لێدانی زەنگی دوا مۆڵەت؛ قائانی لە بەغدا لە نێوان هێڵی سووری چەک و گرێکوێرەی نەوتدا
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا گوشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چەککردنی میلیشیاکان بەردەوامە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، لە سەردانێکی کوتوپڕدا گەیشتە بەغدا.
لەم سەردانە چەند کاتژمێرییەدا، قائانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی جیاوازی لەگەڵ سەرکردەکانی ( چوارچێوەی هەماهەنگی)و فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان ئەنجامدا.
ئەم جووڵەیەی تاران لە کاتێکدایە کە وادەی دیاریکراوی حکومەتی عێراق بۆ چەککردنی گرووپەکان نزیک دەبێتەوە و مەترسیی بەکارهێنانی هێز لەئارادایە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی قائانی بریتی بووە لە وادەی ٣٠ی ئەیلولی داهاتوو، ئەو وادەیەی حکومەتەکەی عەلی ئەلزەیدی دیاریکردووە وەک دوا مۆڵەت بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان، لەگەڵ هۆشداریدان لە بەکارهێنانی هێز بەرامبەر سەرپێچیکاران.
قائانی لە کۆبوونەوەکانیدا جەختی لەسەر ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بەریەککەوتنێکی چەکداری لە نێوان گرووپەکان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووەتەوە تا ناوچەکە نەچێتە ناو رووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی ئاڵۆزەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا، ناوبراو ئامادەیی ئێرانی بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان بە دەوڵەت نیشان نەداوە و پرسیارەکەی وەک "سەپاندنی ئەمریکی" وەسفکردووە.
قائانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سایەی هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر "بەرەی بەرگریی"، پێویستە توانای سەربازیی ئەو گرووپانە بپارێزرێت.
دۆسیەی ئابووری و گەرووی هورمز
گفتوگۆکان تەنها ڕەهەندی ئەمنییان نەبوو؛ لایەنی عێراقی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ قائانی دۆسیەیەکی هەستیاری ئابوورییان خستووەتە ڕوو. بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی بەغدای گرتووە و مەترسیی لەسەر دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دروست کردووە، سەرکردە عێراقییەکان داوای ڕەزامەندییەکی ڕاستەقینەی ئێرانیان کردووە بۆ زامنکردنی تێپەڕبوونی ئازادانەی باخیرە نەوتهەڵگرەکانی عێراق لە گەرووی هورمزدا.
شارەزایان چی دەڵێن؟
حوسێن ئەسعەد، شارەزا لە مەسەلە ستراتیژییەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە هاتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا ئاماژەیەکی ڕوونە کە تاران پرسی چەکی گرووپەکان وەک دۆسیەیەکی ستراتیژیی پەیوەست بە هەژموونی خۆی دەبینێت، نەک تەنها بابەتێکی ناوخۆیی عێراق.
ئەسعەد پێیوایە تاران هەوڵ دەدات هاوکێشەیەکی باریک بپارێزێت: لەلایەک ڕێگری لە شەڕی ناوخۆیی نێوان گرووپەکان و حکومەت بکات، و لەلایەکی ترەوە ڕێگە نەدات توانای سەربازییان بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە. ئەمەش ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ ڕێککەوتنێک کە بەشێک لە هەژموونی ئەو گرووپانە لە ناو دامەزراوە فەرمییەکاندا بپارێزێت.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ئەم قۆناغە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ سەروەریی عێراق و بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک دەبێت سەربەخۆ و ناوخۆیی بێت، نەک لەژێر کاریگەریی هەژموونی ئێران یان ئەمریکادا.
ناڕوونی لە جێبەجێکردنی مۆڵەتەکەدا
لەگەڵ ئەوەی تەنها ٥٠ ڕۆژ بۆ کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەی حکومەت ماوە، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی مەیدانی یان وێنەیەک لە ڕادەستکردنی چەک لەلایەن گرووپەکانەوە دەرنەکەوتووە، تەنانەت لەلایەن ئەو گرووپانەش کە ڕەزامەندییان دەربڕیوە. هەروەها حکومەت ڕوونی نەکردووەتەوە چی جۆرە چەکێک ڕادەست کراوە یان وەرگیراوە.
ئەم بێدەنگییە گومان و پرسیاری زۆری لای چاودێران دروست کردووە، بەتایبەت کە لە ناوەڕاستی تەممووزی ڕابردوودا، عەلی ئەلزەیدی لە واشنتۆن و لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە "چەکێکی زۆر ڕادەست کراوە و دوای ٣٠ی ئەیلول پێویست بە بوونی هیچ گرووپێک ناکات"، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی وردی تری لەسەر ئەرزی واقع ئاشکرا نەکردووە.