سوپای عێراق ناوچەیەکی نزیک لە هەرێمی کوردستانی رادەستی حەشدی شەعبی کرد

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥١ پاش نیوەڕۆ

سوپای عێراق ناوچەیەکی نزیک لە هەرێمی کوردستانی رادەستی حەشدی شەعبی کرد

پەنجەرە

دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، لیوای ٥٢ ی حەشدی شەعبی، کەرتی بەستاملی لە سنوری قەزای ئامرلی لە سوپای عێراق وەرگرتووە.

ئەم رادەستکردنە لەکاتێکدایە ناوچەی ئامرلی یەکێکە لەو ناوچانەی، ناوبەناو لێوەی هەرێمی کوردستان لەلایەن گروپەکانی حەشدی تورکمانییەوە بۆردومان دەکرێت.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوە کردووە: «لە قەزای ئامرلی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین، مەراسیمێکی فەرمی بۆ دەستبەرداربوون و وەرگرتنی کەرتی بەرپرسیارێتی و خاڵە ئەمنییەکان لە گوندی بەستاملی بەڕێوەچوو، تێیدا فەوجی دووی سەر بە لیوای ٨٦ی سوپای عێراق ئەرکە مەیدانییەکانی ڕادەستی لیوای ٥٢ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دیجلەی حەشدی شەعبی کرد، بە ئامادەبوونی ئەحمەد ئامڕلی، فەرماندەی لیوای ٥٢ و فەرماندەی لیوای مەغاویر و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکان و ئەفسەرانی هەردوولا».

لە بەیاننامەکەدا ڕوونکراوەتەوە کە «پرۆسەی دەستبەرداربوون و وەرگرتنەکە لە چوارچێوەی ڕێکخستنی دابەشکردنی کەرتەکان و بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندایە، بە جۆرێک کە تەواوکاری و هەماهەنگیی مەیدانی لە نێوان هێزەکاندا بەهێزتر بکات، هەروەها پشتگیری لە هەوڵەکانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی ناوچەکە و دانیشتووانەکەی بکات».


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو