لە دیواری گریانەوە بۆ کێوی پەیکەر؛ مێژوو و ئایندەی ناڕوونی حەرەمی قودس
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی لیژنەی وەزاریی عەرەبی و ئیسلامی لە ئوردن، کە تایبەت بوو بە پشتیوانیکردن لە قودس و شوێنە پیرۆزەکان، هۆشدارییدا لەسەر مەترسیداریی دۆخی ئێستای مزگەوتی ئەقسا.
لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بڕیار و ڕێساکانی مزگەوتی ئەقسا لە ڕۆژهەڵاتی قودس (کە یەکێکە لە پیرۆزترین شوێنەکانی جیهانی ئیسلامی)، دەکرێت زەمینە خۆش بکات بۆ ئاگری شەڕ و ململانێیەکی ئایینی گەورە کە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش بخاتە مەترسییەوە.
وەزیرانی دەرەوەی دە دەوڵەتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، دوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە عەمانی پایتەختی ئوردن، ئەم هۆشدارییەیان دا، وەزیرانی دەرەوەی ئەندەنووسیا، پاکستان، تورکیا و مالیزیاش پشتگیرییان لە ڕاگەیەندراوەکە کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە بە داوای وەزیری دەرەوەی ئوردن بەسترا، دوای ئەوەی بەڵگەی زیاتر دەستکەوتن کە دەیانسەلماند حکومەتی ئیسرائیل بەمەبەست هەوڵدەدات دۆخی مێژوویی و یاسایی چەندین دەیەی مزگەوتی ئەقسا و حەرەمی شەریف بگوڕێت، ئەو دۆخەی کە بە مەبەستی زامنکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە شوێنێکدا دانرابوو کە گرنگییەکی ئایینی زۆری بۆ موسڵمانان، جولەکەکان و مەسیحییەکان هەیە.
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، پێش کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ڕاگەیاند: "هۆشداری دەدەین لەوەی دەستکاری کردنی دۆخی سەقامگیری قودس، دەکرێت شەڕێکی ئایینی لێبکەوێتەوە کە ئاستەنگ و دەرئەنجامەکانی تەنها لە سنووری فەلەستین و ئوردندا نەمێننەوە، بەڵکو سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی بگرنەوە."
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند ڕاگەیەندراوەکە دورە لە ڕاستییەوە و قودس "هەرگیز بەم ئاستە بەڕووی پەیڕەوانی هەموو ئایینەکاندا کراوە نەبووە."
بۆچی حەرەمی قودس تا ئەم ڕادەیە گرنگە؟
مزگەوتی ئەقسا یەکەم ڕووگەی (قیبلەی) موسڵمانانە و سێیەم حەرەمی پیرۆزە دوای هەردوو حەرەمەکەی مەککە و مەدینە لە عەرەبستانی سعودیە. لە هەمان کاتدا، حەرەمی قودس پیرۆزترین شوێنە لە ئایینی جولەکەدا و پێی دەڵێن "کێوی پەیکەر" (جبل الهيكل)، بەو پێیەی بڕوایان وایە دوو پەرستگە مێژووییە سەرەکییەکەیان لە کۆندا لەوێدا بوون. جگە لەوەش، ئەم شوێنە بۆ مەسیحییەکانیش بایەخێکی تایبەتی هەیە بەهۆی پەیوەندییە ئینجیلییەکەی بە ژیانی حەزرەتی عیساوە.
جگە لە لایەنە ئایینییەکە، مزگەوتی ئەقسا قورساییەکی سیاسیی گەورەشی هەیە؛ چونکە لەلای زۆربەی فەلەستینییەکان بە هێمای ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت. لە هەمان کاتدا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی قودس، واتە ئەو بەشەی فەلەستینییەکان داوای دەکەن وەک پایتەختی دەوڵەتی داهاتوویان.
دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧دا ڕۆژهەڵاتی قودسی داگیر کرد، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە هۆکاری ئەمنی ڕێگەیان بە موسڵمانان دا کە بەردەوام بن لە نوێژکردن لە ناو حەرەمی شەریفدا. بەڵام جولەکەکان تەنها ڕێگەیان پێدرا سەردانی شوێنەکە بکەن و نوێژکردنیان لێ قەدەغە کرا. لە بری ئەوە، جولەکە ئایینییەکان نوێژەکانیان لەبەرامبەر ئەو دیوارەدا دەکەن کە دەکەوێتە ژێر حەرەمەکەوە، کە لای جولەکەکان بە "دیواری گریان" و لای موسڵمانانیش بە "دیواری بوراق" ناسراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئوردن ڕۆڵی مێژوویی خۆی وەک پارێزەری شوێنە پیرۆزە ئیسلامی و مەسیحییەکانی قودس بپارێزێت، کە بە "وەسیەتی هاشمی" ناسراوە و نزیکەی سەدەیەکە بەردەوامە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی مزگەوتی ئەقسا لەلایەن فەرمانگەی ئەوقافی ئیسلامییەوە دەکرێت کە ئوردن ساڵانە بە نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار (بەراورد بە ١٧ ملیۆن یۆرۆ) تەمویلی دەکات، بەڵام دابینکردنی ئاسایش لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلدایە.
ئەم ڕێککەوتنە هەستیارە بە "دۆخی ئێستا" (ستاتیکۆ) ناسراوە. بەڵام ڕاپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵەکان بۆ تێکدانی ئەم ڕێککەوتنە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە. دانیشتووانی قودس باسیان لەوە کردووە کە ئەمساڵ ڕێگری لە دەیان فەرمانبەری سەر بە ئوردن کراوە تا بچنە ناو حەرەمی شەریفەوە.
بەپێی چاودێران، لەوانە ڕێکخراوی "عیر عەمیم"ی ئیسرائیلی لە قودس، ژمارەی موسڵمانان لەوێ لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ نیوە دابەزیوە. لە هەمان کاتدا، ژمارەی ئەو سەردانیکەرە جولەکانەی ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە حەوشەی مزگەوتی ئەقسا بە بەردەوامی لە زیایدابووندایە و بە ئاشکرا ئەرکە ئایینییەکانیان بەجێدەهێنن، سەرەڕای ئەوەی ئەمە بۆ چەندین دەیە قەدەغە بوو و لەلایەن کەسایەتییە ئایینییە ڕەسەنەکانی جولەکەشەوە ڕەتکرابووەوە.
ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بڵاویکردەوە کە پۆلیسی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار بە ڕاشکاوی ڕێگەی بە جولەکەکان داوە کتێبی نوێژەکانیان ببەنە ناو حەوشەی مزگەوتەکەوە.
لە مانگی حوزەیرانیشدا، ڕاپۆرتەکان دەربارەی پلانێکی ئیسرائیلی-ئەمەریکی بۆ گۆڕینی حەوشەی مزگەوتەکە بۆ "مەڵبەندێکی دیالۆگی نێوان ئایینەکان" سەرنجێکی زۆریان ڕاکێشا. بەڵام مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دواتر هەواڵەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند هیچ زانیارییەکی لەسەر پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە نییە.
بۆچی بارودۆخی مزگەوتی ئەقسا لەمکاتەدا ئاڵۆزتر بووە؟
ئەمە یەکەمجار نییە کە حکومەتی وڵاتە ئیسلامییەکان و چالاکوانانی قودس هۆشداری لە دەستکاری کردنی دۆخی مزگەوتی ئەقسا دەدەن.
چەندین دەیەیە گروپە پەڕگیرەکانی جولەکە، کە سەر بە بزووتنەوەی ناسراو بە "بزووتنەوەی کێوی پەیکەر"ن، داوا دەکەن ڕێگەیان پێبدرێت لە ناو حەرەمی قودسدا نوێژ بکەن. توندڕەوەکانی ئەم بزووتنەوەیە تەنانەت ئامانجیان ڕوخاندنی مزگەوتەکەیە تا لە شوێنەکەیدا پەرستگەیەکی نوێی جولەکە بونیاد بنێن.
دانیال سیدمان، پارێزەری قودسی و دامەزرێنەری ڕێکخراوی ناخۆجێیی "قودسی سەر زەوی" (کە چاودێری پێشهاتە سیاسی و نیشتەجێکارییەکان لە قودس دەکات)، لە ساڵی ٢٠٢٥دا نووسیویەتی کە ئەم گروپە پەڕگیرانە جاران تەنها تۆڕێکی پەراوێزخراو بوون، بەڵام ئەمڕۆ هاتوونەتە ناو ڕەوتی سەرەکیی بڕیاردانی سیاسییەوە. سیدمان جەخت دەکاتەوە کە ئەم بزووتنەوانە بە پاڵپشتی زیاتر لە سەد ڕەبیع (پیاوی ئایینی جولەکە)، ئێستا بە دەنگی بەرزتر و شێوازێکی پارۆکەرانەتر چالاکییەکانیان دەکەن.
عومەر عەبدولڕەحمان، توێژەر لە ئەنجومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کاروباری جیهانی دەڵێت: "ئەم قەیرانە ئەنجامی کەڵەکەبوونی چەندین دەیەیە. ڕێک لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە توندڕەوە ئایینییەکان هەوڵی ڕوخاندنی مزگەوتی ئەقسا دەدەن و ئەو کاتەش پلانەکانیان ئاشکرا کران. بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئەم گروپ و ئایدۆلۆژیایانە لە ناو پەرلەمانی ئیسرائیلدا (کەنیسێت) دەسەڵات و نوێنەرایەتییەکی زۆر بەهێزتریان هەیە."
ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی "عیر عەمیم"ی ئیسرائیلی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە سیاسییە ئیسرائیلییەکان، بە تایبەتی ئەندامانی پارتی لێکۆدی ڕاستڕەو بە سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیران، بە بەردەوامی یاساکانی دۆخی ئێستای مزگەوتی ئەقسا پێشێل دەکەن بێ ئەوەی دەسەڵاتداران هیچ ڕێکارێک بگرنە بەر.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت نەتانیاهۆ لە کردەوەدا ڕێگە بە پێشێلکارییەکان دەدات و شەرعییەتی ئاسایی بوونیان پێدەبەخشێت، لە کاتێکدا بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکاندا دەڵێت حکومەتەکەی پابەندە بە پاراستنی دۆخی ئێستاوە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە.
ئەگەر تێکدانی ئەم دۆخە بەردەوام بێت چی ڕوودەدات؟
یوست هیلتەرمان، ڕاوێژکاری تایبەتی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە "گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان"، بە DWی ڕاگەیاند: "پێشبینیکردنی پاشەڕۆژ کارێکی دروست نییە، بەڵام خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە ئەگەرچی شارۆچکەی قودس بۆ فەلەستینییەکان خەمێکی نەتەوەیی بێت، بەڵام شوێنە پیرۆزە ئیسلامییەکانی ناو شارەکە خەمی بەردەوامی تەواوی موسڵمانانی جیهانە، نەک تەنها لە جیهانی عەرەبیدا، بەڵکو لە گەورەترین وڵاتە موسڵمانەکانی وەک ئەندەنووسیا، پاکستان و بەنگلادیش. بۆیە هەر هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی دۆخەکە، پەرچەکردارێکی توندی جیهانیی لێ دەکەوێتەوە."
لە مێژوودا گۆڕانکاری لەم شوێنە پیرۆزەدا هەمیشە بووەتە هۆی توندوتیژی. لە ساڵی ۲۰۰۰دا سەردانەکەی ئاریێل شارۆن، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی ئیسرائیل بۆ حەوشەی مزگەوتی ئەقسا، بووە هۆی هەڵگیرسانی "ئینتیفادەی دووەمی فەلەستین". کاتێکیش دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٧دا کامێرا و ئامێری پشکنینی ئاسنیان لە دەرگاکانی مزگەوتەکەدا جێگیر کرد، خۆپیشاندانی گەورە ڕوویدا و چەندین کەس بوونە قوربانی.
بەردەوامیی پێشێلکارییەکان دەکرێت بێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا. یوست هیلتەرمان دەڵێت سەرکردەی وڵاتە عەرەبییەکان حەز ناکەن بچنە هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام خەڵکەکەیان زۆر تووڕە دەبن. حکومەتەکان ناچار دەبن بۆ هێورکردنەوەی جەماوەرەکەیان ڕەخنەی توند لە ئیسرائیل بگرن—کە لەم کارەدا زۆر شارەزان—ئەمەش بۆ ئەندەنووسیا و وڵاتانی دیکەش ڕاستە.
بەڵام ڕەنگە هەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکان نەتوانن بە ئاسانی ڕق و تووڕەیی ناوخۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن.
عومەر عەبدولڕەحمان پێیوایە دەرئەنجامەکان بەستراونەتەوە بە ئاست و قەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە مزگەوتی ئەقسادا دەکرێن. ئەو دەڵێت: "ئەمە پەرچەکردارێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام قورسە بگوترێت تا کوێ دەڕوات. ڕەنگە جەنگێکی ئایینی بنێتەوە، یان تەنها وەڵامێکی دیپلۆماسی بێت، یانیش ئاستی ڕق و کینە بەرامبەر ئیسرائیل زۆرتر بکات."
لە کۆتاییدا، بەهۆی گرنگیی مزگەوتی ئەقسا بۆ ناسنامەی فەلەستینی، بزووتنەوەی حەماس کە بنکەکەی لە غەززەیە، بە بەردەوامی ڕایدەگەیەنێت کە بەرگری لە مزگەوتی ئەقسا دەکات. هەروەها گروپە پەڕگیرەکانی دیکەش لەسەر ئاستی جیهان بەرگری کردنیان لە مزگەوتی ئەقسا قۆستووەتەوە وەک کەرەستەیەک بۆ ڕاکێشانی ئەندامی نوێ.