ناوی کوردستانیشی تێدایە؛ پەنجەرە ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکەی زەیدی بۆ پەرلەمان لەبارەی چەککردنی میلیشیاکان بڵاو دەکاتەوە

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٤١ پاش نیوەڕۆ

ناوی کوردستانیشی تێدایە؛ پەنجەرە ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکەی زەیدی بۆ پەرلەمان لەبارەی چەککردنی میلیشیاکان بڵاو دەکاتەوە

تایبەت بە پەنجەرە 

ئەمە دەقی ئەو پرۆژە یاسایە کە لەلایەن حکومەتەکەی زەیدییەوە ئامادە کراوە و پەیوەندیدارە بە چەککردنی میلیشیاکان، تا پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات:

کۆماری عێراق
ئەنجومەنی نوێنەران
پێشنیازەیاسای ( قۆرخکردنی چەک و بڕیاری سەربازی و ئەمنی لەدەستی دەوڵەتدا)

بەناوی گەلەوە
ئەنجومەنی نوێنەران
پشتبەستن بە ئەحکامەکانی ماددەی (٦١/یەکەم) و ماددەی (٦٠/دووەم) لە دەستووری کۆماری عێراق، و لەسەر بنەمای ئەحکامەکانی ماددەکانی (١) و (٩) و (٧٨) و (١٠٩) و (١١٠) و (١١١) و (١٢١)ی دەستوور، ئەم یاسایە دەرچوێنرا:

ماددەی (١)

مەبەست لەم زاراوانەت خوارەوە بۆ مەبەستەکانی ئەم یاسایە، ئەو واتایانەیە کە لە بەرامبەریاندا دیاریکراون:
 یەکەم: دەوڵەت: کۆماری عێراق و دەسەڵات و دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی.
 دووەم: هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان: ئەو هێز و پێکهاتە و دەزگایانەی بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان دامەزراون و لەژێر بڕیار و کۆنترۆڵی دەستووری و یاسایین.

 سێیەم: چەکی سەربازی: ئەو چەک و تەقەمەنی و ئامێر و سیستەمانەی کە سروشت یان توانای سەربازییان هەیە، لەوانەش چەکی مووشەکی، تۆپخانە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی (درۆن)، و ئامێر و کەلوپەلی جەنگی ئەلیکترۆنی، لەگەڵ هەر هۆکارێکی تری جەنگی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی یاسا دیاریی دەکەن.
 
چوارەم: لایەنی چەکداری ناحکومی (غەیرە حوکومی): هەر حیزب، ڕێکخراو، بزووتنەوە، گرووپ، یان کەسایەتییەکی مەعنەوی یان سروشتی کە خاوەندارێتی، دەستبەسەرداگرتن، بەڕێوەبردن یان بەکارهێنانی هێزێکی چەکدار یان چەکێکی سەربازی بوبێت لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ڕێگەپێدراو بەپێی یاسا.

 پێنجەم: قۆرخکردنی چەک (حەسرکردنی چەک): کۆتاییهێنان بە هەر دەستبەسەرداگرتن، بەڕێوەبردن، یان بەکارهێنانێکی چەکی سەربازی لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ڕێگەپێدراو بەپێی دەستوور و یاسا.
 شەشەم: بڕیاری سەربازی و ئەمنی: ئەو فەرمان، ئاڕاستە، یان ڕێکارەی کە پەیوەندی بە بەکارهێنانی هێز، چەک، هێزی چەکدار، جووڵەپێکردنیان، یان ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی و ئەمنییەوە هەیە.

ماددەی (٢)

 یەکەم: چەک و بڕیاری سەربازی و ئەمنی مافێکی تایبەت و قۆرخکراوی دەوڵەتە، و دروست نییە لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ڕێگەپێدراو بەپێی دەستوور و یاسا پەیڕەو بکرێن، هەڵبگیرێن، یان بەڕێوەببرێن.
 دووەم: بە شێوەیەکی بڕاوە و بنبڕ قەدەغەیە دروستکردن، هێشتنەوە، یان دووبارە ڕێکخستنەوەی هەر میلیشیایەک، هێزێک، یان پێکهاتەیەکی چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان کە یاسا ڕێکیان دەخات.
 سێیەم: ڕێگەپێدراو نییە بۆ هیچ حیزب، ڕێکخراو، گرووپ، یان کەسێک کە فەرمانی سەربازی یان ئەمنی دەربکات، یان هێزێکی چەکدار بجووڵێنێت، یان چەک بەناوی عێراق یان بۆ بەرژەوەندی عێراق یان لە دەرەوەی بڕیاری دەوڵەت بەکاربهێنێت.
 چوارەم: دان بە هیچ ئامادەیی، سەرکردایەتی، مەرجەعییەت، یان فەرمانێکی چەکداریدا نانرێت لە دەرەوەی زنجیرە فەرماندەیی ڕەسمی کە دەستوور و یاسا دیارییان دەکات.

ماددەی (٣)

سەرجەم هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان ژێردەی ئەم پرەنسیپانەن:
 یەکەم: فەرماندەیی مەدەنیی دەستووری.
 دووەم: یاسا بەرکارەکان.
 سێیەم: زنجیرە فەرماندەیی ڕەسمی.
 چوارەم: چاودێریی دەستووری، یاسادانان، و دادوەری بەپێی تایبەتمەندیی هەر دەسەڵاتێک.
و قەدەغەیە بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندیی حیزبێک، ڕێکخراوێک، گرووپێک، یان کەسێک، یان بە مەبەستی دەستوەردان لە کێبڕکێی سیاسی یان دەستاودەستکردنی دەسەڵات.

ماددەی (٤)

 یەکەم: لەسەر حیزب، ڕێکخراو، و قەوارە سیاسییەکان قەدەغەیە دروستکردن، دابینکردنی دارایی، چەکدارکردن، مەشقپێکردن، بەڕێوەبردن، یان ئاڕاستەکردنی هەر هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
 دووەم: قەدەغەیە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی، فەرماندەیی، دارایی، یان ئۆپراسیۆنی لە نێوان هەر حیزب یان ڕێکخراوێکی سیاسی و هەر پێکهاتەیەکی چەکدار لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت.
 سێیەم: قەدەغەیە بەکارهێنانی بارەگا و دامەزراوەکانی سەر بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بۆ کۆگاکردنی چەک، تەقەمەنی، یان کەلوپەلی سەربازی، یان ئەنجامدانی مەشق و چالاکی سەربازی.
 چوارەم: هیچ لایەنێکی سیاسی مافی ئەوەی نییە خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی دامەزراوە، کۆمپانیا، یان لایەنێکی ئابووری بکات کە چالاکی ڕاستەقینەی یان یەکێک لە ئامانجەکانی، دابینکردنی دارایی بێت بۆ چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی دەوڵەت.
 ماددەی (٥)
 یەکەم: سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت پابەند دەبن بە ئەنجامدانی سەرژمێرییەک و وردبینییەکی گشتگیر و ورد بۆ ئەو چەک، تەقەمەنی، و کەلوپەلە سەربازییانەی لەبەردەستیاندایە.
 دووەم: بنکەدراوەیەکی (داتا بەیس) نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ چەکی سەربازی دروست دەکرێت کە جۆری چەک، ژمارەکەی، سەرچاوەکەی، بڕەکەی، شوێنی بوونی، و ئەو لایەنەی لەبەردەستیدایە و بەرپرسە لێی دەگرێتەوە.
 سێیەم: دەوڵەت سیستەمێک پەیڕەو دەکات بۆ بەدواداچوونی چەکی سەربازی لە کاتی هاتنەناوەوەی بۆ عێراق یان دروستکردنی، تا دەگاتە کۆگاکردن، بەکارهێنان، و دەرهێنانی لە خزمەت.
 چوارەم: وەزارەتی بەرگری، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، بەرپرس دەبێت لە دانانی پێوەرە نیشتمانییەکان بۆ سەرژمێری، تۆمارکردن، و بەدواداچوون بەپێی یاسا.
ماددەی (٦)
 یەکەم: هەر هەڵگرتن، کۆگاکردن، گواستنەوە، یان بەکارهێنانێکی چەکی سەربازی لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ڕێگەپێدراو بەپێی یاسا، بە هەڵگرتنی نەشیاو و ناپێویست (نایاسایی) هەژمار دەکرێت.
 دووەم: حوکمی بڕگەی (یەکەم) ئەو چەکانە ناگرێتەوە کە هاووڵاتییان ڕێگەیان پێدراوە هەڵیبگرن یان خاوەندارێتی بپەرژێنن بەپێی یاسای چەک و یاسا بەرکارەکان.
 سێیەم: مۆڵەتی مەدەنی بۆ هەڵگرتنی چەک بە هیچ جۆرێک بە مۆڵەت دانانرێت بۆ هەڵگرتن یان بەکارهێنانی چەکی سەربازی.
ماددەی (٧)
 یەکەم: موڵەتی نەوەد (٩٠) ڕۆژ دەدرێتە سەرجەم ئەو لایەن و کەسانەی بە شێوەیەکی نایاسایی چەکی سەربازییان لەبەردەستدایە، لە بەرواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، تا ڕادەستی دەوڵەتی بپەرژێنن.
 دووەم: حکومەت شوێنەکانی ڕادەستکردن، ڕێکارەکان، و میکانیزمی تۆمارکردنی چەکە ڕادەستکراوەکان دیاری دەکات.
 سێیەم: بەرپرسیارێتی سزادان لەسەر تەنها «هەڵگرتنی پێشوو» دروست نابێت بۆ دەستپێشخەرێک کە لە ماوەی دیاریکراودا چەکەکە ڕادەست بکات، مەگەر چەکەکە بە تاوانێکی ترەوە بەستراوبێتەوە.
 چوارەم: ئەحکامەکانی لێخۆشبوون لەم ماددەیەدا، تاوانەکانی کوشتن، تیرۆر، ڕفاندن، دەستدرێژی، تێکدان، یان تاوانەکانی تری بەستراوە بە بەکارهێنانی چەکەوە ناگرێتەوە.
ماددەی (٨)
دوای کۆتاییهاتنی ئەو ماوەیەی لە ماددەی (٧)ی ئەم یاسایەدا هاتوو دەبێت:
 یەکەم: بەردەوامبوون لە هەڵگرتنی چەکی سەربازی بە تاوانێک هەژمار دەکرێت کە یاسا سزای لەسەر دەدات.
 دووەم: دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان هەڵدەستن بە دەستبەسەرداگرتن و داماڵینی چەکە نایاساییەکان بەپێی یاسا.
 سێیەم: ڕێکاری دادوەری بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتە بەر کە ڕەتیدەکەنەوە چەک ڕادەست بکەن، یان دووبارە دەست دەکەنەوە بە شاردنەوە، گواستنەوە، یان قاچاغچییەتی چەک.
 چوارەم: نابێت پاساو بۆ ڕاگرتنی ڕێکارە یاساییەکان بهێنرێتەوە بە ساتی حیزبی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، یان وەزیفی.
ماددەی (٩)
 یەکەم: سەرجەم پێکهاتە چەکدارەکانی کە نەچوونەتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، پابەند دەبن بە کۆتاییهێنان بە بوونی چەکدارییان لە ماوەی ڕاگواستنی (ئینتیقالی) دیاریکراو لەم یاسایەدا.
 دووەم: دەکرێت ڕەوشی ئەو ئافراد و کەسانەی ئارەزوومەندن ببنە ئەندام لە هێزە چەکدارەکان یان دەزگا ئەمنییەکان ڕێکبخرێتەوە بەپێی مەرجەکانی وەرگرتن و خزمەت کە لە یاسا بەرکارەکاندا هاتوون.
 سێیەم: ئەندامێتیی پێشوو لە پێکهاتەیەکی چەکداردا بە تەنها نابێتە ڕێگر لە بەردەم داواکاری بۆ خزمەتی گشتی، و بە هەمان شێوە نابێتە هۆکارێکی بەس بۆ وەرگرتن تێیدا.
 چوارەم: وەرگرتن ژێر دەسەڵاتی پێوەرەکانی لێهاتوویی، دەستپاکی، سەلامەتیی یاسایی و ئەمنی، و سەرجەم مەرجەکانی تری خزمەت دەبێت.
 پێنجەم: چوونە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت نابێتە هۆی لێخۆشبوون و هەڵوەشاندنەوەی بەرپرسیارێتی سزادان لەسەر هەر تاوانێک کە کەسەکە پێش چوونە ناو دامەزراوەکە ئەنجامی دابێت.
ماددەی (١٠)
لە سەر هەر لایەنێک کە بەپێی دەستوور و یاسا ڕێگەپێدراو نییە، قەدەغەیە:
 یەکەم: دروستکردنی سەربازگە، بنکە، یان مەڵبەندی مەشقی سەربازی.
 دووەم: چەکدارکردن، مەشقپێکردن، یان بە سەربازکردنی کەسان بۆ مەبەستی سەربازی.
 سێیەم: دروستکردنی کۆگای چەک یان تەقەمەنی سەربازی.
 چوارەم: دروستکردنی بازگە یان زاڵگەی چەکدار، یان پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی ئەمنی لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
 پێنجەم: خاوەندارێتی یان کارپێکردنی سیستەمەکانی جەنگی، چاودێری، یان سیخوڕی کە سروشتی سەربازییان هەبێت.
 شەشەم: دروستکردن یان بەڕێوەبردنی سیستەمی پەیوەندی، یان فەرماندەیی و کۆنترۆڵ کە تایبەت کرابێت بە چالاکی سەربازی لە دەرەوەی دەوڵەت.
 ماددەی (١١)
 یەکەم: بڕیاری بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بە تایبەتی لە دەستی دەسەڵاتە دەستوورییە ڕێگەپێدراوەکاندا دەبێت.
 دووەم: لەسەر هەر لایەن یان کەسێک قەدەغەیە بڕیاری تاکلایەنە بدات بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی سەربازی یان چەکداری بەناوی عێراق یان لە خاکی عێراقەوە.
 سێیەم: قەدەغەیە بەکارهێنانی خاک، ئاوە هەرێمییەکان، یان ئاسمانی عێراق بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی دژی دەوڵەتێکی تر لەلایەن هەر لایەنێکەوە جگە لە دەوڵەت.
 چوارەم: سەرجەم لایەنە چەکدارە فەرمی و ناڕەسمییەکان پابەند دەبن بە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت و بڕیارە دەستووری و یاساییەکانی.
ماددەی (١٢)
پاراستنی سنوورەکان، دەروازە وشکانی، دەریایی، ئاسمانییەکان، فرۆکەخانەکان، بەندەرەکان، ئاوە هەرێمییەکان، و ئاسمانی وڵات لە تایبەتمەندییە قۆرخکراوەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ڕێگەپێدراو بەپێی یاسایە، و لەسەر هەر لایەنێکی چەکداری ناوهکۆمی قەدەغەیە دەسەڵاتێک لەم بوارانەدا پەیڕەو بکات.
ماددەی (١٣)
 یەکەم: حکومەتی فیدراڵی لە ماوەیەکدا کە لە سی (٣٠) ڕۆژ تێپەڕ نەکات لە بەرواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، "لیژنەی نیشتمانیی باڵا بۆ قۆرخکردنی چەک" پێکدەهێنێت.
 دووەم: لیژنەکە بەرپرس دەبێت لە جێبەجێکردنی سیاسەتی نیشتمانی بۆ قۆرخکردنی چەک، هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، و بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی خولیی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
 سێیەم: ڕێگەپێدراو نییە بۆ لیژنەکە کە پێکهاتەیەکی چەکداری نوێ بێنێتە ئاراوە یان دەسەڵاتێک بە هەر لایەنێک ببەخشێت کە لە دەستوور و یاسادا دیاری نەکراوبێت.
 چوارەم: حکومەت پێکهاتەی لیژنەکە، ئەرکە وردەکانی، و میکانیزمی کارکردنی بە پەیڕەوێک دیاری دەکات.
ماددەی (١٤)
لیژنەی نیشتمانیی باڵا بۆ قۆرخکردنی چەک پلانێکی نیشتمانی دادەنێت کە ئەم ئاڕاستانە لەخۆدەگرێت:
 یەکەم: سەرژمێریکردنی چەکە حکومییەکان.
 دووەم: قۆرخکردن و دەستنیشانکردنی ئەو چەکانەی لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدان.
 سێیەم: بەرنامەی ڕادەستکردنی ئارەزوومەندانە.
 چوارەم: کۆتاییهێنان بە دیاردە چەکدارییە نایاساییەکان.
 پێنجەم: ڕێکخستنەوەی ڕەوشی ئافراد و کەسەکان بەپێی یاسا.
 شەشەم: دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی ئەو چەکانەی شیاو نین یان پێویست نین بۆ دامەزراوە فەرمییەکان.
 حەوتەم: دروستکردنی سیستەمێکی نیشتمانیی بەردەوام بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت.
ماددەی (١٥)
ماوەی جێبەجێکردنی پلانی نیشتمانی دوانزە (١٢) مانگ دەبێت لە بەرواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە.
ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی هۆکاردار لە حکومەتەوە، ماوەکە تەنها یەک جار درێژ بکاتەوە بۆ ماوەیەک کە لە شەش (٦) مانگ تێپەڕ نەکات.
ماددەی (١٦)
 یەکەم: حکومەت ڕاپۆرتێک لە سێ مانگ جارێک پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات دەربارەی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە.
 دووەم: ڕاپۆرتەکە بە تایبەتی ئەم زانیارییانە دەگرێتەوە:
1. ژمارەی ئەو چەکانەی سەرژمێرییان بۆ کراوە.
2. ژمارەی ئەو چەکانەی ڕادەستکراون.
3. ژمارەی ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە و مصادەرە کراون.
4. ئەو ڕێکارانەی سەبارەت بە پێکهاتە چەکدارەکان گیراونەتە بەر.
5. حاڵەتەکانی سەرپێچی و ڕەوانەکردن بۆ دادگا.
6. ئاستی جێبەجێکردنی پلانی نیشتمانی.
 سێیەم: ئەنجومەنی نوێنەران مافی ئەوەی هەیە مێوانداری بەرپرسە پەیوەندیدارەکان بکات و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات سەبارەت بە هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم یاسایەدا.
ماددەی (١٧)
بێ ئەوەی تێکدان بێت لە هەر سزایەکی قورستر کە یاسایەکی تر دەقی لەسەر دابێت:
 یەکەم: بە زیندانیکردن سزا دەدرێت هر کەسێک پێکهاتەیەکی چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دروست بکات، بەڕێوەی ببات، دارایی بۆ دابین بکات، یان چەکداری بکات.
 دووەم: بە زیندانیی توند (السجن المشدد) سزا دەدرێت هر کەسێک بە شێوەیەکی نایاسایی چەکی سەربازی هەڵبگرێت، کۆگا بکات، بگوازێتەوە، یان بەکاریبهێنێت دوای کۆتاییهاتنی ماوەی ڕادەستکردنی دیاریکراو لەم یاسایەدا.
 سێیەم: سزا کە قورستر دەبێت ئەگەر تاوانەکە هاوپێچ بێت بە بەکارهێنانی هێز دژی دامەزراوەکانی دەوڵەت، یان هەڕەشەکردن لە سیستەمی دەستووری، یان ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی یان تێکدەرانە.
 چوارەم: سزا کە قورستر دەکرێت ئەگەر ئەنجامدەری تاوانەکە فەرمانبەری گشتی، سەربازی، یان ئەمنی بێت و پۆستەکەی قۆستبێتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە.
 پێنجەم: بەرپرسی حیزب، ڕێکخراو، یان کەسایەتییە مەعنەوییەکە سزا دەدرێت ئەگەر زانین، بەشداری، ڕەزامەندی، یان دابینکردنی دارایی بۆ کردەوە تاوانکارییەکان بەپێی ئەم ماددەیە لەسەری سەلمێنرا، بەپێی ئەو یاسایانەی ڕێکارەکانیان دیاریکردووە.
 ماددەی (١٨)
 یەکەم: ئەو چەک، تەقەمەنی، و کەلوپەلە سەربازییانەی بەپێی ئەحکامەکانی ئەم یاسایە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بە بڕیاری دادگا مصادەرە دەکرێن (دەست بەسەر داگرتنی یەکجاری).
 دووەم: چەکە مصادەرەکراوەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەر دەوڵەت.
 سێیەم: لایەنی پەیوەندیدار بڕیار دەدات لەسەر خستنەگەڕی ئەو چەکانەی شیاون بۆ خزمەت لە ناو کۆگاکانی دەوڵەتدا یان لەناوبردنیان بەپێی ڕێنماییە تەکنیکی و ئەمنییەکان.
 چوارەم: ئەو چەکانەی شیاو نین یان ڕێگەپێدراو نین بخرێنە خزمەتی فەرمییەوە، لەناو دەبرێن بەپێی ڕێکاری بەڵگەدارکراو و ژێر چاودێریی تایبەتمەند.
ماددەی (١٩)
ئەنجامدانی دەستگیرکردن، پشکنین، یان دەستبەسەرداگرتن دروست نییە مەگەر بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان بێت، و بە شێوازێک کە مافی کەسەکان و گەرەنتیی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بپارێزێت، بە ڕەچاوکردنی حاڵەتەکانی تاوانی ئاشکرا (التلبس) کە یاسا ڕێگەی پێداوە ڕێکاری دەستبەجێ بگیریێتە بەر.
ماددەی (٢٠)
ئەحکامەکانی ئەم یاسایە بە جۆرێک جێبەجێ ناکرێن کە ببنە هۆی هەڵوەشاندنەوە یان پەکیانخستنی ئەحکامەکانی "یاسای چەک ژمارە (٥١)ی ساڵی ٢٠١٧" و یاسا سزایی و ئەمنییە بەرکارەکان، مەگەر تا ئەو ئاستەی کە بە ڕوونی لەگەڵ ئەحکامەکانی ئەم یاسایەدا دژبەکەیەک دەبنەوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرس دەبن لە پێشنیارکردنی هەموارە پێویستەکان بۆ یاسا پەیوەندیدارەکان لە ماوەیەکدا کە لە نەوەد (٩٠) ڕۆژ تێپەڕ نەکات لە بەرواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە.
ماددەی (٢١)
هەرێمی کوردستانی عێراق، پارێزگاکان، و سەرجەم دەسەڵاتە خۆجێییەکان پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم یاسایە، هەر یەکەیان لە چوارچێوەی ئەو تایبەتمەندییانەی بەپێی دەستوور و یاسا دیاریکراون، و بە جۆرێک کە دەستکاریی تایبەتمەندییە قۆرخکراوەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان نەکات لە بوارەکانی ئاسایشی نیشتمانی، بەرگری، و هێزە چەکدارەکاندا.
ماددەی (٢٢)
قەدەغەیە بەکارهێنانی ئەم یاسایە بۆ دوورخستنەوەی سیاسی (سڕینەوە)، تۆڵەسەندنەوە، یان جیاکاری، و جێبەجێکردنی تەنها کورت دەبێتەوە لەسەر قۆرخکردنی چەک و بڕیاری سەربازی و ئەمنی لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا و سەپاندنی یاسا بەرکارەکان بە یەکسانی.
ماددەی (٢٣)
ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەو و ڕێنماییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم یاسایە دەردەکات لە ماوەیەکدا کە لە شەست (٦٠) ڕۆژ تێپەڕ نەکات لە بەرواری بڵاوکردنەوەی.
ماددەی (٢٤)
هەر دەقێک کە دژبەیەک بێت لەگەڵ ئەحکامەکانی ئەم یاسایەدا، هەڵوەشاوەیە.
ماددەی (٢٥)
ئەم یاسایە لە بەرواری بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی ڕەسمیدا جێبەجێ دەکرێت.
هۆکارە پێویستەکان (الأسباب الموجبة)
دەستووری عێراق دەقی لەسەر ئەوە کردووە کە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان ژێردەستە و بڕیار لێکراوی دەسەڵاتی مەدەنین، و بە ڕوونی دروستکردنی میلیشیای سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکانی قەدەغە کردووە، هەروەها تایبەتمەندییەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی و هێزە چەکدارەکانی کردووەتە جەرگەی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی.
لەبەر ئەوەی فرەیی سەرچاوەکانی هێزی چەکدار و فرەیی مەڵبەندەکانی بڕیاری سەربازی و ئەمنی، دەستکاریی و زیانن بۆ سەروەریی دەوڵەت، یەکپارچەیی بڕیارەکەی، و توانای لەسەر پاراستنی هاووڵاتییان و پاراستنی سەربەخۆییەکەی، لەبەر ئەوە پێویست بوو پرەنسیپە دەستوورییەکە بگۆڕدرێت بۆ سیستەمێکی یاسادانانی ڕوون و پابەندکەر کە تەنها ئەو لایەنە دیاری بکات کە خاوەنی چەکی سەربازییە و بڕیاری سەربازی و ئەمنی دەردەکات.
ئامانجی ئەم یاسایە قۆرخکردنی چەک و بڕیاری سەربازی و ئەمنییە لەدەستی دەوڵەتدا، و کۆتاییهێنانە بە هەر بوونێکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی، و ڕێکخستنی پرۆسەی سەرژمێریکردنی چەک و تۆمارکردن و ڕادەستکردن و مصادەرەکردنیەتی، لەگەڵ چارەسەرکردنی ڕەوشی کەسەکان بەپێی یاسا، و ڕێگری لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتە چەکدارەکان لە ژێر ناوی نوێدا، بە گەرەنتی کردنی مافە دەستووری و یاساییەکان و بەکارنەهێنانی یاساکە وەکو هۆکارێک بۆ دوورخستنەوەی سیاسی.
لە پێناو بەدیهێنانی سەروەریی یاسا، چەسپاندنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، و پاراستنی سیستەمی دەستووری و یەکپارچەیی بڕیاری نیشتمانی، ئەم یاسایە دەرچوێنرا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو