دادوەرێک بۆ پەنجەرە: بوونی چەک لەماڵەوە گەورەترین گرفتە
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دادوەرێکی پێشووی دادگای سەربازیی، بوونی چەک لەماڵەوە بە کێشەیەکی گەورە دەبینێت و پێیوایە هۆکارە بۆ ئەوەی تاوانەکان لە تاوانی ئاساییەوە ببە تاوانی قورس.
عەمید خانەنشین: مەحمود موراد، ئەندامی پێشووی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە پەنجەرەی وت: بوونی چەک لەماڵەوە گەورەترین گرفتە، چونکە خەڵک هەیە چەک هەڵدەگرێت و دەڵێت بۆ ئەمنیەتی خۆم، بەڵام ئەمە گرفتەکان ئاڵۆزتر دەکات.
ئەو دادوەرە نموونەی ئەوەی هێنایەوە کە دوو کەس ئەگەر ببێت بەشەڕیان، بەبێ چەک ڕەنگە لەیەکتری بدەن و زیانێکی ئەوتۆی جەستەیی بەیەک نەگەیەنن، بەڵام کە چەکیان پێبێت، وەکخۆی وتی: "کارەسات دەخوڵقێت."
پێیشیوایە چەکداماڵین و قەدەغەکردنی، "رێژەی تاوان کەم دەکاتەوە، بەڵام بنبڕی ناکات."
ئەرکی ئەم کۆکردنەوە و چەکداماڵینەش دەخاتە ئەستۆی حکومەت و دەڵێت: ئەوکات دەبێت حکومەت جدی بێت لەم بڕیارانە، ئەمە هەم بۆ چەکی میری و هەم بۆ چەکی بێ مۆڵەتیش.
وتەکانی ئەو دادوەرە لەکاتێکدایە کە تاوانەکانی کوشتن بە بەکارهێنانی چەک لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا بەڕادەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، بەشێوەیەک لە ئیدارەیەکی بچووکی وەکو گەرمیاندا، پێنج حاڵەتی کوشتن تۆمارکراون.