ئەو فیشەکەی لەمێژوودا تۆمارکرا؛ عەگید ئەو سەرکردەیەی پەکەکە کە یەکەم فیشەکی بەڕووی تورکیادا تەقاند

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٢٩ پاش نیوەڕۆ

 ئەو فیشەکەی لەمێژوودا تۆمارکرا؛ عەگید ئەو سەرکردەیەی پەکەکە کە یەکەم فیشەکی بەڕووی تورکیادا تەقاند

پەنجەرە

٤٣ سێ ساڵ بەسەر تەقاندنی یەکەم فیشەکی پەکەکە بەڕووی تورکیادا تێپەڕ دەبێت، ئەو فیشەکەی لەلایەن مەعسووم قورقماز، ناسراو بە "عەگید"ەوە تەقێنرا.

مەعسووم قورقماز، ناسراو بە "عەگید"، یەکێک لە ڕەمزە هەرە دیارەکانی مێژووی خەباتی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، بەوپێیەی یەکەم فیشەکی دژی تورکیا تەقاند.

ناوبراو لە ساڵی ١٩٥٦ لە ناوچەی فارقینی سەر بە پارێزگای ئامەد (دیاربەکر) لەدایکبووە. دواتر خێزانەکەی بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە کۆچیان کردووە بۆ شاری باتمان و مەعسووم بەشێکی زۆری منداڵی و گەنجیی خۆی لەو شارە بەسەر بردووە.

سەرەتای کاری سیاسی و پەروەردەی ئایدۆلۆژیی

لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا و کاتێک لە ساڵی ١٩٧٦ تەمەنی بووە بیست ساڵ، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی گەنجان. لە ڕێگەی "مەزڵوم دوغان"ەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی ناسیوە، کە لەو سەردەمەدا تازە لە قۆناغی دروستبوون و پەروەردەکردنی کادرەکانیدا بووە. 

لەو ڕێگەیەوە تێکەڵ بە فیکری پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بووە و دەستیکردووە بە فێربوونی هزری، ئایدۆلۆژی و سیاسی، تا وەک کەسایەتییەکی دیاری ئەو هێزە دەرکەوتووە و توانیویەتی سەدان گەنجی کورد بباتە ناو ڕیزەکانی بزووتنەوەکەوە.

دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ لە تورکیا، رووی لە وڵاتی لوبنان کردووە و لە کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی سەر بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین بۆ ماوەی هەشت مانگ مەشقی سەربازی بینیوە، دواتریش گەڕاوەتەوە بۆ باکووری کوردستان. 
دوای گەڕانەوەی لە لوبنان، لەگەڵ "کەمال پیر" (یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە) کەوتوونەتە ناو بۆسەیەکی سوپای تورکیاوە؛ لەو ڕووداوەدا عەگید بۆ یەکەمجار بریندار بووە و کەمال پیر-یش دەستگیر کراوە.

ئامادەکاری بۆ خەباتی چەکداریی

لە نێوان ساڵانی ١٩٨١ تا ١٩٨٣، شەهید عەگید ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی خەباتی چەکداری. سەردانی ناوچە جیاوازەکانی باکوور و باشووری کوردستانی کردووە و شوێنی گونجاوی بۆ هێزەکانی گەریلا دیاری کردووە، کە لەو سەردەمەدا بە هێمنی لە حاڵەتی ڕێکخستن و ئامادەباشیدا بوون.
لە دووەمین کۆنگرەی پەکەکەدا (٢٠ تا ٢٥ی ئابی ١٩٨٢)، بڕیار درا بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و دەست بە خەباتی چەکداری بکرێت لە دژی دەوڵەتی تورکیا. 
لەبەر ئەوەی مەعسووم قورقماز ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتەکە بوو، لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە ڕاستەوخۆ ئەرکی دامەزراندن و ڕێکخستنی یەکە پێشەنگە شۆڕشگێڕییەکانی ئەرکدار کرا (کە باڵی سەربازیی پارتەکە بوو و دواتر ناوی نرا "هێزەکانی ڕزگاریی کوردستان - HRK").
عەگید وەک ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ناوەندیی HRK، هەڵبژێردرا بۆ سەرکردایەتیکردنی گرووپی چەکداریی "١٤ی تەممووز" بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپۆراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەی "دێهـ" (دەهێ/ئەروە). 
ئەو ئۆپۆراسیۆنەی کە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ بە سەرکردایەتی عەگید بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا دوو گرووپەکەی تر نەیانتوانیبوو ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، یەکەم فیشەکی خەباتی چەکداریی پەکەکەی تەقاند و وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ئەدەبیاتی ئەو حزبەدا تۆمار کرا.

چۆنیەتی شەهیدبوونی لە چیای گابار

عەگید لە ٢٨ی ئاداری ١٩٨٦ لە چیای گابار سەر بە پارێزگای شرناخ شەهید بوو.
"ساری ئیرباهیم"، لە سەرکردە مێژووییەکانی پەکەکە و هاوڕێی نزیکی عەگید، دەربارەی  شەهیدبوونی دەنووسێت: سەرکەوتین بۆ لووتکەی چیاکە، سەرەتای بەهار بوو (کۆتایی مانگی ئادار) و شەوێکی زۆر سارد بوو، هێشتا بەفر لەسەر چیای گابار مابووەوە. لە شوێنێکدا هەندێک شوێنپێمان بینی، هەڤاڵ عەگید بەدوای شوێنپێیەکاندا گەڕا و گوتی: 'ئەم شوێنپێیانە هی دوژمنن، دەبێت زۆر وریابین'. دووبارە دەستمان کردەوە بە ڕێکردن بە سەرکردایەتی عەبدولڕەحمان لالای لە ناوچەی دەشتاوە. بێجگە لە هەڤاڵ عەگید، دوو هەڤاڵی تر بە ناوەکانی 'خەرخەلا کەمال' (وەلی تایهان) و 'سەلەم' (فەوزی ئایدن) لەگەڵمان بوون.

نێوان کاتژمێر دوو تا سێی بەیانیدا و لە کاتی ڕێکردندا، لەناکاودا تەقەمان لێکرا و کەوتینە ناو بۆسەیەکی داڕێژراوی دوژمنەوە. شەڕەکە لەوێ نێوان بیست خولەک تا نیو کاتژمێری خایاند. دواتر هاتینە خوارەوە بۆ ناو دەشتەکە و هاوڕێکان کۆبوونەوە، لەوێ هەڤاڵ مەتین (کەلەندەر ئیلهان)م بینی کە بریندار ببوو.

کاتێک گەیشتینە شوێنی ئارام، ژمارەی هاوڕێکانمان پشکنی؛ هەڤاڵ مەتینم بینی، بەڵام هەردوو هەڤاڵ 'عەگید' و 'لازگین'مان نەدۆزییەوە. جگە لە هەڤاڵ مەتین هیچ بریندارێکی تر نەبوو. ئێمە زۆر دوور بووین لەوەی بیر لە شەهیدبوونی هەڤاڵ عەگید بکەینەوە، پێمان وابوو کە ئەو و لازگین لە گرووپەکە دابڕاون و دواتر دێنە شوێنی کۆبوونەوەکە.
تا ئێوارە و کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی (بی بی سی) لە شوێنی کۆبوونەوەکە چاوەڕێمان کرد، بەڵام هەڤاڵ عەگید نەهات. کاتێک گوێمان لە هەواڵەکان گرت، زانیمان کە شەهید بووە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو