هەوڵی سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و کەمکردنەوەی ئیمتیازی پلە باڵاکانی عێراق دەدرێت

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٦ پاش نیوەڕۆ

 هەوڵی سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و کەمکردنەوەی ئیمتیازی پلە باڵاکانی عێراق دەدرێت

پەنجەرە

لێکەوتە ئابوورییەکانی داخرانی گەرووی هورمز و پەککەوتنی هەناردەی نەوت، حکومەتی عێراقی خستووەتە بەردەم قەیرانێکی دارایی قورسەوە. لە کاتێکدا داهاتی نەوتی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەندامانی پەرلەمان کەوتوونەتە جموجۆڵ بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان، بەتایبەت لە ڕێگەی سڕکردنی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان و بڕینی ئیمتیازاتی پلە باڵاکان.

نەوت پەکیکەوتووە و دابینکردنی مووچە قورس بووە

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی دارایی، کۆی گشتیی پابەندییە مانگانەکانی مووچە دەگاتە نزیکەی ٧.٨ تریلیۆن دینار (نزیکەی ٦ ملیار دۆلار). حکومەت توانای دابینکردنی ئەم بڕەی هەبوو کاتێک ڕۆژانە نزیکەی ٣.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد. بەڵام داخرانی گەرووی هورمز، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵاتەکەیە، عێراقی لەم سەرچاوەیە بێبەش کردووە. 

لە دوو مانگی ئایار و حوزەیرانی ڕابردوودا، عێراق نەیتوانیوە نزیکەی ٣٢ ملیۆن بەرمیل نەوت بفروشێت، کە زەرەرەکەی بە زیاتر لە ٢.٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

لەمبارەیەوە، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی دارایی سەخت بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت مانگانە پێویستی بە نزیکەی ١٠.٨ تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە گشتییەکان، لە کاتێکدا داهاتە نەوتییەکان لە ٢.٥ تریلیۆن دینار تێپەڕ ناکات. ئەم جیاوازییە گەورەیە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر خشتەی زەمەنیی دابەشکردنی مووچە دروستکردووە و بووەتە هۆی دواکەوتن و ناڕێکی لە دابەشکردنیدا.

جوڵەی پەرلەمان بە دوو ئاڕاستە

لەنێو تەنگژەکاندا، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە دوو ئاڕاستەی سەرەکییەوە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە دەدەن:
1. سڕکردنی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان: داواکارییەک پێشکەشی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەيبەت حەلبوسی، کراوە بۆ سڕکردنی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان و بودجەکانیان لە هەموو پارێزگاکاندا.

2. کەمکردنەوەی خەرجییەکانی سێ سەرۆکایەتییەکە: هەوڵدان بۆ بڕین و ڕێکخستنی مووچە و ئیمتیازاتی سێ سەرۆکایەتییەکە (کۆمار، پەرلەمان، و وەزیران) و پلە باڵاکان.

دۆسیەی ئەنجومەنی پارێزگاکان؛ مشتومڕی یاسایی و سیاسی

پێشکەشکارانی داواکاریی سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ئەنجومەنانە تووشی «پێشێلکاریی جدی لە کار و ئەرکەکان یان سەرپێچیکردنی دەستوور و یاساکان» بوونەتەوە، و هیچ سوودێک لەو پارە زۆرە نییە کە بۆیان خەرج دەکرێت.

کۆی گشتیی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگاکەی عێراقدا (جگە لە هەرێمی کوردستان) دەگاتە ٢٨٥ ئەندام. ئەم ئەنجومەنانە زۆرجار لەلایەن هێزە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکانەوە دادەنرێن، کە وێنەیەکە لە دۆخی پشکپشکێنەی ناو حکومەت و پەرلەمان. 
بەهۆی سستیی ئەدا و ڕاپۆرتەکانی گەندەڵی، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی جەماوەری بوونەتەوە. پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٩دا کارەکانیانی کۆتایی پێهێنا بوو وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان.

بەڵام چاودێران ئاماژە بە دەستووریبوونی ئەم هەنگاوە دەکەن، بەپێی وتەی چاودێران، ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەڵقەیەکی زیندووی یاسادانان و چاودێرییە و ڕۆڵیان لە هەڵبژاردنی حکومەتە خۆجێییەکان و پەسەندکردنی بودجەی خزمەتگوزاریدا هەیە. 

پەرلەمان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوە یان سڕکردنیانی نییە مەگەر لە ڕێگەی هەموارکردنی دەستوورەوە بێت، بەتایبەت کە لە ئێستادا لە چوارچێوەی سەقفە زەمەنییە چوار ساڵییەکەی خۆیاندادن (بەپێچەوانەی ساڵی ٢٠١٩ کە ماوەکەیان بەسەرچووبوو).

بڕینی ئیمتیازاتی سێ سەرۆکایەتییەکە؛ داوایەکی کۆن و هەنگاوێکی نوێ

بەپێی ئامارەکانی بودجەی گشتی، خەرجییە ساڵانەیییەکانی تەرخانکراو تەنها بۆ مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکە بە نزیکەی ٦.٤٦ تریلیۆن دینار (نزیکەی ٥ ملیار دۆلار) مەزەندە دەکرێت. ئەم بڕە یەکسانە بە نزیکەی ١١.٥٪ی کۆی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، کە بارێکی دارایی زۆر قورس لەسەر بودجە دروست دەکات.

ساڵانێکە کەسایەتی و ئاڕاستە ئابووری و مەدەنییەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم ئیمتیازاتانە دەکەن. سەرچاوەکانی پەرلەمان ڕایانگەەیاندووە کە لیژنەی دارایی لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشنیازی کەمکردنەوە و ڕێکخستنی مووچەی سەرۆکایەتییەکان و پلە باڵاکان (لە پلەی وەزیرەوە تا بەڕێوەبەری گشتی) دەگرێتە بەر، تا بڕیارەکان لە سەرەوە دەست پێبکەن بەرلەوەی بگەنە فەرمانبەرانی دیکە.

دواکەوتنی مووچەی پەرلەمانتاران
کەوتنی عێراق بۆ ناو ئەم قەیرانە گەیشتووەتە ناو پەرلەمانیش. مەنسور بەعەیجی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان پشتڕاستی کردەوە کە پەرلەمانتاران و پاسەوانەکانیان مووچەی مانگی تەممووزی ڕابردوویان وەرنەگرتووە. 
بەعەیجی ئاشکرای کرد کە پێنەدانی مووچەکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بووە و بڕیارە لیژنەکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا میوانداری وەزیری دارایی بکات.
جێی ئاماژەیە، هەر پەرلەمانتارێکی عێراق مانگانە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی لە نێوان ٦ بۆ ٨ ملیۆن دینار (نزیکەی ٦ هەزار دۆلار) وەردەگرێت. هەروەها بڕی ١٦ ملیۆن دیناری مانگانەی بۆ مووچەی ١٦ پاسەوانەکەی تەرخان دەکرێت، جگە لە دەرماڵەکانی تر وەک کرێی خانوو و خەرجی سوتەمەنی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو