کوشتن، دزیی و هۆشبەر؛ ئاماری نوێی ژنانی سزادراو لە چاکسازیی سلێمانی کە ١٤ یان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٨ پاش نیوەڕۆ

کوشتن، دزیی و هۆشبەر؛ ئاماری نوێی ژنانی سزادراو لە چاکسازیی سلێمانی کە ١٤ یان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە

پەنجەرە

بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ژنان و منداڵان لە سلێمانی، ئاشکرایدەکات کە ٧٢ ژنی سزادراو لە ناو چاکسازییەکەدا بەندکراون، لەنێویاندا ١٤ ژنیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.

فوئاد جەزا، بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵان لە سلێمانی، وتی: "ژمارەی ئەو ژنە سزادراوانەی ئێستا لە چاکسازییەکەدان دەگاتە ٧٢ سزادراو"، ڕوونیشیکردەوە کە ئەو سزایانەی بەسەریاندا سەپێنراون پەیوەندییان بە دۆسیەی جیاوازەوە هەیە، کە دیارترینیان کوشتن، دزیی، ماددەی هۆشبەر و تەزویرن.

جەزا ئاماژەی بەوەش کرد، "لە نێو سزادراوەکاندا ١٤ ژن هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دراوە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەن"، باسی لەوەش کرد کە "ژمارەی ئەو منداڵانەی لە چاکسازییەکەدان جێگير نین و بەپێی حاڵەتەکانی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوە دەگۆڕێن".

ڕوونیشیکردەوە کە ئیدارەی چاکسازییەکە چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بۆ سزادراوان دابین دەکات، بە جۆرێک لە کاتی هاتنەژوورەوەیاندا فۆرمێکی تایبەت بۆ هەموو سزادراوێک دەکرێتەوە و پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت، پێش ئەوەی بەپێی قۆناغی تەمەنیان بەسەر بەشە دیاریکراوەکاندا دابەش بکرێن.

ئاماژەی بە ڕێکخستنی خول و بەرنامەی پەروەردەیی و پەرەپێدانیش کرد بۆ سزادراوان، لەرەنگدانەوەی ئەوەشدا باسی لەوە کرد کە ژمارەیەک لەوان لە ماوەی سزادانەکەیاندا توانیویانە خوێندنی ئامادەیی تەواو بکەن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان لە ناو چاکسازییەکەوە بەردەوام بوون لە خوێندنی زانکۆیان.

سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی خۆراک، جەزا جەختیکردەوە کە ئەو ژەمانەی پێشکەشی سزادراوان دەکرێن "جێگیرن و بە قەیرانە ئابووریی یان داراییەکان کاریگەر نابن"، و جەختیشی کردەوە کە بارودۆخی سزادراوانی ژن و پیاو لە ناو چاکسازییەکەدا "سەقامگیرە و لەژێر کۆنترۆڵدایە".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو