وەزارەتی ناوخۆ: زیاتر لە ٦٠٠ شێخی عەشیرەت پاڵپشتی هەڵمەتی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت دەکەن
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشوازیی بەرفراوانی شێخ و کەسایەتییە عەشایەرییەکانی بۆ پرۆسەی تۆمارکردن و ڕێکخستنەوەی چەکی بێمۆڵەت ئاشکرا کرد.
لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، زیاتر لە ٦٠٠ شێخی عەشیرەت لە سەرانسەری وڵاتدا دەستپێشخەرییان کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم هەڵمەتەی حکومەت و سەرخستنی پرۆسەکە.
بەپێی وتەی لیوا میری، ئەو سەرۆک عەشیرەتانە دیوەخانەکانیان بۆ مەفرەزەکانی وەزارەتی ناوخۆ ڕەخساندووە و هاوکاریی تەواویان پێشکەش کردوون، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن لە تۆمارکردنی سەرجەم چەکە بێمۆڵەتەکانی ڕۆڵەکانی هۆزەکانیان و هێنانیانە ژێر چاودێریی یاسا.