دەمەقاڵێی توند لە تورکیا؛ یاساکەی پەرلەمان لە نێوان کێشەی کورد و چەکدانانی پەکەکەدا

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٤٤ پاش نیوەڕۆ

دەمەقاڵێی توند لە تورکیا؛ یاساکەی پەرلەمان لە نێوان کێشەی کورد و چەکدانانی پەکەکەدا

پەنجەرە

پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی نوێی بە ناوی «یاسای چوارچێوەیی» پەسەند کرد، یاسایەک کە حکومەت وەک هەنگاوێک بۆ «تورکیایەکی بێ تیرۆر» سەیری دەکات، بەڵام سەرکردایەتیی پەکەکە و دەم پارتی بە هەنگاوێکی ناکامل و جێی گومان پێناسەی دەکەن. لەولاشەوە، پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لەسەر هۆکارەکانی دەرچوونی ئەم یاسایە و لێدوانە سیاسییەکان کەوتوونەتە دەمەقاڵێیەکی توندەوە.

پەکەکە و قەندیل: هەنگاوێکە، بەڵام کێشەی کورد چارەسەر ناکات

لە یەکەم پەرچەکرداری فەرمیی سەرکردایەتیی پەکەکە لە چیای قەندیل، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کەجەکە، ڕەخنەی توندی لە یاساکە گرت. 
قەرەسوو ڕایگەیاند کە ئەم تێکستە بە تەواوی ئاماژەدان بە کێشەی کورد یان بەکارهێنانی وشەی «کورد»ی فەرامۆش کردووە، هەروەها هیچ ئاماژەیەکی بە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکردووە کە بە بڕوای ئەو «کەمتەرخەمییەکی گەورەیە».

بەپێی وتەی قەرەسوو، هەڵەیەکی گەورەیە کە پرسی کورد تەنیا لە «داماڵینی چەک»دا کورت بکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد کە یاساکە دەکرێت وەک دەستپێکێک سەیر بکرێت بۆ گواستنەوەی پرۆسەکە بۆ سەر زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی.

پەیامێکی چاوەڕوانکراو لە ئۆجەلانەوە

یاساکە بە  ٤٦٧ دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر ٨٧ دەنگی نەخێر پەسەندکرا و ڕەوانەی لای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ئیمزای بکات. 

بەپێی یاساکە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە مەڕجدار کراوە بە ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بەوەی پەکەکە بە تەواوی چەکەکانی داناوە و بوونی نەماوە.
لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، بەم زووانە پەیامێکی نوێ بڵاودەکاتەوە و تێیدا داوا لە پەکەکە دەکات پرۆسەی چەکدانان خێراتر بکات، تاوەکو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمان لە مانگی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)دا یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە لایەکی ترەوە، نعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانیی فرەوانی پەرلەمانتاران نیشانەی ئارەزووی گەلە بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی ناوخۆیی لە سایەی ئاڵۆزییە هەرێمییەکاندا.

شەڕەقسەی دەم پارتی و ئاکپارتی: ئیسرائیل و تێچووی ئابووریی

پەسەندکردنی یاساکە بێ کێشە تێنەپەڕی؛ شەڕەقسەیەکی توند لە نێوان تولای حاتەم ئۆغۆلاری (هاوسەرۆکی دەم پارتی) و عومەر چەلیک (وتەبێژی ئاکپارتی) دروستبوو.
ئۆغۆلاری ڕایگەیاندبوو کە ڕووداوە جیهانی و هەرێمییەکان تورکیایان ناچار کردووە پەنا بباتە بەر ئەم پرۆسەیە. وەک نموونەش ئاماژەی بەوە کرد کاتێک تورکیا ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت سەبارەت بە فەلەستین، بنیامین نەتانیاهۆ بە وەڵامی «دەست هەڵگرن لە کوشتنی کوردەکان» بەرهەڵستی تورکیای کردەوە. ئۆغۆلاری ئاماژەی بەوەش کرد کە شەڕی پەکەکە تێچوویەکی ئابووریی زەبەلاحی هەبووە کە نزیکەی ٣ تریلیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.

ئەم لێدوانانە تووڕەیی ئاکپارتیی لێکەوتەوە. عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکپارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» ئیدانەی قسەکانی ئۆغۆلاری کرد و ڕایگەیاند کە هیچ سیاسییەک لە تورکیا بۆی نییە بەپشتبەستن بە قسەکانی نەتانیاهۆ (کە تۆمەتبارە بە جینۆساید) پاساو بۆ هەڵوێستەکانی بهێنێتەوە.
ئۆغۆلاری هەروەها بێئاگایی خۆی دەربڕی لە بوونی دەقێکی هاوبەش یان کۆدەنگییەکی بەرفراوان لەسەر یاساکە، و جەختی لەوە کردەوە کە دۆسیەی «مافی ئومێد» (ئازادکردنی مەرجدار) بۆ ئۆجەلان دەبێت هەر بە کراوەیی بهێڵرێتەوە.

دابەشبوونی ئۆپۆزسیۆن: پشتیوانی لە هەڵوێستی ئۆزگور ئۆزێل

لە ناو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، هەڵوێستەکان یەکگرتوو نەبوون. زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەنگی نەخێریاندا بەهۆی بێمتمانەیییان بە حکومەت، بەڵام ٣٤ پەرلەمانتاری ئەو حزبە لەگەڵ ئۆزگور ئۆزێلی سەرۆکی حزبەکەیان دەنگی بەڵێیان دا.
گرووپی پەرلەمانیی جەهەپە لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆکی حزبەکەیان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئۆزێل ڕێبازێکی نوێی دیموکراتییانەی گرتووەتە بەر کە ڕێز لە فرەیی و دیالۆگ دەگرێت، و ڕێگەی داوە پەرلەمانتاران بەپێی ویستی دەنگدەرانی بازنەکانی خۆیان بڕیار بدەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو