قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان؛ پەککەوتنی دامەزراوەکان و سەختبوونی ژیانی هاووڵاتییان
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت و پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمان، لە سنووری ململانێی ئاسایی حزبی دەرچووە و قەیرانێکی گشتگیری ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لەسەر ئاستی هەرێمەکە لێکەوتووەتەوە.
قەیرانی ئابووریی
بەپێی بەدواداچوونەکان، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و هەشت مانگ بەسەر شکستهێنان لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، نەبوونی یاسای بودجە لە ساڵانی ڕابردووەوە، پەککەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کارەبا، هاوشانی زیادبوونی باج و ڕسوومات، گوزەرانی خەڵکی خستووەتە دۆخێکی قورسەوە.
بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تووشی سستبوونی گەورە بوونەتەوە و زیانی زۆر بە کاسپکاران گەیشتووە. لە هەمان کاتدا، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و کۆکردنەوەی باج لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکانی حکومەت بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتی.
بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان، داهاتی مانگانەی هەرێم بۆ کەمتر لە چواریەکی جاران دابەزیوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە سێکتەرەکانی پەروەردە، تەندروستی، ڕێگاوبان و ئاودا.
هەڵبژاردن و پەرلەمانی پەککەوتوو
ئەگەرچی لە ۲۰ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام پەرلەمان تەنها یەک دانیشتنی پرۆتۆکۆلیی بۆ سوێند خواردنی یاسایی لە کۆتایی هەمان ساڵدا ئەنجامداوە و تا ئێستا هیچ دانیشتنێکی دیکە بۆ یاسادانان یان کاراکردنەوەی حکومەت بەڕێوە نەچووە.
ئاڵۆزییەکان لە مانگی تەمووزدا چوونە قۆناغێکی نوێوە، دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، هەردوولا وەک یەک کۆتڵەی سیاسی (بە هەبوونی ۳۸ کورسی) بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (۳۹ کورسی) بەشدار دەبن. لە بەرامبەردا، پارتی ئەم هاوپەیمانییەی ڕەتکردووەتەوە و بە هەوڵێک بۆ دروستکردنی بەرەیەک دژ بە خۆی لێیدەڕوانێت، کە ئەمەش گفتوگۆکانی بە تەواوی گەیاندووەتە بنبەست.
هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن و شیکەرەوان؛ دیدگای جیاواز بۆ چارەسەر
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە تاقە چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا ڕوخاندنی حکومەتی ئێستایە لە ڕێگەی کاری هاوبەشی ئەو هێزانەی کە ٦۰ کورسییان لە پەرلەماندا هەیە، جەختیشی کردەوە کە هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پارتی ناکەن تا دان بە هاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ یەکێتیدا نەنێت.
لایخۆیەوە بیلال خەیات، شیکەرەوەی سیاسی پێیوایە ناکۆکییەکان لێکەوتەی مەترسیداریان لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە و بووەتە هۆی دروستبوونی "واقیعی دوو ئیدارەیی". هیچ حزبێک ناتوانێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت، هەربۆیە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە تاکە دەربازبوونی دادەنێت.
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانیش (پێکهاتوو لە حزبی شیوعی، زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەل) ڕایدەگەیەنن کە هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکە قەیرانەکان بە دروستکردنی قەیرانی نوێ دەشارنەوە. هۆشداریشیان داوە لەوەی ئەگەر بارودۆخەکە ڕاست نەکرێتەوە، پەنا بۆ جوڵاندنی شەقام دەبەن.
ئیسلام زێباری، چالاکوانی سیاسی ئۆپۆزسیۆن ئاماژە بەوە دەکات کە شکستی حکومەت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی مووچە، نەوت و دەروازە سنوورییەکان لە ساڵی ۲۰۱٤وە، باروگوزەرانی هاووڵاتییانی بە تەواوی ڕووخاندووە. بێئومێدیی خەڵک گەیشتووەتە ئاستێک کە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان داوا دەکەن دۆسیەی دارایی و نەوتی هەرێم بە تەواوی بخرێتە سەر بەغدا.