "سومەریون" بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلئەسەدی ڕاگەیاند، بڕیاریدا وەکو سەربەخۆ لە نێو پەرلەماندا درێژە بە کارەکانی بدات.

دوای دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد ئەسەدی، شەمەری ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکەی لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقیی و وەک "کچی شەهیدێک" بووە، هەروەها بێبەریبوونی سیاسی و ئەخلاقی خۆی لە هەر کەسێک کە کێشەی گەندەڵی بەپێی یاسا و دادگا لەسەری ساغ ببێتەوە، دووپاتکردەوە.

لەکاتێکدا مانگێک لەمەوبەر، ئەم پەرلەمانتارە تۆمەتبارکردنی ئەحمەد ئەسەدی بە گەندەڵی رەتکردبوویەوە و وەک” پەلامارێکی ڕێکخراو" بۆ سەر سەرۆکی جوڵانەوەکەی وەسفیکردبوو.

شەمەری لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕایگەیاند: "من کچی ئێوەم، کچی شەهید، کچی ئەم نیشتمانەی کە پێی ووتم ئەمانەت هەڵوێستە، وەفاداری بۆ گەل پەیمانە، و دەنگی هاوڵاتی ئەمانەتێکە سازشی لەسەر ناکرێت. لەبەردەم ڕۆڵەکانی گەلەکەم بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، ئەمڕۆ ئەم بەیاننامەیە دەخەمەڕوو کە گوزارشت لە هەڵوێست و بڕیارم دەکات لەم قۆناغەی ڕێڕەوی پەرلەمانیمدا".

وتیشی؛ کشاندنەوەی خۆم لە کوتلەی سومەریون لەمڕۆوە ڕادەگەیەنم، بەردەوامبوونی ڕێڕەوی پەرلەمانیم بە سەربەخۆیی لە هەڵوێست و بڕیار و کارکردنم لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دووپات دەکەمەوە، لەسەر بنەمای بڕوام بەوەی کە کاری پەرلەمانی ئەمانەتێکی نیشتمانییە، و متمانەی گەل بەرپرسیارێتییەکە سازش هەڵناگرێت".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو