گەڕانەوەی پیاوی جەنگەکان؛ موحسین ڕەزایی لە لوتکەی بڕیاری ئەمنی ئێراندا
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
موحسین ڕەزایی لە ڕێگەی دوو بڕیاری سەرکردایەتیی ئێرانەوە گەڕایەوە بۆ باڵاترین دەستەی ئاسایشی وڵات، موجتەبا خامنەیی کردی بە نوێنەری خۆی لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، مەسعود پزیشکیانیش بە مەرسوومێک کردی بە ئەمینداری ئەنجومەنەکە لە شوێنی محەمەد باقر زولقەدر.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە دوای جەنگی ١٢ ڕۆژەی حوزەیرانی ٢٠٢٥ و جەنگی ٤٠ ڕۆژەی شوباتی ٢٠٢٦ ئاڵۆزییەکی زۆری بەخۆیەوە دیوە، موحسین رەزاییش یەکێکبووە لەو جەنەراڵەی خاوەن هەڵوێستی توندبووە بەرامبەر ئەمەریکا.
کێشەکانی دوای زولقەدر و پێگەی خامنەیی نوێ
پێش پێدانی پۆستی ئەمینداریی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بە ڕەزایی، ناکۆکی و ناڕوونی لەسەر داهاتووی زولقەدر هەبوو، بەڵام سەرەنجام زولقەدر کرایە ڕاوێژکاری سیاسیی رابەر.
موحسین ڕەزایی تەمەن ٧١ ساڵ لە ١٦ ئازاری ٢٠٢٦دا کرابووە ڕاوێژکاری سەربازیی، ئەوەش یەکەم بڕیاری موجتەبا خامنەیی بوو دوای ئەوەی لە شوێنی عەلی خامنەیی باوکی کە لە ۲۸ی شوباتدا کوژرا بووە رابەر.
هەڵوێستە توندەکانی ڕەزایی
ڕەزایی کە پێشتر ١٦ ساڵ فەرماندەی سوپای پاسداران بووە و ئەزموونێکی دوورودرێژی سەربازیی لە جەنگی ئێران-عێراقدا هەبووە، خاوەنی هەڵوێستی زۆر توندە.
رەزایی دژایەتیی خۆی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و ڕێککەوتنی بێدەستەبەری لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە. هەروەها گەرووی هورمزی بە ئامرازێکی زۆر بەهێزتر لە دەیان بۆمبی ئەتۆمی وەسفکردووە.
هەروەها لەکاتی شەڕدا هەمیشە هۆشدارییداوە کە وەڵامی ئێران بۆ هەر هێرشێک "لێدانێکی کوشندە" دەبێت، ئەمە جگە لەوەی پێشوازیی لە ئەگەری هێرشی زەمینیی ئەمریکاش کردووە بەوەی دەتوانن هەزاران بارمتەیان لێ بگرن.
کارنامەی رامیاریی و ئابووریی
سەرەڕای ڕۆڵی لە گەشەپێدن و پێشخستنی سوپای پاسداران، بەڵام موحسن رەزایی لە کۆتاییەکانی جەنگی ئێران-عێراقدا (ساڵی ١٩٨٨) بەهۆی پاشەکشە کردن و زیانە گیانییە گەورەکان، بەتایبەت لە شەڕی فاودا ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە.
لەڕووی سیاسییەوە، موحسن رەزایی لە ساڵی ١٩٩٧ لە سوپا هاتە دەرەوە و نزیکەی ٢٤ ساڵ ئەمینداری ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم بوو. چەندین جار کاندیدی سەرۆک کۆماری ئێران بوو (۲۰۰٥، ۲۰۰۹، ۲۰۱۳، ۲۰۲۱)، بەڵام لە هیچ کامیاندا سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا.
رەزایی پلەی دکتۆرای لە ئابووریدا بەدەستهێناوەو لە حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا بووە جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ئابووریی، بەڵام ئەزموونەکەی سەرکەوتنێکی بەرچاو یان گۆڕانکارییەکی ئابووریی بەخۆیەوە نەدی و دوای دوو ساڵ جێی هێشت.
ڕۆڵی نوێ لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایش
دەسەڵاتی بڕیاردانی کۆتایی لە دەستی ڕێبەردایە، بەڵام ڕەزایی وەک ئەمیندار ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە کۆکردنەوەی هەڵسەنگاندنی دامەزراوە سەربازیی، ئاسایشی و حکومییەکان و ئیدارەدانی جیاوازییەکانی ناو ئەنجومەنەکە.
گەڕانەوەی بۆ ئەم پۆستە دەریدەخات کە سیستەمی ئێران لە کاتە هەستیارەکان و دۆخی جەنگ و ئاشتیدا، دووبارە پەنا بۆ کەسایەتییە سەربازیی و کۆنەکانی خۆی دەباتەوە.