ئەبو ئالاء وەلائی: ڕزگاربوون لە هەژموونی ئابووریی ئەمریکا مەرجی سەرەکیی سەروەریی ڕاستەقینەی عێراقە
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، ئەبو ئالاء وەلائی، لە پەیامێکدا ڕەخنەی توند لە هەژموونی دارایی و ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەر عێراق دەگرێت و جەخت دەکاتەوە کە وڵات کاتێک دەبێتە خاوەنی سەروەریی تەواو کە بتوانێت سەربەخۆیی ئابووریی و سیاسیی خۆی بەدەستبهێنێت.
وەلائی ڕایگەیاندووە کە لەئێستادا دیارترین بەڵگە بۆ ناتەواویی سەروەریی عێراق، دەستبەسەرداگرتنی ئابووریی و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی سەروەت و سامان و پاشەکەوتە داراییەکانی وڵاتەکەیە لەلایەن ئەمریکاوە.
بە وتەی ناوبراو، ئەم دۆخە وا دەکات کە داهات و سامانی عێراق وەک «بەخشینێک» لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە سەیر بکرێت، لەبری ئەوەی وەک مافێکی ڕەوا و بنەڕەتیی گەلی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئازادی و سەربەخۆیی ڕاستەقینە پێویستی بە ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە، لەوانە: ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی دارایی ئەمریکا، فرەچەشنکردنی بازاڕەکانی هەناردەکردن، گەشەپێدانی تۆڕی پەیوەندییە بانکییە نێودەوڵەتییەکان، و دروستکردنی ئابوورییەکی سەربەخۆ کە خۆی بڕیار لەسەر دارایی و ڕێڕەوە بازرگانییەکانی خۆی بدات.
لە کۆتاییدا، وەلائی جەختی کردەوە کە سەروەریی نیشتمانی تەنها بە کۆنترۆڵکردنی رووبەری خاکی وڵات بەدەستنایەت، بەڵکو مەرجی بنەڕەتی ئەوەیە کە عێراق خاوەنی بڕیاری سیاسی، ئابووریی و دارایی سەربەخۆی خۆی بێت و دوور بێت لە هەر جۆرە دەستوەردان و هەژموونێکی دەرەکی.