سەرکردەیەکی کۆمەڵی دادگەری: بە کشانەوەی ئەمریکا هەرێم لاواز دەبێت و ستەمی لێدەكرێت
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شوان رابەر، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند: ئەگەر ئەمریكا لە عێراق بکشێتەوە، ئەمریكا وەك جاران پاڵپشتی عێراق ناكات، بەڵام پێگەی لەعێراق لاواز دەبێت و بەرژەوەندییەكانی لەق دەبن.
شوان رابەر دەڵێت: ئەمریكا زیاتر كار لەگەڵ عێراق دەكات نەك كوردستان، بە کشانەوەی ئەمەریکا عێراق سەربەخۆتر دەبێت، بەڵام کشانەوەکەی بە سلبی بەسەردا دەشکێتەوە، وەکئەو دەڵێت” ئێران زیاتر لە عێراق بەهێزدەبێت، بەڵام ئەمنیەتی عێراق دووچاری شڵەژان دەبێت.”
شوان رابەر روونیکردەوە، کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی گروپە چەكدارەكانی عێراق و بەئارەزووی خۆیان كار لە عێراق دەكەن، زەربە لەنەیارانیان دەدەن.
ناوبراو وتی: کشانەوەی ئەمریکا بەخراپ بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەشكێتەوە، هەرێم لاواز دەبێت و ستەمی لێدەكرێت،
وڵاتانی دراوسێش وەكو جاران پێویستیان بە هەرێم نابێتـ، بەڵکو تەنگەتاوی دەكەن، عێراقیش هەژموونی# زیاتری بەسەر هەرێمدا دەبێت.