لە قوبرسەوە بۆ میسر و ئەوروپا؛ئەوروپا دەستیدەگات بەجێگرەوەی گازی روسی؟

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٤٦ پاش نیوەڕۆ

لە قوبرسەوە بۆ میسر و ئەوروپا؛ئەوروپا دەستیدەگات بەجێگرەوەی گازی روسی؟

پەنجەرە

نیقۆسیا(قوبرس) هەنگاو بەرەو پەرەپێدانی کێڵگەی گازی "کرۆنۆس" دەنێت بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی «ئێنی» و «تۆتاڵ ئێنێرجیز»، لە هەنگاوێکدا کە ئامانجی کردنەوەی ڕێگەیەکی نوێیە بۆ هەناردەکردنی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا لە ڕێگەی میسرەوە.

مایکل دامیانۆ، وەزیری وزەی قوبرس ڕایگەیاند: "کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجیزی فەرەنسی و ئێنیی ئیتاڵی مانگی ڕابردوو بڕیاری کۆتایی وەبەرهێنانیان داوە بۆ دەستپێکردنی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی سروشتیی 'کرۆنۆس' لە بەرامبەر کەناراوەکانی باشووری قوبرس."

دامیانۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ڕوونیکردەوە کە پڕۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەکارهێنانی قوبرس وەک سەرچاوەیەکی جێگرەوەی گاز بۆ ئەورووپا، لە کاتێکدا کیشوەرەکە هەوڵی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە دەدات.

بەپێی خشتەی کاتیی پڕۆژەکە، بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا کارەکانی دروستکردنی هێڵێکی بۆڕی دەستپێبکات کە کرۆنۆس دەبەستێتەوە بە ژێرخانی ئێستای کێڵگەی "زوهڕ"ی میسڕییەوە لە دووری نزیکەی ١٠٥ کیلۆمەتر، و کارەکان تا ١٨ مانگ دەخایەنن.

دوای تەواوبوونی، گازەکە دەگوێزرێتەوە بۆ دامەزراوەی دومیات لە میسر بۆ شلکردنەوە و ڕەوانەکردنی بە ڕێگەی دەریا بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، بەجۆرێک کە تا مانگی ئاداری ٢٠٢٨ گەیاندنی گاز بۆ ئەورووپا دەستپێبکات.

تێچووی پڕۆژەکە بە نزیکەی دوو ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا دامیانۆ ڕایگەیاند کە گرنگیی کرۆنۆس بۆ قوبرس تەنها لە قازانجی دارایی گەورەدا نییە، بەڵکو لە دەستپێکردنی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی یەکەم بڕی گازدایە.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، بڕی گازەکە ئاڕاستەی بازاڕەکانی ئەورووپا دەکرێت، بەمەرجێک ڕێگە بدرێت نزیکەی پێنجیەکی (١/٥) بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییە ناوخۆییەکانی میسر بۆ وزە بەکاربهێنرێت.

بەپێی ئەنجومەنی ئەتڵەسی (Atlantic Council)، پڕۆژەی کرۆنۆس پێگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست وەک سەرچاوەیەکی زیادە بۆ گازی ئەورووپا بەهێزتر دەکات، گرنگییەکەشی لە هەمەجۆرکردنی دابینکردنی وزە و بەرزکردنەوەی نەرمی و گونجانی بازاڕەکانی ئەورووپادایە، نه ک لەوەی بە تەواوی شوێنی سەرچاوە نەریتییەکانی گاز بگرێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، پاتڕیک پویانێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجیز ڕایگەیاند: "ئەمە یەکەم پڕۆژەی گازە لە قوبرس، کێڵگەی 'کرۆنۆس' پشتیوانی لە پەرەپێدانی مەڵبەندێکی ناوچەییی نوێ بۆ گاز لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دەکات، بە سوودوەرگرتن لە ژێرخانی بەردەست لە میسر."

کرۆنۆس یەکێکە لە شەش کێڵگەی گاز کە لە بەرامبەر کەناراوەکانی قوبرس دۆزراونەتەوە، لە کاتێکدا یەدەگی هاوبەشی هەردوو کێڵگەی 'گلاوکۆس' و 'پیگاسۆس' بە نزیکەی ٦.٩ تریلیۆن پێی سێجا مەزەندە دەکرێت. هەردوو کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و «قەتەر ئێنێرجی» پێشبینی دەکەن تا ساڵی ٢٠٣٣ بەرهەمهێنانی گاز لەوانیشەوە دەستپێبکات.
لەگەڵ دابەزینی ئاستی دابینکردنی گازی ڕووسی، ئەورووپا هەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی کەمیی دابینکردن و بەرزبوونەوەی نرخەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو