لە واشنتۆنەوە تا تەلئەبیب و هەرێمی کوردستان؛ پشتی پەردەی سناریۆیەکی سەرنەکەوتووی مۆساد
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە، DW فارسی
ئامانجی بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و مۆساد زۆر بەرفراوانتر بووە و ئامانجیان تەنها تێکدانی دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران نەبووە؛ بەڵکو ئامانجی سەرەکییان گۆڕینی ڕژێم و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە لە ماوەی یەک تا سێ ساڵدا. ئەمەش بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری ناداڤ ئەیال، ڕۆژنامەنووسی دیاری ئیسرائیلی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببوونە "بناغەی سەرەکی" لەم نەخشەیەی مۆساددا بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی. ڕێکخستنەکە بە جۆرێک بوو کە بڕیاربوو لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی ١٥ هەزار چەکداری کورد بە پشتیوانیی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، لە سنوورەکانی ڕۆژئاواوە بچنە ناو خاکی ئێران.
هەرچەندە لە راپۆرتی رۆژنامەنوسە ئیسرائیلییەکەدا ئاماژە بە ١٥ هەزار پێشمەرگەی رۆژهەڵات کراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە ئەو ژمارەیە بە حزبە کوردییەکان کۆ ناکرێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، بیرۆکەی مۆساد ئەوە بوو کە حیزبە کوردییەکان هێرشەکانیان لە سنوورەوە دەست پێبکەن، شار بە شار پێشڕەوی بکەن، خەڵکی ناوچەکە و ئێرانییەکانی تر بەخۆیانەوە پەیوەست بکەن و لە کۆتاییدا بەرەو تاران بڕۆن.
خۆپێشاندانە بەرفراوانەکانی کانوونی دووەمی 2026، ئەم بڕوایەی لە لای بڕیاردەرانی ئاسایشی ئیسرائیل دروست کردبوو کە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران ڕەخساوە. نەخشەکە وا داڕێژرابوو کە هێرشی زەمینیی کوردەکان هاوکات بێت لەگەڵ شەپۆلی یەکەمی بۆردومانە قورسەکان و هاتنە سەر شەقامی خەڵک، تا ڕژێم بە تەواوی بڕوخێت.
ئاسایشیی ئیسرائیل: پلانەکە وەهمێکی ڕووت بوو
لە بەرامبەردا، هەندێک لە پسپۆڕان و ئەفسەرانی هەواڵگریی ئیسرائیل کە ساڵانێک کاریان لەسەر دۆسیەی ئێران کردبوو، پشتبەستن بە کوردەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکانی ئێران بە "وەهمێکی ڕووت و هەڵسەنگاندنێکی هەڵە" دەزانی.
بەڵام وەڵامی مۆساد ئەوە بوو کە ئەرکی کوردەکان داگیرکردنی تاران نییە، بەڵکو تەنیا مەشغووڵکردنی سوپاو هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە لە سنوورەکان، تاوەکو گوشاری خۆپێشاندانەکانی ناوخۆ بزماری کۆتایی لە تابوتی دەسەڵات بدات.
جگە لەوەش، لە ناو خۆی دامەزراوە ئاسایشییەکاندا بێبڕوایییەکی قووڵ و "بێمتەمانەیی بەرامبەر بە کوردەکان" بوونی هەبوو.
سەرەنجام ئەم نەخشە ئاڵۆزە پێش جێبەجێکردنی بەربەستی سیاسیی تووش بوو؛ تەنیا هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشداریی ڕاستەوخۆی دایە واشنتۆن کە هێرشی کوردەکان دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیسرائیل. بەم هۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا فەرمانی دا بە ڕاگرتنی تەواوەتیی ئەم نەخشەیە.
کارتێکەرە ناوخۆییەکانی مۆساد
ڕاگرتنی ئەم پڕۆژەیە دەستبەجێ ئاڵۆزیی لە ئاستی بەڕێوەبەریی مۆساددا دروست کرد. بەپێی زانیاریی میدیا ئیسرائیلییەکان (لەوانە کەناڵی ۱۲)، ڕۆمەن گۆفمان، سەرۆکی تازەی مۆساد، لە مانگی ئابدا و دوای ناکۆکیی قووڵ، دوو لە باڵاترین بەرپرسانی هەواڵگریی ئەو ڕێکخراوەی (سەرۆکی فەرمانگەی هەواڵگری و بەرپرسی بەشی ئێران) لە پۆستەکانیان دوورخستەوە، چونکە ئەوان داڕێژەری سەرەکیی نەخشەی ڕووخاندنی ئێران بوون لە ڕێگەی گرووپە کوردییەکانەوە.
ئێستا ئاشکرابوونی ئەم وردەکارییانە، حیزبە کوردییەکانی ڕووبەڕووی جەنجاڵی کردووەتەوە؛ لە کاتێکدا ناویان وەک ئەکتەری سەرەکیی ئەم پلانە هێنراوە، بەڵام خۆیان هەمیشە هەرجۆرە ڕێککەوتنێکی چەکداری یان کارکردن وەک هێزی وڵاتانی دەرەکییان ڕەتکردووەتەوە.
مەرجی ئاڵا و ڕەتکردنەوەی حیزبە کوردییەکان
ڕۆژنامەنووسە ئیسرائیلییەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مۆساد بە ئاشکرا داوای لە گرووپە کوردییەکان کردبوو بە هیچ جۆرێک بە ئاڵای کوردییەوە نەچنە ناو ئێران، بەڵکو لەژێر ئاڵای سێڕەنگی شێر و خۆرشیددا (هێمای نەتەوەیی و پێش شۆڕشی ۱۹۷۹) پێشڕەوی بکەن.
ئامانجی ئیسرائیل ئەوە بوو کە ئەم هێرشە وەک "ڕاپەڕینێکی سەرانسەریی ئێرانی" تەماشا بکرێت، نەک جووڵانەوەیەکی سەربەخۆییخوازانەی کوردی. ئەیال ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئیسرائیل خۆی هەموو کارە لۆجستییەکانی دابینکردنی ئەم ئاڵایانەی گرتبووە ئەستۆ.
لە وەڵامدا، زاگرۆس ئەندریاری، بەرپرسی دیپلۆماسیی پژاک لە ئەوروپا، بێئاگایی خۆی لەم داواکارییە دەربڕی و گوتی: «تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، هیچ پەیوەندییەکی لەو شێوەیە لەگەڵ حیزبی ئێمە و هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات نەکراوە و ئەمە یەکەم جارە بەر گوێم دەکەوێت.» ئەو پێی وابوو ئەم زانیارییانە زیاتر پروپاگەندە و سیناریۆیەکی سووتاوە و هیچ حیزبێکی کوردی شتی وەها قبووڵ ناکات.
لە بەرامبەردا، ناداڤ ئەیال جەختی لە دروستیی زانیارییەکانی کردەوە و ڕایگەیاند کە زانیارییەکانی لە چەندین سەرچاوەی سەربەخۆی ئیسرائیلی و ناو کۆشکی سپییەوە وەرگرتووە و میدیا جیهانییەکانی وەک نیویۆرک تایمز و ئاکسیۆسیش بڵاویان کردووەتەوە.
ئەیال ڕوونیکردەوە کە مەرجی ئاڵای شێر و خۆرشید ڕێکارێکی تاکتیکی بووە و ڕێبەرانی هەندێک لە گرووپە کوردییەکانیش لەگەڵ ئەم لۆژیکەدا هاوڕا بوون.
لە لایەکی ترەوە، حەسەن شەڕەفی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، گومانی لە تەواوی ڕاپۆرتەکە دەربڕی و گوتی: «لە ڕاپۆرتەکەدا تەنیا وتراوە "کوردەکان"، بەڵام ڕوون نییە مەبەست کوردەکانی تورکیا، سوریا، عێراق یان ئێرانە؟ بنەمای سەرچاوەی ئەم وتارە ئاشکرا نییە.»
ماڵپەڕی هەواڵیی ئیسرائیلی "i24News" لە ۲۲ی تەمووزدا ئاشکرای کردبوو کە لە کاتی جەنگە ٤٠ ڕۆژییەکەدا، تورکیا هەڕەشەی کردبوو ئەگەر کوردەکان هێرشی زەمینی بکەن، تورکیا پشتیوانیی ئاسمانی لە ئێران دەکات. هەروەها ئاماژە بەوە کرابوو کە پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان ئەردۆغان و جەی دی ڤانس (جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا) بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پلانی هێرشی زەمینی لە خاکی هەرێمەوە.
حەسەن شەڕەفی جەختی کردەوە: «ئەگەر ڕاستە بۆ ناو ناهێنن و لە کێ شەرم دەکەن؟ دەبێت ئەم پرسیارە لە بەرپرسانی ئیسرائیل بپڕسن، ئێمە بچووکترین زانیاریمان لەسەر نەخشەیەکی وەها نییە.»
گۆڕانی هەڵوێستی ترەمپ
هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر چەکدارکردنی کوردەکان تووشی گۆڕانکاریی گەورە بوو؛ ترەمپ لە ٥ ی ئاداری ۲٠٢٦ دا لە گفتوگۆیەکتدا لەگەڵ ڕۆیتەرز، ئەگەری هێرشی زەمینیی کوردەکانی بە "سەرسوڕهێنەر" ناوبرد و گوتی ڕەزامەندە لەسەری.
بەڵام تەنها مانگێک دواتر، ترەمپ بە تووڕەیییەوە ڕایگەیاند: «ئێمە چەکێکی زۆرمان نارد، بەڵام ئەوانەی چەکەکەیان وەرگرت لای خۆیان هێشتیانەوە و گوتیان تفەنگێکی جوانە! من پێم وایە کوردەکان چەکەکانیان برد... بۆیە لە گرووپێکی تایبەت زۆر تووڕەم و باجێکی قورس دەدەن.» ترەمپ گوتی لە کوردەکان زۆر بێئومێد بووە چونکە "تەنیا وەردەگرن".
هێڵە سورەکانی پژاک و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان
زاگرۆس ئەندریاری (لە پژاک) جەختی کردەوە کە بەشداری نەکردن لە جەنگی وەک ئەمە هێڵی سۆری ئەوانە و پێویستییان بە چەکی دەرەکی نییە.
ئەو قسەکانی ترەمپی بە گەزافی سیاسی بۆ گوشارخستنە سەر ئێران ناوبرد. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەباشیی هێزەکانیان لە سنوورەکان بۆ ئەوە بووە تا لە حاڵەتی گۆڕانکاریی سیاسی یان مەترسیی کۆمەڵکوژی، بەرگری لە خەڵک بکەن.
ئەندریاری ڕەتیشی نەکردەوە کە ئەگەر هاوپەیمانییەکی جیهانی بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران دروست بێت، ڕەنگە حیزبە کوردییەکان بەشداری تێدا بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستێکی تەواو جیاوازی خستەڕوو. بارزانی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، بە توندی هەرجۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی ئەوان پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمە تا دوور بن لە ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان. ئەو جەختی لە قۆرغکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە.
زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر بنکە کوردییەکان
لە کاتی جەنگە ۳۹ ڕۆژییەکە و دوای ئەوەش، ئێران هێرشەکانی بۆ سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان توندتر کردەوە. لە مانگی تەمووزی ۲۰۲٦ زیاتر لە ٤٨ هێرشی مووشەکی و دڕۆنی تۆمار کران. بۆ نموونە لە ۱۷ی تەمووزدا لە هێرشێکدا بۆ سەر ئوردوگای زرگوێز لە نزیک سلێمانی، ۸ ئەندامی حیزبی کۆمەڵە کوژران. هەروەها لە ۱ی تەمووزدا ٥ پێشمەرگەی حدکا لە پێكدادانێکی سنووریدا گیانیان لەدەستدا. لە ٦ ی ئابیشدا سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی شاردراوەیان لە ناو خاکی هەرێمدا ئەنجامداوە.
ئەم هێرشانە حیزبە کوردییەکانی خستووەتە بەر پرسیارێکی قورس کە بە بێ پشتیوانیی دەرەکی چۆن بەرگەی ئەم لێدانانە دەگرن. ئەندریاری هێزەکانی پژاکی لە حیزبەکانی تر جیا کردەوە و گوتی ئەوان کەمپیان لەشارد نییە و لە سنوورەکانن، بەڵام حیزبەکانی تر بەهۆی نیشتەجێبوونی خێزانەکانیان لە کەمپەکاندا ڕەنگە ناچار ببن کەمپەکان چۆڵ بکەن.
دیدگای شرۆڤەکاران؛ مەترسی بۆ سەر خەباتی مەدەنی
دامون گوڵڕێز، توێژەری ئاشتی لە خوێندنگەی باڵای لاهە، پێی وابوو ناکۆکیی نوخبەی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی ئێراندا لەسەر خودی بنەمای "دەوڵەت-نەتەوە"یە.
بە بڕوای ئەو، پشتبەستن بە هێرشی سەربازیی زەمینی بە وەکالەت لە مۆسادەوە، زیان بە بزووتنەوە مەدەنییەکانی وەک "ژن، ژیان، ئازادی" دەگەیەنێت و لە بری ڕێگەی دیموکراتیک، ڕێگەی خەباتی چەکداری بەهێز دەکاتەوە.
گوڵڕێز ئاماژەی بە قسەکانی حسێن یەزدانپەنا (فەرماندەی پاک) کرد کە وتبووی ئاسایشی نەتەوەیی کورد و ئیسرائیل بەستراونەتەوە بە یەکترەوە. ئەم شرۆڤەکارە ئاگاداری دایەوە کە دوای هەر ئاگربەستێک لەگەڵ تاران، مەترسییەکان بۆ سەر کەمپ و بارهگاکانی کورد لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر دەبن و خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانیی یاریی هێزە ناوچەیییەکان، بۆیە پێویستە پرسی کورد لە چوارچێوەی دیالۆگ و خەباتی مەدەنیی سەراسەریدا پێناسە بکرێتەوە
ئەنجام
ئاشکرابوونی ئەم نەخشە سەرنەکەوتووە نیشانی دادات کە ڕەچاوکردنی هاوکێشە نیابییەکان چەندە مەترسیدارە. ئەم ئۆپەراسیۆنەی بڕیاربوو بە ناوی ڕاپەڕینی سەراسەرییەوە ئەنجام بدرێت، بەهۆی هۆشداریی تورکیا و پاشەکشەی ئەمریکاوە وەستا. ئەنجامەکەشی گۆڕانکاریی ناوخۆیی لە مۆساد، توندبوونەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر حیزبە کوردییەکان لە هەرێم، و دروستبوونی مەترسیی زیاتر بوو بۆ سەر هاووڵاتییان.